شانزە رۆژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان كۆتاییهات

164

شەنگە هاوار کاکەیی
بە بۆنەی کۆتاییهێنان بە یادکردنەوەی ١٦ شانزە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان، کە لە ٢٥ی تشرینی دووەم ( 25نۆڤێمبەر ) دەست پێ دەکات تاوەکو ١٠ی کانوونی یەکەم(10دیسەمبەر ) ؛ ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان، و بە هاوکاریی ڕێکخراوە حکوومی و ناحکوومییەکان و ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، بە شکۆداری و پایەبەرزەوە مەراسیم و چالاکییەکانی ئەم یادە بەڕێوە دەبەن و بەرز دەنرخێنن.

دیارە یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە تەنها یادێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو هەوڵدانێکی جیدی و کاریگەره‌ بۆ سنووردارکردنی ئەو توندوتیژییانەی کە ڕووبەڕووی خێزانەکانمان دەبێتەوە وجوەک مرۆڤی ئاسایی، گرنگە لە ئاستی ئەم دیاردەیەدا بێدەنگی هەڵنەبژێرین و دەستەمۆ نەبین! بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری ئەو توندوتیژییانە ببینەوە، بە دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاریشە خێزانێکان.

ئەم هەوڵدانە ……لەرێکخستنی کارو کارنامەو چالاکێکاندا هەنگاوێکی زۆر گرنگە لە ڕاستیدا، زیندووکردنەوەیەکی پێویستە. کە دەبێت لەڕووی پراکتیکەوە ئەو چالاکییانە شیاوپرفێکت بن و لەسەر ئاستێک بن کە هاوتەریب بێت ،لەگەڵ بنەمای کەلتووری کۆمەڵایەتیی ڕەسەنی کۆمەڵگەی کوردەواریمانداکە زۆر جار بابەتە کەلتوورییەکانمان ئەوەندە جوان و پڕبەهان، دەبنە مایەی شانازی و سەربەرزیی بۆ ئێمە لە ژیاندا. بەڵام پێچەوانەکەشی ڕاستە؛ زۆر جاریش ئەوەندە قێزەون و شه‌رمه‌زارکه‌رن، دەبنە نەنگی و لەکەدارکردنی ڕووی کۆمەڵگە. بۆیە لەو کاتەدا، پێویستمان بە گۆڕانکاریی بنەڕەتییە؛ گۆڕانکارییەک کە دەرگایەکی تری ئومێد بکاتەوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژییەکان. ئەمە دەکرێت بە چەندین شێواز و میکانیزمی گونجاو بێت، لەوانە وەکو دەستپێکێک بە برەودان بە فەلسەفەی ناتوندوتیژی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و فیکری لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا.

لەم ڕووەوە هەوڵدانێکی بەرچاو و کاریگەر هەیە بۆ پاراستنی خێزان لە کۆمەڵگەکەمان و بووژانەوەی ئەمنییەت و ئاسایش لە هەرێمی کوردستاندا؛ چ لەسەر ئاستی دامەزراوە فەرمییەکان بێت، یان لەسەر ئاستی دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکان بێت، بەڵام ! سەرباری ئەم هەوڵانەش، کاتێک کێرڤی توندوتیژییەکان لە بەرزبوونەوەدان، هێشتا برەودان بە نەهێشتنیان کەمترە لە ئاستی پێویست. بۆیە، دەبێت هەنگاوی قووڵتر و بونیادنەرتر لەو بوارەدا بێتە بەرجەستە.

کە تایبەتمەندی بواری زانستی و پرۆفیشناڵییەتیمان بواری روو بەرووی توندو تیژییە لە روویی یاساییەوە : لەکاتێکدا باس لە چارەسەرکردنی کێشە قووڵەکانی خێزان و کەلتووری نەرێنی دەکەین، ئەوە بە متمانەی زانستی و پێوەری لۆژیکی هەنگاو دەنێن. بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە توندوتیژییەوە هەیە، تەنها یاسا و سزادان بەس نییە. بەو پێیەی چەسپاندنی سزا بەسەر تۆمەتباردا، خۆی لەخۆیدا لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە، جۆرێکە لە توندوتیژی. بەڵکو، پێویستە بناغەیەک دروست بکەین کە لەسەر بڕوابوون بە لێبووردەیی (Tolerance) و دانپیانان بە هەڵەکان دامەزرابێت. لێبووردەیی نەک تەنها واتا قبوڵکردنی جیاوازییەکانە، بەڵکوو واتای ئەوەش دەدات کە لە بەرامبەر توندوتیژیدا، بە پشوودرێژی و ڕێگەی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکەین.

لەم چوارچێوەیەدا، زۆر گرنگە کە لەم ١٦ ڕۆژەی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا، پەیامەکەمان فراوانتر بکەین و یادی ئەو ڕابەرانەی ئاشتی بکەینەوە کە بناغەی فەلسەفەی ناتوندوتیژی و لێبووردەییان داناوە. مەهاتما گاندی، کە باوکی فەلسەفەی ئەهیمسا (ناتوندوتیژی) و ساتیاگراها (هێزی ڕاستی)یە، باشترین نموونەیە بۆ ئەمە، با لەم ماوەیەدا، فەلسەفەی گاندی بکەینە بەشێک لە پەیامی نەتەوەیی و جیهانیی خۆمان دژی توندوتیژیبەهەموو شێوەکانییەوە.
لەکۆتاییدا ……… بەوتەی گاندی کۆتایی بە پەیامەکەمان دەهێنیین کە فەرمویەتی(جیهان لادێکەمە مرۆڤایەتی خانەوادەمە کردەوەی چاک باوەرەکەمە).

*ماستەر لەیاسای گشتی.

تێزی ماستەر: فەلسەفەی نا توندو تیژیی چۆنێتی بەرجەستە کردنی لەیاسا لۆکاڵێکاندا، بەرپرسی بەشی یاسا و مەلەفی جەندەری لەوەزارەتی ناو خۆ هەرێمی کوردستان