خەبات: حەمید سورچی:- بەهرەمەند ڕامان غەمبار، لە دایکبووی ساڵی 2010 ی شاری هەولێرە، هەر زوو بەهرەی گۆرانی گوتنی هەبووە، هەروەها ژەنیاری ئامێری سازە بەشێوەیەکی ئەکادیمی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ خەبات باس لە ئاوێتەبوونی خۆی لەگەڵ هونەری گۆرانی گوتن و مۆسیقا دەکات.

لەبارەی ئەوەی ئایا چۆن خولیایی هونەری گۆرانی گوتن بووین، ڕامان غەمبار بۆ خەبات گووتی: خولیایی گۆرانی گوتنم دەگەڕێتەوە بۆ باوکم و مامەکانم، بەو هۆیەوە حەزی گۆرانی گوتنم هەبووە، لە 2023/8/8 بەشداریم كرد لە بەرنامەی كوردستان كیدس ڤۆیس له کەناڵی كوردستان تیڤی، کە له هەر چوار پارچەی كوردستان منداڵان بە شداریان كرد، لەم بەرنامەیەدا بۆ ماوەی دوو مانگ كێبركێمانكرد بۆ باشترین دەنگ و خۆشترین دەنگ، ئیتر توانیم لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان پلەی یەکەم بەدەست بێنم.

رامان غەمبار لەبارەی ئەوەی کام لە هونەرمەندەكان کاریگەرییان بەسەرتەوە هەیە، دەڵێ: سەرسامم بە دەنگی هونەرمەندان (تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان، محەمەدی ماملێ، مەزهەری خالقی). رامان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، شارەزایم لە ژەنینی ساز بە شێوەیەکی ئەکادیمی هەیە.

لەبارەی بەشدارییان لە بۆنەکان و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان، بەهرەمەند رامان غەمبار گووتی: بەشداریم لەزۆر ئاهەنگ و بۆنەکان کردووە، بەرهەمی تۆمارکراویشم هەیە بە ناوی نەورۆزا من.