سهرهتا وتار نەوتی كوردستان لە نێوان بۆشایی یاسایی و لێكتێگەیشتنە كاتییەكاندا
د.حەمدی شنگالی*
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ڕاوەستانی زۆرەملێ، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە ڕۆژەڤی وزەی خستەوە پێشەوەی مشتومڕە سیاسی و ئابوورییەكان لە عێراقدا. بەڵام ئەم گەڕانەوەیە، كە بە كردەنی لە 27ـی ئەیلوولی 2025ـەوە دەستی پێ كرد، بەرهەمی چارەسەرێكی دامەزراوەیی بەردەوام نەبوو، بەقەد ئەوەی ئەنجامی لێكتێگەیشتنی قۆناغبەند بوو، كە گوشارە داراییە خنكێنەرەكان و لێكدانەوە سیاسییە دواخراوەكان سەپاندیان، ئەوەش لە سایەی بەردەوامیی ئەو بۆشایی یاسایییە بوو، كە نزیكەی دوو دەیەیە كەرتی نەوتی گەمارۆ داوە. ئامارە بڵاوكراوە فەرمییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەریدەخەن، تێكڕای ڕۆژانەی ئێستای هەناردەی نەوتی هەرێم، لە 200 هەزار بۆشكە (بەرمیل) كەمتر نییە، كۆی هەناردەی مانگی تشرینی یەكەمیش، نزیكەی شەش ملیۆن بۆشكە بووە.
هەرچەندە ئەم ئامارانە، ڕەنگدانەوەی گەڕانەوەی پلەبەندیی سیستەمی هەناردەكردنەوەن، بەڵام هێشتا لە خوار ئەو بنمیچەن، كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی كاتی نەوتدا، بەغدا و هەولێر لەسەری ڕێككەوتوون، ئەمەش لاوازی ڕێكخستنی ئێستا و خەسڵەتە گواستنەوەییەكەی نیشان دەدات، زیاتر لەوەی ڕەنگدانەوەی سەقامگیرییەكی ڕاستەقینە بێت، لە بەڕێوەبردنی كەرتەكەدا. بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە، وا بڕیارە هەناردەكردن بگاتە 230 هەزار بۆشكە لە ڕۆژێكدا، ئەمەش ئەو ئاستەیە، كە خەمڵاندنە هونەرییەكانی دەرچوو لەلایەن شارەزایانی كەرتی نەوتەوە، دووپاتی دەكەنەوە، كە دەكرێت تێپەڕێندرێت، بەو مەرجەی كارەكانی شیاندنەوەی ئەو چاڵانە تەواو بكرێن، كە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو بوو وەستابوون. ڕاپۆرتە هونەرییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكەن، ماوەی درێژی ڕاوەستانەكە، زیانی ڕاستەوخۆی بە سیستەمەكانی بەرهەمهێنان و پاڵنان گەیاندووە، وێڕای ئەو زیانانەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانەوە بەر هەندێك چاڵە نەوت كەوتوون، ئەوەش تێچووی گەڕانەوەی بۆ كاركردنی ئاسایی زیاتر كردووە و خستوویەتییە ژێر لێكدانەوە تەناهی و ئابوورییە ئاڵۆزەكانەوە.
جێگەی سەرنجە كە ڕێككەوتنی ئێستا، بەپێی ئەوەی حكوومەتی فیدراڵ ڕایگەیاندووە، لە ڕووی كاتەوە تەنیا بۆ سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2025، لەگەڵ هەوڵێك بۆ درێژكردنەوەی بە شێوەیەكی كاتیی، تاكوو یاسای نەوت و گاز هاوكات لەگەڵ یاسای بودجەی گشتی دەردەچێت. ئەم ڕێڕەوە هەمان ئەو ڕێچكەیە بەرهەم دەهێنێتەوە، كە لە ساڵی 2003ـەوە، بووەتە شەقلی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق: چارەسەری كاتیی، كە قەیرانەكان لەبری هەڵوەشاندنەوەیان ئاودیو دەكات، لەگەڵ لێكتێگەیشتنی سیاسیی، كە چارەسەری ئەنجامەكان دەكات، بێ ئەوەی لە ڕەگ و ڕیشە بنەڕەتییەكانی قەیرانەكە نزیك ببێتەوە. لە ڕۆژەڤی تێچووی بەرهەمهێناندا، بنمیچێكی كاتیی دیاریكراوە، كە بڕەكەی 16 دۆلارە بۆ هەر بۆشكەێك، وەكوو كرێی شایستەی ئەو كۆمپانیایانەی كە لە هەرێم كار دەكەن، ئەمەش پشت بەو هەموارە لە یاسای بودجەی فیدراڵی ژمارە (13)ی ساڵی 2023 دەبەستێت. كەچی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە هەنگاوێكدا كە ئاماژەی سیاسی و تەكنیكی هەڵگرتووە، ڕایگەیاند، گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی شارەزا، بۆ خەمڵاندنی تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان بۆ هەر چاڵێك بە جیا كردووە، بەمەرجێك دواتر جیاوازییەكان بدرێن، ئەگەر سەلمێنرا كەوا تێچووی ڕاستەقینە لەو بنمیچە زیاترە، كە دیاریكراوە. ئەم ڕێكارە گوزارشت لە دانپێدانانێكی ناڕاستەوخۆی ئاڵۆزی ڕۆژەڤەكە دەكات، هەوڵێكی دواكەوتوویشە، بۆ كەمكردنەوەی كەلێنی ئەو گومانە كەڵەكەبووەی، كە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمدا دروست بووە.
سەبارەت بە بازاڕكردنی نەوتیش، لەو كاتەوەی هەناردەكردن دەستی پێ كردووەتەوە، بەتەواوی بۆ كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گواستراوەتەوە. ئامارە بڵاوكراوەكانی مانگانەی لەسەر ماڵپەڕی فەرمی كۆمپانیاكەیش، ئاماژە بەوە دەكەن، تێكڕای نرخی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی ڕابردوودا، نزیكەی 63 دۆلار بووە بۆ هەر بۆشكەیەك، جیاوازی ئاساییش لە نێوان خاوی كەركوك و خاوی بەسڕەی سووك و ناوەڕاستدا هەبووە. ئەم ڕێڕەوە ڕاستەوخۆ بە ڕۆژەڤی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە، چونكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، مەرجی وەرگرتنی ڕاپۆرتی مانگانەی وردی هەناردە و داهاتی داناوە. بەپێی ئەوەی (سۆمۆ) بڵاوی دەكاتەوە، ئەم ڕاپۆرتانە بە شێوەیەكی خولی و ئاشكرا دەردەچن و بە فەرمی بۆ وەزارەتی دارایی دەنێردرێن، واتە كرۆكی كێشەكە لە نەبوونی ئامارەكاندا نییە، بەقەد ئەوەی، لە میكانیزمەكانی جێبەجێكردن و سروشتی بڕیاری سیاسیدایە.
لە پاشخانی ئەم دیمەنە ئاڵۆزەدا، یاسای نەوت و گاز كە لە ساڵی 2007ـەوە دواخراوە، بە دیارترین ناونیشانی قەیرانەكە دەمێنێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەكانی پەرلەمانەوە، دوایین ڕەشنووس كە لە ساڵی 2024دا پێشكەش كراوە، سازانی سیاسی تەواوی لەسەر نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی دەرچوواندنی یاساكە، بە شایستەیەكی دەستووریی ڕاستەوخۆ، بۆ جێبەجێكردنی ماددەكانی (111) و (112)ی دەستووری عێراق و ڕێكخستنی پەیوەندی نێوان حكوومەتی فیدراڵ، هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان لەسەر بنەمایەكی ڕوون و جێگیر، دوور لە لۆژیكی سازانە كاتییەكان دادەنرێت.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەم پێشهاتانە لەگەڵ ڕەوتی نرخەكانی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا، یەك ناگرنەوە. ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی (ئۆپێك) و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ئاماژە بەوە دەكەن، تێكڕای نرخەكانی نەوت لە ساڵی 2025دا، لە دەوروبەری 60 دۆلار بووە، پێشبینیش دەكرێت لە ساڵی 2026دا كەمێك دابەزێت و لە نێوان 55 و 60 دۆلار بێت، ئەمەش بەهۆی زۆریی خستنەڕووی جیهانییەوە دەبێت، نەخاسمە لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە ئەندامی(ئۆپێك) نین، ئەم مژارەیش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر هەر ڕێكخستنێكی دارایی لاواز، كە لە ڕووی یاساییەوە پارێزراو نەبێت.
سەبارەت بە پڕۆژەكانی هێڵی جێگرەوەی هەناردەكردنیش، وەكوو هێڵی كەركوك-بانیاس، داباشە هونەرییەكانی دەرچوو لەلایەن شارەزایان لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەو هێڵە زیاتر لە چوار دەیەیە ڕاوەستاوە و بە كردەنی لە كاركەوتووە، تێچووی دروستكردنی هێڵێكی نوێش لە نێوان 8 بۆ 10 ملیار دۆلار دایە، كە لەبەر هەبوونی هێڵی كەركوك- جەیهان، سوودێكی ئابووری ڕاستەقینەی نابێت، چونكە ئەو هێڵە ڕۆژانە توانای گواستنەوەی یەك ملیۆن بۆشكەی هەیە.
سەبارەت بە گرێبەستی پەرەپێدانی چاڵە نەوتی كەركوكیش لەگەڵ كۆمپانیای (بی پی)، بەڵگەنامە فەرمییەكانی وەزارەتی نەوت نیشانی دەدەن، گرێبەستەكە لە بنەڕەتەوە بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە، لە ساڵانی 2020 و 2024یشدا، هەموار كراوەتەوە. بەڵام شارەزایانی یاسایی، بەپشت بەستن بە ماددەی 140ی دەستوور، جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم، لە هەر پڕۆژەیەك دەكەنەوە، كە بكەوێتە ناوچە جێناكۆكەكانەوە، بە جۆرێك كە لەگەڵ چوارچێوەی دەستووری هاوئاهەنگ بێت، ڕێگەش لە بەرهەمهێنانی ناكۆكی نوێ، لەژێر پەردەی وەبەرهێنانەوە بگرێت.
لە كۆتاییدا، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەریدەخات، قەیرانەكە قەیرانی بەرهەمهێنان یان بەبازاڕیكردن نییە، بەڵكوو قەیرانی بەڕێوەبردن، یاسادانان و ویستی سیاسییە. لە كاتێكدا دەوڵەتی عێراق، لەسەر بەڕێوەبردنی یەكێك لە گرنگترین كەرتە سەروەرییەكانی، لە ڕێگەی ڕێككەوتنی كاتی و بودجەی مەرجدارەوە بەردەوامە، پرسیارێكی كرۆكیی بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە: ئایا نەوت لە ئامرازێكی ململانێی سیاسییەوە، بۆ كۆڵەگەیەكی هاوبەشی دەستووریی ڕاستەقینە دەگۆڕێت؟ تاكوو ئێستا، وەڵامەكە هەر دواخراوە، چاوەڕێی یاسایەك دەكات، كە نزیكەی دوو دەیەیە هێشتا ڕووناكی نەبینیووە.
* جێگری بهڕێوهبهری كۆمپانیای بهبازاڕكردنی نهوتی عێراق (سۆمۆ)
و: ڕەمزی میرەكانی