خەبات: ڕۆشنا عەلی:- سكۆلەرشیپ و دەرفەتەكانی خوێندن بۆ قوتابیانی كوردستان كە لە وڵاتانی دنیا ڕادەگەیەنرێت لە كوردستان بۆتە هەوێنی پارەپەیداكردن وبازرگانی لەلایەن كۆمەڵێك كۆمپانیاو پەیج وسەنتەر. سەرەتا ئۆفەر وبانگهێشتەكان سەرنجڕاكێشن ودواتر مەرجەكان قورس دەبن ، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم هەلی خوێندنە دەكرێت دەست هەموو كەس بكەون؟ ڕۆژنامەی خەبات لە لاپەڕەی پەروەردە و خوێندن ڕاپۆرتێكی لەسەر ئەم بابەتە كردووە كە ڕوونكردنەوەی پێویست بۆ ئارەزوومەندان دەخاتە ڕوو:
وەلید عەزیز عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری كۆمپانیای شانسە (chance)ئەو یەكێكە لەو قوتابیانەی لە وڵاتی پۆڵەندا خوێندنی بەكالۆریۆسی تەواوكردووەو لە وڵاتی نەرویجیش ماستەری خوێندووە ئەو كار بۆ وەرگرتنی سكۆلار شیپ بۆ قوتابییان دەكات لە ڕێگای كۆمپانیاكەی،لە وەڵامی پرسیارێكی ئێمەدا ئایا سكۆلارشیپ چییەوئامانجی چییە بۆ خەبات گوتی: لە ڕاستیدا سكۆلار شیپ بەخشیش یان یارمەتی داراییە لەسەر بنەمای کێبڕکێی ئەکادیمی دەدرێتە قوتابیان لە ئاستی خوێندنی باڵادا. چەندین جۆری هەیە و مەبەستی جیاوازیشیان لە پشتە. بۆ نموونە سکۆلارشیپەکانی وەک چیڤنین و فولبرایت جگە لە دروستکردنی سەرکردە (ئەوەی خۆیان ناوی دەبەن) بە بۆچوونی من ئامانجی لەوە گەورەتریان مارکێتینە. ساڵانە لە ڕێگەی پشتگیریکردنی دە بۆ پانزە قوتابییەوە چیڤنین هەموو دەرچوانی زانکۆکانی عێراق بەئاگا دەهێنێ لە کۆی پڕۆسەی خوێندن لە وڵاتی بەریتانیا، بێگومان هەمان شت بۆ دەرچووانی وڵاتانی تریش ڕاستە، چونکە سکۆلارشیپەکە بۆ خەڵکی زۆربەی وڵاتان کراوەیە. چی لەمە هەرزانترە لە ڕوانگەی بە بازارکردنەوە؟ بەڵام سکۆلارشیپەکانی وەک حکوومەتی تورکیا و ڕۆمانیا ڕەنگە زیاتر ئامانجیان زیندووڕاگرتنی کلتور و زمان بێت کە ناچارت دەکەن ساڵی یەکەم زمان وکلتوری وڵاتەکەیان فێرببیت پاشان دەست بکەیت بە خوێندنی ئەکادیمی. لە لایەکیترەوە سکۆلارسیپەکانی ناو یەکێتی ئەوروپا وەک ئیراسمەس زیاتر مەبەستیان تێکەڵکردن و بەئاگاهێنانەوەی گەنجانی ئەوروپایە کە ئاشنای جیاوازیە کلتورییەکان ببن و ئەو ناکۆکی و شەڕانەی لە ڕابردوو هەیانبووە لەبیریبکەن و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ وڵاتانیتری ناو یەکێتی ئەوروپا بەهێزبێت.
زانا جەمیل مەحمود لە كۆمپانیای كوردلینگۆكەلە بواری خستنە ڕووی ئۆفەری خوێندن و بەردەستخستنی زانیارییەكانی بۆ قوتابییان كاردەكات لەبارەی راستی و دروستی ئەم سكۆلەرشیپانە بۆخەبات گوتی: ڕاستی و دروستی سکۆڵەرشیپەکان کەوتۆتەوە سەر ئەو شوێنەی کە بڵاوی کردۆتەوە. بێگومان دەیان دەرفەتی سکۆڵەرشیپ لە دنیادا هەیە وە بۆ پشت ڕاستکردنەوەی سکۆڵەرشیپەکە و پێداویستەکانی باشتر وایە قوتابیان خۆیان سێرچی بۆ بکەن و ڕاستەوخۆ وێبسایتی زانکۆکان چێک بکەن.
*دەربارەی ئەوانەی كە ئایا كێن شانسی وەرگرتنیان لەهەر یەكیك لەو سكۆلەر شیپانەی باس كرد پێدەدرێت؟ هەر یەکێک لەم سکۆلارشیپانە ژمارەی کورسییەکانییان زۆر کەمترە لە ژمارەی پێشکەشکاران. بۆ نموونە ساڵانە نزیکەی ٦٠.٠٠٠ قوتابی لە سەرانسەری جیهانەوە پێشکەشی سکۆلارشیپی چیڤنین دەکەن بەڵام ژمارەی وەرگیراوان نزیکەی ١.٥٠٠ کەسە. ئەمە دەکاتە ٢.٥% بەڵام دڵنیام لە عێراق ڕێژەکە کەمترە. ئەوەی من ئاگادارم ساڵانە کورسیەکانی عێراق لە نێوان ٥-١٥ کورسیدایە. با نمونەیەکیتر بهێنینەوە، سکۆلارشیپی ستیپێندیەم هەنگاریا ساڵانە ١٠قوتابی ماستەر و ٢٠قوتابی دکتۆرا وەرگرێت لە هەرێمی کوردستاندا ،بەڵام هەزار کەس پێشکەشیدەکەن. لە ئێستەدا زۆربەی سکۆلارشیپەکان بەم جۆرەن و ئاستی کێبڕکێ یەکجار بەرزە تیایاندا.
*كەواتە ئەمانە تەنها جۆریكن لە كێبڕكێ و كەمترین دەرفەتە بەبۆچوونی ئێوە ئارەزوومەندی ئەم جۆرە خوێندنە دەتوانێت چی بكات بۆ ئەوەی وەربگیریت؟ لەمبارەیەوە وەلید گوتی:بێگومان پێشنیاری من بۆ زۆربەی ئەوانەیپەیوەندیمان پێوە دەكەن پێشترو ئێستاش ئەوەیە کە پێشکەشی هەر سکۆلارشیپێک بکەن کە مەرجەکانیان تێدایە، بەڵام زۆر هیوای پیادا هەڵنەواسن. ڕەنگە ئەم قسەیەم بۆ زۆر کەس خۆشنەبێ و تاڕادەیەک بێهیواییش بێت ،بەڵام ڕاستییە. کاتێک دەبینی هەموو مەرجەکانت تێدایە و دەبیتە یەکێک لەو هەزاران کەسەی وەک تۆ مەرجەکانیان تێدایە و ئەکرێ یەکێکتان وەربگیرێن. بۆ ئەوەی لە قۆناغی سەرەتایی پڕۆسەی وەرگرتندا بمێنیتەوە دەبێت هەموو مەرجەکانت تێدابێت کە سکۆلارشیپەکە ئاماژەی پێکردووە ،بەڵام قۆناغی دواتر دەبێتە کێبڕکێی نێوان ماوەکان.
هەر لەمبارەیەوە زانا جەمیل گوتی: وەرگرتنی سکۆڵەرشیپ پێوستی بە شارەزایی هەیە و کەوتۆتەوە سەر ئاستی ئەکادیمی و زمانەوانی ئەو کەسەی کە داواکاری پێشکەش دەکات. هەموو کەسێک دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات ڕاستەوخۆ . هەندێک کەس هەیە کە لەبەر نەبوونی کات لە ڕێگەی کۆمپانیاوە داواکاری پێشکەش دەکات یاخود چەندین جار داواکاریان پێشکەش کردووە و ڕەفزیان وەرگرتووە. لەبەر ئەوەی سەرباری ناردنی زانیاریەکان نەیانزانیوە چۆن لە چاوپێکەوتنەکەدا وەڵام بدەنەوە.بەمەش دەرفەتەکەیان لەدەستداوە.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بە گشتی مەرجەكانی چین؟ بۆ هەروڵاتێك تا وڵاتێكی تر مەرجەكان دەگۆڕێن؟ یان گشتییە وكەسێك دەبێت كۆمەڵێك مەرجی تێدا بێت بۆ یەكێك لەو دەرفەتانە بگونجێت؟ وەلید عەزیز لەمبارەیەوە گوتی:بە گشتی هەر سکۆلارشیپێک کۆمەڵێک مەرجی هەیە کە خۆیان دەبیننەوە لە نمرە، زمان، پسپۆڕی، تەمەن، و ئەزموونی کار. کاتێک كەسێك پێشکەشی سکۆلارشیپ دەکات پێویستە مەرجەکان بخوێنێتەوە بزانێت لە هەمووی دەردەچیت، ئەگەر دەرنەچوو کاتی خۆی نەکوژێت وازیلێبهێنێت باشترە. ئەگەر ئاماژە بە شتێیەک نەکرابوو بەدوای نەگەڕێ باشترە، واتە گرنگ نییە. هەندێ داواكاری هەبێت لە سكۆلار شیپەكە،بەڵام مەرجی سەرەكی نەبێت، ئەوە خاڵی گرنگە بۆ قۆناغەکانی دواتر ،بەڵام بێئەوەش ئەکرێ پێشکەشی بکات .ژمارەی کورسی زۆر کەمە و کێبڕکێ بەرزە، گرنگی بە دابەشکردنی کورسیەکان بەسەر بەشەکاندا دەدرێت، هەندێکجار تەنانەت بەسەر نێر و مێشدا. مەسەلەکە لەوە ئاڵۆزترە کە بە فاکتەرێک یان دووان لێکیبدەیتەوە.
*دەربارەی ئەوەی كە زۆرێك لە كۆمپانیاكان لە سۆشیاڵ میدیاوە كارەكە ئاسان و بە دەرفەتێكی زۆركراوە پیشانی قوتابی دەدەن ،بەڵام دوای پەیوەندیكردن دەبینی داوای پارەی پێشەكی دەكەن لە كاتێكدا سكۆلار شیپ دەرفەتی بیبەرامبەرە؟لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری كۆمپاینیای چانس گوتی: کۆمپانیاكان نان و پیاز بە سکۆلارشیپەوە دەخۆن، وا ئاسانییان کردووە لەگەڵ یەكەم سەردانت دەڵێن تۆ وەرگیراویت.. هەندێک کۆمپانیا ناوت دەنوسن و پاش چەند ڕۆژێک تەلەفۆنت بۆ دەکەنەوە بە پیرۆزباییەوە. هەندێکیش ئەڵێن ئێمە کورسیمان لە فڵان سکۆلارشیپ و فڵان زانکۆ هەیە.
هەر لەمبارەیەوە زانا جەمیل لە كۆمپانیای كوردلینگۆ ئاماژەی بەوەدا كەئەوان هیچ بڕە پارەیەك لە كەس وەرناگرن بۆ بەڵێنپیدانی وەرگرتنی ئۆفەری خوێندن تەنها زانیاری و ڕێنوێنی ڤیدیۆیی بڵاو دەكەنەوە ئەو بۆ خەبات گوتی:کوردلینگۆ هەموو ڕێوشوێنێکی گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی قوتابییان فێربکات چۆن خۆیان بتوانن سکۆڵەرشیپ وەرگرن لە رێی کۆرس و ڤیدیۆی تۆمارکراو و سۆشاڵ میدیاکانی. دواجار هەندێک کۆمپانیا لەوانەیە بە پارەیەکی زۆر قبوڵ و دەرفەتی خوێندن وەربگرێت ، لەلایەکی تریشەوە قوتابییانیش جاری وا هەیە متمانەیان بە کۆمپانیاکان نییە بۆ ئەوەی کە پارەیان پێ بدەن. بە هۆی نەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتوو هەردوولایەن کێشەیان بۆ دروست دەبێت. کوردلینگۆ کۆمپانیایەک نییە کە داواکاری بۆ قوتابییان پێشکەش بکات بگرە بەردەوام لە سۆشاڵ میدیاکانمان قوتابییان ئاگادار دەکەینەوە کە هیچ بڕ پارەیەک نەدەن بە داواکاری پێشکەش کردن و خۆیان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.
*هەندێك لە سكۆلەر شیپەكان دەڵێن بۆ قوتابی نێودەوڵەتی واتە ئەوانەی لە قوتابخانەیەكی ئاسایی حكومی دەخوێنن دەرفەتیان نابێت ؟ئەوەی بە ناوی وشەی نێودەوڵەتیەوە دەگوترێت تەنیا بازرگانی دەكات وهیچیتر. ئەوەی گرنگە پۆلی دوانزە (بۆ بەکالۆریۆس) یان بەکالۆریۆس (بۆ ماستەر)هەبێت لەگەڵ زمانی ئینگلیزیدا بۆ وەرگرتن. زانکۆی نێودەوڵەتی و خوێندنگهی نێودەوڵەتی و پڕۆگرامی نێودەوڵەتی هیچ ڕۆڵێکیان نییە شایەنی باسبێت. زۆر

بەکورتی ئەگەر بەدەست من بێت وشەی نێودەوڵەتی لە فەرهەنگی پەروەردەو خوێندندا دەسڕمەوە.
*دەربارەی زمانی خوێندن زۆر جار زمانی ئینگلیزی بە وتەی هەندێك تێچووی خوێندنی زیاترە ئەگەر دەرەوەی سكولار شیپ بێت هۆكارەكەی چییە؟ لەمبارەیەوە وەلید بۆ خەبات گوتی:بە گشتی لە هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو خوێندن بە زمانی ئینگلیزی هەیە لەگەڵ زمانی خۆیان. بۆ نموونە لە ئەڵمانیا دەکرێ بە ئینگلیزی یان ئەڵمانی بخوێنیت. لە ئاستی بەکالۆریۆس بێگومان بەشێکی زۆر لە پڕۆگرامەکان بە زمانی ئەڵمانین، بەڵام کە هاتە سەر ماستەر و دکتۆرا هاوکێشەکە دەگۆڕێت وبەشێکی زۆر لە پڕۆگرامەکان بە زمانی ئینگلیزی بەردەستن. بە نزیکەی ئەم هاوکێشەیە لە هەموو وڵاتانیتریش ڕاستە.هەرلەمبارەیەوە زانا جەمیل مەحمود بۆ خەبات دەربارەی زمانی خوێندن گوتی: بە گشتی زۆربەی زانکۆکان داوای ئایلتس و تۆفڵ دەکەن. بەڵام دواجار هەندێک زانکۆ تەنها بە مقابەلەیەک قوتابی وەردەگرێت و ئاستی زمانت هەڵدەسەنگێنێت زمانی ئینگلیزی سکۆڵەشیپی هەموو وڵاتەکانی پێ وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر زمانی ئینگلیزی نەزانیت پێویستە ئاستی سێ یان چواری زمانی ئەو وڵاتەت هەبێت کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەیت.
*دەربارەی ئەو وڵاتانەی دەرفەتی كراوەترەو خواستی زیاترەكامانەن وەلید گوتی:لە ئێستەدا لای ئێمە ئەڵمانیا زۆرترین خواستی لەسەرە. هۆکارەکان زۆرن، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە کە خوێندن لە زانکۆ حکومییەکانی ئەڵمانیا بێبەرامبەرە. ئەمە بۆ هەموو خەڵکی دنیا وایە نەک تەنیا بۆ خەڵکی ئەڵمانیا و ئەوروپا. هۆکارێکیتر ئەوەیە کە ئەڵمانیا وڵاتێکی گەورەیە و ئابوورییەکی بەهێزی هەیە، خەڵک دەیانەوێ پاش خوێندن لەوێ کاربکەن و بمێننەوە و ببنە خاوەی ئیقامە و پاسپۆرت. ئەکرێ بڵێین هۆکارێکیتریش زۆری کوردە لە ئەڵمانیا، ئەمە وادەکات چون بۆ لای هاوڕێ و کەسوکار یان یەکگرتنەوەی خێزان ئاسانبێت.
*لەڕێگای كۆمپانیاكەی ئێوەو ڕێژەی قوتابی چەندە كە گەشتووە بە خوێندنی دڵخوازو ویبەرامبەری خۆی ئێوە چییان بۆ دەكەن؟ وەلید لە كۆمپانیای چانس گوتی:ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا کارمان بۆ سەدان خوێندکار کردووە کە ئێستە لە زانکۆکانی ئەوروپا خەریکی خوێندنن یان خوێندنیان تەواوکردووە و خەریکی کارن. ئەوەی جێی دڵخۆشییە لە پەیوەندیەکی بەهێزداین لەگەڵیان و بەپێی توانا چارەسەری کێشەکانیان دەکەین. زۆرترین قوتابییهكانمان ئێستا لە ئەڵمانیان، پاشان پۆڵەندا، هەنگاریا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، پورتوگال، چیک، بەلجیکا، و ڕۆمانیا.،بەڵام نابێ بە خواستی زۆرینە تێبکەوین. بە ڕەچاوکردنی توانای ماددی، ئاستی خوێندن، پسپۆڕی، نمرە، ئاستی زمان، و ئامانجی کەسەکە دەکرێ وڵاتی گونجاو دیاریبکرێت.