هەرێمی کوردستان؛ وەستان لەسەر عەقڵانییەت و خۆڕاگری لە نێو زریانی ناوچەیی دا

141

موحسین خالیدی (کاکەلاو)
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ڕۆژانە قەیرانێکی نوێ سەرهەڵدەدات، سەقامگیری بووەتە ئاواتێکی دەگمەن و بەنرخ. لە جوگرافیایەکی ئاوا ناسەقامگیردا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی پشتبەستوو بە عەقڵانییەتی سیاسی و بڕیاردانی بەرپرسیارانە و دوورکەوتنەوە لە سەرکێشی، پێگەیەکی جیاواز و ڕێزلێگیراو بۆ خۆی دابڕێژێت. لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمەریکی لەوانە تۆم باراک و ساڤایا لەم ماوەیەدا، ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە لەهەرێمی کوردستان دەبینرێت، دەبیسترێت و بە ئەکتەرێکی جێگیر دادەنرێت. ئەم سەرنجە بەڕێکەوت نییە. ئەمە دەرئەنجامی چەندین ساڵ سیاسەتی پێوانەکراو، وەستانەوە دژی توندڕەوی و هەڵبژاردنی ڕێگای دیالۆگ بەسەر گرژییەکاندایە، ئەو ڕێگایەی کە پارتی هەر لە سەرەتاوە پشتیوانی لێکردووە.

هەرێمی کوردستان؛ ئەزموونێکی جیاواز لە عێراقی قەیراناویدا
لە کاتێکدا هێشتا بەشێکی زۆری عێراق بەدەست نائارامی و بنبەستی سیاسی و قەیرانی متمانەوە دەناڵێنێت، هەرێمی کوردستان توانیویەتی ئاسایش و پێکەوەژیان و هیوا بۆ داهاتوو بپارێزێت. ئەم دەستکەوتانە نە بە ئاسانی و نە بە تێچوونێکی کەم بەدەستهاتوون، بەڵکو لە پێناویاندا پێشمەرگە خوێنی بەخشیوە و خەڵکی مەدەنیش خۆراگریی نواندووە. پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بە داعش وەستا و خەڵکی هەرێمیش باجی قورسی شەڕ و گوشاری ئابوورییان داوە و سەرکردایەتی سیاسیش (بەتایبەتی پارتی) باری بڕیارە قورسەکانی لە ئەستۆ گرتووە. ئەمڕۆ کە بەرپرسانی ئەمەریکا باس لە ڕۆڵی هەرێم دەکەن، لەڕاستیدا دان بەوەدا دەنێن کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەچارەسەر نەک بەشێک لە کێشەکە.

پەیامی واشنتۆن؛ متمانەیە به ڕێبازی هەرێمی کوردستان
لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمەریکا پەیامێکی ڕوون هەڵدەگرن کە هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکراو دەناسرێت، بەڵام ئەم هاوبەشییە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی و یەکڕیزیی ناوخۆیی و بەردەوامیی چاکسازی دامەزراوە. ئەم پەیامە نە گوشارە و نە ئاگادارکردنەوە، بەڵکو نیشانەی متمانەیە بە پێگەیشتنی سیاسیی هەرێم. ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درکیان بەوە کردووە کە بە پێچەوانەی زۆرێک لە ئەکتەرە ناوچەییەکان، سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هەست و سۆزێکی کاتی بڕیار نادات، بەڵکو بە وردی و ژیری لە داهاتوو دەڕوانێت.

پارتی؛ کۆڵەکەی عەقڵانییەتی سیاسییە
بە وردبوونەوە لە سیاسەتی ئێستای هەرێمی کوردستان، نکۆڵی لە ڕۆڵی سەرەکیی پارتی ناکرێت. ئەم پارتە تەنها بزووتنەوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو هەڵگری گوتاری حوکمڕانییە. گوتارێک لەسەر بنەمای سەقامگیری، دیالۆگ، گەشەپێدان و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردستان بونیاد نراوە.
لە کاتێکدا هەندێک دەنگ گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە وەک چارەسەر دەخەنەڕوو، پارتی هەمیشە بەو پرەنسیپە پابەند بووە کە دەستکەوتەکانی هەرێم دەبێت لەڕێی دیالۆگ و ئاشتی بپارێزرێن نەک ببنە قوربانیی دروشم.

ئەمەریکا و ڕیالیزمی ناوچەکه
لە دیمەنی سیاسیی ناوچەکەدا، هەندێک جار هەوڵدەدرێت پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ئەمەریکا، بە سۆزداری یان شێواندن وێنا بکرێت، بەڵام ڕاستییەکە ڕوونە:
هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆی و پرەنسیپەکانی سیاسەتی هاوسەنگی هێز کاردەکات نەک بە پێی فەرمانەکانی ئەوانی دیکە. هەم ئەمەریکا و هەم ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی توندڕەوی دەبینن. ئەم تێڕوانینە دەرئەنجامی هەڵسوکەوتی بەرپرسیارانەی هەرێمە نەک دەرئەنجامی سەرکێشیی سیاسی.

ئێمە ئاستەنگەکان دەبینین، بەڵام ڕێگای خۆمان ون ناکەین
بێگومان هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی ڕاستەقینە بووەتەوە و لەوانەیە لەداهاتووشدا تووشیان ببێتەوە. هەر لە گوشاری ئابووری و کێشەکانی پەیوەست بە مافەکانی فەرمانبەرانەوە تا ئاڵۆزیی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەوەی هەرێم لە زۆر ناوچەی دیکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە نکۆڵی لە کێشەکانی ناکات و لە هەمانکاتدا هیوای لە دەست نادات، چاکسازی و دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی، ئەو ئامرازانەن کە هەرێم دەتوانێت لەم قۆناغەدا بەسەریاندا زاڵ بێت، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا ئەنجامی دا.

ئەو ئایندەیەی هەڵی دەبژێرین
داهاتووی هەرێمی کوردستان پێشوەخت نەنووسراوە، بەڵکو خۆمان دایدەڕێژین. یان بە عەقڵانییەت و ئارامیی ستراتیژیی، پێگەی هەرێم لە ناوچەکەدا بەهێزدەکەین، یان بە بڕیاری بەپەلە و ناڕەزایی ناوخۆیی دەستکەوتەکانمان لاواز دەکەین. پەیامی پەرەسەندنە سیاسییەکانی ئەم دواییانە و هەڵوێستی بەرپرسانی ئەمەریکا ڕوونە: هەرێمی کوردستان کاتێک بەهێزە کە یەکگرتوو و واقیعبین و بڕیارەکانی بەرپرسیارانە بێت.

پوختە
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە سەر چوارڕیاندا نییە، بەڵکو لەسەر ڕێگایەکی ڕوون وەستاوە. ئەو ڕێگایەی کە پارتی چەندین ساڵە دایڕشتووە: ڕێڕەوی سەقامگیری، شەراکەت، عەقڵانییەت و داکۆکیکردن لەدەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بێگومان لە ئەگەری هەڵکردنی هەر ڕەشەبایەکی سیاسی، ئەگەر هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم ڕێچکەیە بمێنێتەوە، نەک هەر بەرگە دەگرێت، بەڵکو بەهێزتر و کاریگەرتر دەبێت. ئەم داهاتووە خەون نییە، بەڵکو دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ڕیگەی دروستە. ئەو رێگەیەی، پارتی و سەرۆک بارزانی پێشەوایەتی دەکەن.