بەراوردێک لە نێوان دەستکەوتەکانی حوکمڕانیی کوردستان و عێراق

116

پەرژین جەعفەر حاجی ڕۆستەم*
لە كۆڵگەی دەوڵەتدا، دەسەڵات ئاماژەیە بۆ دامەزراوەی ڕێكخەر و بەڕێوەبردنی هاووڵاتییەكانی كە توانای جێبەجێكردنی یاسا و ڕێسا ناوخۆییەكان و ڕایكردنی كاروباری دەوڵەتداری بەجێبگەیەنێت، بەتایبەتی خزمەتگوزارییەكان. لەم دەروازەییەوە دەمەوێ بە پوختەكراوی ئەو تیۆرە بخەمە چوارچێوەی دوو حكومڕانی(هەرێمی كوردستان) لە ساڵی 1992ـەوە تا 2005 و لە هەمانكاتدا حوكمڕانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە دوای 2003ـەوە.

لەڕووی داراییەوە هەرێمی كوردستان بەهیچ پێوەرێكی دارایی ناتوانرێت بەراورد بە عێراق بكرێت، چونكە زۆرینەی سەرچاوەی سامانە سرووشتییەكان و داهاتە جۆراوجۆرەكانی عێراق لەژێر هەیمەنەی ناوەندگەراییەكی بێ چاودێرییكردنێكی ڕاستەقینەیە. سەرجەم ڕاپۆرتە ساڵانییەكانی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی لایەنی ئابوری و بەڕێوەبردن و پلاندانان ئاماژەن بۆ ئەوەی قەیرانەكانی عێراق دەرئەنجامی كەموكوڕی و گەندەڵی و پرۆژەی كورتخایەنی نەگونجاون لە ئاست خواست و ویستی خەڵك و پێداویستییە سەرەتاییەكانی هاووڵاتیان.

كابینەی یەكەمی حكومەتی عێراقی لە (2004 – 2005)بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی كابینەیەكی كاتی بوو، نەیدەتوانی خزمەتگوزاری بەجێبگەیەنێت، چونكە لەم قۆناغەدا وێڕای قەیرانە داراییەكان و ناكۆكیە سیاسییەكان هەبوونی تیرۆر و توندوتیژی و شەڕی تائیفی نەیدەتوانی دۆخێك بگونجێنێت كە خەڵكی عێراق بە خزمەتگوزاری شاد بكات، بەڵكو زێدەباری كاریگەرییەكانی شەڕ لەسەر ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەكان، شەڕ و ململانێیەكان مەترسیدارتر دەبوون.

كابینەی دووەم (2005 – 2006)بەسەرۆكایەتی ئیبراهیم جەعفەری كابینەیەكی گواستراوە (ڕاگوزەر) بوو، بەڵام تاكە دەسكەوت لەم كابینە ئاڵۆزەدا پەسەندكردنی دەستورێكی هەمیشەیی بوو بۆ عێراق، ئەو دەستورەی بووە بەشێك لە زوڵم و ستەم لە پێكهاتەكانی عێراق، كە لە ناوەڕۆكدا دەستورێكی مەدەنی و فیدراڵی و دیموكراسی و پابەندبوو بە بنەماكانی مافی مرۆڤ لەڕووی دەقەوە، بەڵام وەك جێبەجێكار سەرجەم كابینەكانی دواتری كەمترین پابەندبوونیان بەرامبەر بەم ناوەڕۆكە هەبووە. دوو كابینەی بەسەریەكەوەی مالیكی(2006 – 2010 – 2014)، بە مێژووی ئەم دوو كابینەیەدا بچینەوە، جگە لە بەردەوامیدان بە ناكۆكی و ململانێی نێوان پێكهاتەكان و مشتومڕی بە ناوەندگەراییكردنی بەغدا وەك كۆكەرەوەی سەرجەم دەسەڵاتەكان و لەوێشەوە بۆ دەستی یەك كەس و یەك حزب و تاك مەزهەب هیچ زیادەیەكی لە توانای خزمەتگوزاری پێشكەش بە عێراقیەكان نەكرد. بەڕادەیەك لەم سەردەمانەدا كێشەكان گەیشتن بە نزیكبوونەوە لە هەڵوەشانەوەی عێراقی دوای سەدام، شەڕی مەزهەبی و دواتر تیرۆر و سەرهەڵدانی(داعش) بووە مۆتەكەیەكی دیكەی عێراقیەكان.

كابینەیەكی دیكە(2014 – 2018)بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی ئەم كابینەیە بە ڕادەیەك پەرەی بە پروپاگەندەی دەسەڵاتێكی دادپەوەری بۆ كرا، ئەوەندە نەیتوانی خزمەتگوزاری پێشكەش بە عێراقیەكان بكات، چونكە هەم لە نێو شەڕی داعش و هەم دروستكردنی بارگرانیەكی دیكە بوو بۆ عێراقیەكان بەدامەزراندنی(هێزە میلیشیاییەكان) كە ئێستایش بارێكی گەورەیە بەسەر دارایی و ناڕێكی هێزی پاراستن و پارێزگاری لە عێراق، نەك بووە هۆكاری پارێزگاری لەم وڵاتە، بەڵکو بووتە مەترسی لەسەر باری ئەمنی و ئاسایشی عێراق.

كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی (2018 – 2020) ئەو كابینەیە تەمەنێكی كورتی هەبوو لە دۆخی كەڵەكەبوونی كێشەكان سەریهەڵدا و لە 2019 سەرهەڵدانێكی جەماوەری دروستبوو (تشرینیەكان) ئەمانە بە دروشمی چاكسازی ڕووبەڕووی كابینەكەی عەبدولمەهدی بوونەوە، بەڵام بوون بە هۆكاری پاشخستنی عێراق لەڕووی خزمەتگوزاری، بۆیە كۆتاییان بە كابینەكە هێنا و نەیتوانی لەو دوو ساڵەدا دۆسیەی خزمەتگوزاری بە ئەنجامێك بگەیەنێت، راستە كۆمەڵێك ڕێككەوتنی ئابووری لەگەڵ چین واژووكرد كە زۆرجار سیاسیەكان ئەمە بەهۆكاری پەكخستنی كابینەكەی دەزانن، بەڵام گۆڕانكارییەكی ریشەیی لێوە بەرهەم نەهات عێراقیەكان هەست بكەن جیاوازییەك هەیە.

كابینەی میراتگری مستەفا كازمی(2020 – 2022) لەم كابینە هەوڵێكی زۆردرا چاوی جیهان لەسەر عێراق بێت لەڕووی پەیوەندی ئابووری و سیاسی و ئاسایشی، بەڵام پێچەوانەكەی بۆ عێراقیەكان چاوەڕوانكرو بوو، وەك لەم سەردەمەداڕووداوێكی گرنگ هاتە ئاراوە(كوشتنی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندس) باڵاترین ڕووداو بوو، كازمی دەیەویست بەم كۆمەڵێك ڕێگە عێراقیەكان ئاشنا بكات بە جۆرێكی دیكەی حكومڕانی، كە ئاماژە بێت بۆ خۆشگوزەرانی، بەڵام دۆخی لەوانی پێش خۆی باشتر نەبوو، كۆتا كابینە (2022 بۆ ئێستاكە (حكوومەتی كاربەڕێكەر)ـی محەمەد شیاع سودانی، لە ئەنجامی ڕێككەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی(ماڵی شیعە) و دووركەوتنەوەی(سەدر)ـیەكان چانسی گەورەی پێبەخشرا، بەڵام سەرئەنجام بارێكی ئەوتۆی خزمەتگوزاری پێشكەش نەكرد، نەبوونی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و رێگاوبان و تەندروستی و پاك و خاوێنی شارەكان دیسان لەم كابینەیەدا وەك كێشەیەك بە بەرۆكی حكومەتی عێراقی مایەوە.

بەسەر هەموو قۆناغەكانی دوای 1992 و كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڕۆین و دێینە ئاستی حكومەتی عێراقی لە دوای 2003، چونكە دۆخەكان بە سەردەمی خۆی دەپێوەرێت، جگە لە شەڕی ناوخۆ كە سەپێنراوێكی دیكە بوو بەسەر گەلی كوردستان، قۆناغەكانی دیكەی حكومڕانی لە دوای 2003ـەوە نموونەیەكی جوان و تاڕادەیەك سەركەوتوو بووە. پروپاگەندەی ناوازەیی لە حكومڕانی و خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان ناكەین، بەڵام بە ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی و كەم ئەزموونی لە پەروەردەی حكومڕانی هەرێمی كوردستان نمونەیەكی باڵا بووە بۆ ناوچەكە، زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی بیانی نەك عێراقی، كە ئێستا عێراقیەكانیش درك بەم ڕاستییە دەكەن، ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەكان لە كوردستان شایستەی چاولێكەرین و هەنگاوێكی باڵایە بۆ ئایندەیەكی گەش و پێشكەوتوو كە شایستەی میللەتەكەیانە.

لە دوای كابینەی یەكگرتنەوە (2006) هەرێمی كوردستان لەڕووی گەشەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری زۆر سێكتەردا هەنگاوی بەرچاوی بڕی، بەڵام ئەم هەنگاوانە هی وەستان نەبوو لە خاڵێكدا، بەڵكو لەوە زیاتر دەبوایە بكرایە. ئەگەر ململانێیە حزبییەكان كاریگەری ئەوتۆیان دروست نەكردبا، ڕەهەندەكانی پرۆژەی ستراتیژی لە كوردستان ئێستا لە قۆناغێكی دیكە بوو، ئەگەرچی لە كابینەی نۆیەم(2019 – بۆ ئێستا) بە خێرایەكی زۆر و بە تۆكمەیی لە پلان توانرا دەسكەوتی دەستبەجێی تێپەڕێنێت و گۆڕانكاری بنەڕەتی لە خزمەتگەیاندن بە كوردستانیان دروست بكات.

ئەو پرۆژانەی لە سەردەمی ئابڵوقە و فشارە جۆراجۆرە ئابووری و سیاسیی لە هەرێمی كوردستان بەدیهێنراون، چەندین ساڵی دەوێ بۆ ئەوەی تێگەیشتنی فراوانی بۆ دروست بێت، چونكە هیچ لەو پرۆژانە كاتی نین و بناغەی پتەوی ئاییندەیین و بەشێكن لە بیركردنەوەی لۆژیكیانە و حكومڕانی خزمەتگوزاری كە ناوەڕۆك و ئامانج و جەوهەری حكومەتی ئێستا و كابینەكانی دواترن، پرسیاری گرنگ لەم وتارەدا پرسیاری شەقامی عەرەبی عێراقییە، كوردستان وایە، ئەی عێراق بۆ وانییە؟

* توێژەری مێژووی سیاسی