فیستیڤاڵی تەحینی ئامێدی یەکێکە لە چالاکییە کلتووری و ئابوورییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان لە دەڤەری بادینان، کە ساڵانە بۆ ناساندن و بەبازاڕکردنی بەرهەمی بەناوبانگی «تەحینی ئامێدی» و بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکە ئەنجام دەدرێت.

ئامانجی سەرەکی فیستیڤاڵەكە بریتییە لە ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و خاوەن ئاشەکان، بەتایبەتی تەحین کە ناسنامەیەکی تایبەتی بە ئامێدی بەخشیوە و بۆتە بڕاندێكی ناسراو، هەروەها ڕاکێشانی گەشتیاران و بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لە ناوچەکە ئامانجێكی تری فیستیڤاڵەكەیە.

لە سێیەمین فیستیڤاڵی تەحینی ئامێدی، دەیان جۆر تەحین لەلایەن ئاشە ئاوییەکان و کارگەکانەوە نمایش كران. لەم فیستیڤاڵە چەندین بەرهەمی دیکەی وەک هەنگوین، سماق، هەنار، خۆخ، گوێز، و خواردنە کوردەوارییەکان نمایشكران و فرۆشران، بەشێکی دیكه‌ کاری دەستی و جلوبەرگی فۆلکلۆری بوون، سەرەڕای ئاهەنگ و گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی بەشێکی دانەبڕاو بوون لە فیستیڤاڵەکە.

ئامێدی خاوەنی دەیان ئاشی کۆنی تەحینە کە مێژووی هەندێکیان بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەو ئاشانە بە وزەی ئاو کاردەکەن، ئەمەش وایکردووە تەحینەکە تام و چێژێکی سرووشتی و جیاوازی هەبێت و خواستی زۆری لەسەر بێت لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان ناوبانگ دەربكات و ببێت ناسنامە و بەبڕاندێكی تایبەت وسەرنجی گەشتیاران لە شارەكانی هەرێم و عێراق رابكێشێت. ماوەتەوە بڵێین پێویستە هەر شار و شارۆچكەیەك بڕاندێكی تایبەت بەخۆی هەبێت و جیاواز بیت لە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی زیاتر بنارسرێن و زۆرترین گەشتیار رابكێشن بۆ دەڤەرەكەیان، ئامێدی سەڕەڕای تەحینە باشەكەی كە بۆتە بڕاند، فیستیڤالێكی سەركەوتوو و پڕ لە چالاكی ئەنجامدا و زیاتر ناوچەكەی بە گەشتیاران ناساند.