هاوپەیمانێتی لە دژی کوردبوون

252

چیا هەركی
هەموو هاوپەیمانیەتێکی سیاسی لە نێوان دوو بەرەی جیاوازدا، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی دوو لایەنە دەکرێت. بۆیە ئاساییە بە مەرجی ڕێزگرتن لە ئیرادە و بەرژەوەندیی دوو لایەنە، لایەنی سیاسیی کوردی و عەرەبی لە پەرلەمانی عێراقدا هاوپەیمانێتی بکەن، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، ئەوەیە هێزگەلی کوردی بۆ لێدان لە بەرژەوەندیی کورد، لەگەڵ هێزگەلی عەرەبی بچنە ناو هاوپەیمانێتییەک لە دژی هێزێکی کوردی، کە نوێنەرایەتیی ئیرادەی کوردی و کوردستانی دەکات و ئەمەش وەک مافی دیموکراسی و دەستووری بە شەقامی کوردستانی بفرۆشنەوە.

بەدڵنیاییەوە مافی هەموو کوردێکە کە چاوی لە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بێت کە پشکی کوردە، بەڵام لەسەر حیسابی پێشێلکردنی بەرژەوەندیی کوردی و خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی پان عەرەبیزمی دژە کورد و کوردستانی نا! ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق لە دژی پارتی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای کوردستان و ئیرادە و مافی کوردستانیان کرا، هاوپەیمانیەتێکی ئاشکرا بوو لە دژی کوردستان و کوردبوون، هەڵگەڕانەوەی ڕێوی گەڕ بوو لە کونی خۆی، بەڵگەی ئەوپەڕی بێ مۆراڵی سیاسی و هەڵوێستی نانیشتمانییانەی هەندێک کەس و هێزی سیاسیی کوردستان بوو، کە تەنیا بۆ ئەوەی لە دژایەتیکردنیان بۆ پارتی سەرکەون، ئامادەی هەموو سازش و سەرکزییەکن بۆ هێزە سووننی و شیعییە دژە کورد و کوردستانییەکان.

ڕاستییەکەی، منداڵێکیش دەزانێت، هێزێکی تازە پیاکەوتووی کوردی کە سەرما و گەرمای کوردایەتیان نەچەشتووە، بە چوار کورسییەوە هێزی ئەوەی نییە لەگەڵ حیزبێک کە نوێنەرایەتیی دەنگ و ئیرادەی یەک ملیۆن کوردستانیی بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانییانەوە دەکات، بچێتە ناو ململانێیەک، ئەگەر لە بنەڕەتدا لە لایەن هێزگەلی عەرەبیی دژە کوردەوە، نەکرابێتە دەسکەلا و شەڕی بە وەکالەتی پێ نەکەن.

هاوپەیمانێتیی ژێربەژێر و گوماناویی هێزگەلی دۆڕاوی سووننی عەرەبی لە گەمەی بردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و هێزگەلی شیعیی عەرەبیی تاسەرئێسقان دژە کورد و لەگەڵیاندا هێزگەلی کوردی ئەندازیاری ڕادەستکردنەوەی سەتا پەنجا و یەکی خاکی کوردستان بە عێراقی میلیشیا و پشتیوانیکردنیان لە گرووپێکی کوردیی چوار کەسیی هەلپەرست کە دووانیان دەمێکە قاڵبووی ناو ئەزموونی کەواسووری بەر لەشکری دژە کوردی و کوردستانین، ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو نەبوو، بەڵام بەم سیناریۆیە منداڵانەیە نا!