د. عادل سەدیق: بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك شوێنێكی كه‌له‌پووریی بمێنێته‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ بپارێزرێ

خەبات: عامر فەرحان:- گەڕەکی جووەكان یەکێکە لەگەڕەکە کۆن و مێژووییەکانی هەڵەبجە، ئەم گەڕەکە لەساڵانی ڕابردوودا شوێنی نیشتەجێبون و چالاکی کۆمەڵایەتی و بازرگانی جووەكان بووە، ئێستاش گەڕەکی جووەكان بەشێکی زۆر لە خانووەکان و کۆڵانەکانی وەک خۆی ماوەتەوە، وەک ناوچەیەکی کەلەپووری سەیر دەکرێت، مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجەش ئاماژە بەوە دەکات هاوشانی جووەکان موسڵمانانی هەڵەبجەش لەگەڕەکی جووەكاندا نیشتەجێ ببوون.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عادل سەدیق عەلی مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا تایبەت بەخەباتی ڕاگەیاند: بەدرێژایی مێژوو یەكێك لە خاڵە جوانەکانی هەڵەبجە ئەوەیە هەمیشە جێگای پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بووە، مێژووی جووەكانیش لە هەڵەبجە دەگەڕێتەوە بۆ 200 ساڵ پێش ئێستا، کاتێک گەڕەکی پیر محەمەد دروست دەکرێت، گەڕەکی جووەكانیش لەبەشی ڕۆژهەڵاتییەوە دروست دەبێت و جووەکانی تێدا نیشتەجێدەبێت، دەبن بەدووهەمین نەتەوەو ئاین لەوکاتەدا، لەگەڵ موسڵمانەکاندا دەژین.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: جولەکاکانی دانیشتووی هەڵەبجە جیاواز لە دانیشتوانی دیكەی شارەکە کاری کشتوکاڵ و مەڕداری و باخداریان نەکردووە، بەڵکو کاری زەڕەنگەری و کوتاڵفرۆشی و سەڕافی و بازرگانیانکردووە، زیاتر ئەو کارانەیان کردووە کە پارەکەی حازر بەدەستە، قازانج و زەرەری خۆیان زانیووە.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عادل سەدیق عەلی مامۆستای مێژوو لەزانکۆی هەڵەبجە ئەوەشی بۆ خەبات ڕوونکردەوە: یەکێک لەتایبەتمەندییەکانی گەڕەکی جووەكان لە هەڵەبجە ئەوەیە لەهەمانکاتدا موسڵمانان هاوشانی جووەكان لەو گەڕەکەدا نیشتەجێ بوون، مزگەوتی تێدابووە لەگەڵ پەرستگای جووەكان کەتەنیا 40 مەتر لەیەکترەوە دووربوون، بەڵام تێکەڵاوی و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتر هەبووە و ڕۆحیەتێکی بەهێزی پێکەوەژیان لەنێوانیاندا هەبووە، دەشڵێت: ئێستا گەڕەکی جووەكانی هەڵەبجە بەپێی بڕیارێکی یونسکۆ وەک گەڕەکێکی کەلەپووری ناسراوە، بەداخەوە بەشێکی زۆری خانوەکانی دەستکاری کراوە یان ڕووخێنراوە، چەند خانوویەکیان وەک خۆی ماوەتەوەو دەستکاری نەکراوە، لەهەمانکاتدا گۆڕستانی تایبەت بەخۆیان هەبووە و جیاوازبووە لەگۆڕستانی موسڵمانان کەلەگەڕەکی مۆردانەبووەبەڵام بەژداری پرسەی یەکتریان کردووە، قەسابی تایبەت بەخۆیان هەبووە، جەژنی تایبەتیان هەبووە کە موسڵمانەکانیش بەشداربوون لەگەڵیان.

ڕوونیشی کردەوە: جووەكان لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیداو لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەنیا لە سلێمانی و هەڵەبجە پەرستگایان هەبووە، دوای گەڕانەوەیەیان پەرستگای جولەکاکانی هەڵەبجە لەساڵی 1950 لەلایەن مامۆستا عومەر مەلا عەبدولعەزیزی پریسی بەبڕی 55 دیناری ئەوکاتە دەیکڕێتەوە لەوەزارەتی ئەوقافی عێراق و لەجێگاکەیدا مزگەوتی ئەحمەدی دروست دەکات کە تائێستاش ئەو مزگەوتە هەرماوە.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عادل سدی عەلی ئەوەشی بەخەبات ڕاگەیاند: دوای دروستبونی دەوڵەتی ئیسڕائیل لەساڵی 1948 هاوشێوەی جووەكانی جیهان، جووەكانی هەڵەبجەش گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل، بەپێی قۆناخەکان موسڵمانان لەشوێنەکانیاندا نیشتەجێ بوون، بەڵام بەداخەوە لەئیستادا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکەوە هیچ بڕیارو ڕێنمایەک نییە بۆ پاراستنی ئەم گەڕەکە کەلەپووریەی هەڵەبجە کە نیشانەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە لەڕابروو تا بەئێستاش دەگات.