خەبات: تریفە ئازاد:- د. نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات، باس لە ئەنجامەكانی دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و قسە لەسەر هەنگاوە سیاسیی و دیبلۆماسییەكان دەكات، كە بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی عێراق دەنرێن.

د. نەدا مێرگەسۆری دەڵێت، دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لایەن دادگای فیدرالییەوە، ئیتر بە پێی دەستوور دەبێت پەرلەمان دانیشتنی خۆی بكات و ئەندامان سوێندی ده‌ستووری بخۆن و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش بێتە هەڵبژاردن. ناوبراو دەشڵێت: پێویستە دواتر لە لایەن سەرۆكی كۆمارەوە كاندیدی سەرۆكی كابینەی نوێ لە كوتلەی زۆرینە بێتە ڕاسپاردن بۆ پێكهێنانی كابینەكەی و متمانە وەرگرتن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

هه‌روه‌ها لەبارەی كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشەوە، د. نەدا مێرگەسۆری دەڵێت: بێگومان ئەمجارەش هەر بە پێی ئیستیحقاقی ئینتیخابی و عورفی سیاسی پێكهاتەی شیعە پۆستی سەرۆكی حكوومەت وەردەگرێت، ئینجا ئەمە گرێدراوی ڕێكەوتنی ناوخۆیی فراكسیۆنە شیعەكانە، كە ئایا چۆن چۆنی و بە چ مكانیزمێك كەسێك دەستنیشان دەكەن كە ڕەزامەندیی پێكهاتەی كورد و سوننەی لەسەر بێت بۆ ئەوەی كابینەكەی لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت.

مێرگه‌سۆری گوتیشی: ئەمجارە پرۆسەكە وەها ئاسان نابێت، چونكە پێكهاتەی شیعە و هێزە سەرەكییەكان جیاوازییەكی یەكجار زۆر لە كورسییەكانیان نییە، بۆیەش بە چەندین كاندیدی سەرۆكی حكوومەت دێنە ناو پەرلەمان، ئەمە جگە لەوەی كە دەبێت خواست و ویستی هاوكێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیییەكان و وڵاتانی زلهێزیش لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێدەچێت تا لەسەر كاندیدێك ڕێكبكەون ماوەیەكی پێ بچێت.

د. نەدا مێرگەسۆری دەشڵێت: بەڵام بەكۆی گشتی، كورد وەك هەمیشە بەشێكی گرنگ و كاریگەرە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراقدا، بۆیە ئەوەی گرنگترە لە هەموو شتێك، یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی كوردە لە چۆنیەتی بەشداربوونیان لە كابینەی داهاتوو و حكوومەتی عێراقدا.

د. نەدا مێرگەسۆری سەبارەت بە یەكڕیزی كورد و گرنگیی ئەو یەكڕیزییە بۆ چوونە بەغدا، دەڵێت: گومانی تێدا نییە گەر پەرتەوازەیی هەبێت كورد ناتوانێت بە پتەوی و تۆكمەیی ئیستیحقاقی پێكهاتەی كورد جێگر بكات، بەداخەوە كورد لە بەغدا زیاتر پەرتەوازە بووە، كە ئەمەش بە نەرێنی بۆ سەنگی كورد لە بەغدا ئەژمار دەكرێت، بەڵام ئەگەر كۆدەنگیی لەسەر ماف و دەستكەوتەكانی كورد هەبێت، بێگومان ئیستیحقاقی ئینتیخابی خۆی وەك جاران دەپارێزێت، چونكە پێكهاتەی شیعەی زۆرینە ناتوانێت و ڕێگەی پێنادرێت پێگەی كورد نادیدە بگرێت، بەڵام خودی كورد لەناوخۆی خۆیدا خەریكن ئەم پێگەیەی خۆیان لاواز دەكەن.

هه‌روه‌ها سەبارەت بەوەی ئایا پێویستە چی بكرێت كە هێشتا نەكراوە، د. نەدا مێرگەسۆری گوتی: ئەوەی گرنگە هەموو لایەنە كوردستانییەكانی براوەی هەڵبژاردن و خاوەن كورسی، بگرە و بەردەی نێوخۆیی ناو هەرێم بەلاوە بنێن و لە بەغدا یەك هەڵوێست بن، گرنگ ئەوەیە بە ئەجێندای كوردستانییانە لە بەغدا كار بكەن، نەك لەبەر خاتری شكاندنی پارتی لەگەڵ نەیارانی هەرێم لە بەغدا دژ بە بەرژەوه‌ندیی هەرێم و خەڵكی كوردستان كار بكەن، چونكە ئامانج و مەبەستی پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە یەكڕیزیی بووە، بەداخەوە لە ڕابردوودا ئەم جۆرە هەڵوێستانەمان لە زۆر لایەنی كوردستانی بینیوە.

ناوبراو گوتیشی: ئومێمان وایە بۆ ئەمجارە هەموو لایەنە براوە كوردستانییەكان پاڵپشتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرنامە گشتگیر و كوردستانییانەكەی بكەن، چونكە هەر ئەم جۆرە ڕەفتارانەی لێرە و لەوێ بەرچاو دەكەون، كە پێشتریش پێگەی هەرێمی كوردستانیان لە بەغدا لاواز كرد بوو، جگە لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتیی كورد هیچ سوودێكی بۆ كەس نەبووە، كورد لە ئێستادا زۆرترین پێویستی بەوەیە لە بەغدا كوردایەتی بكات نەك حزبایەتی، دەكرێ لە هەرێمی كوردستان كێبڕكێ لەگەڵ یەكتر بكەین، بەڵام دەبێ لە بەغدا كێبڕكێ لەگەڵ نەیارانی هەرێمی كوردستان بكەین و هەموومان یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین.