ململانێ و ڕێڕەو

191

فازڵ میرانی*
ململانێ، بە هەبوون و مانەوەی، ڕێڕەویش، وەک ڕاستەڕێبوون و لادان، هەروەها یەکلاکردنەوەی کاتیی یان هەمیشەیی، دوو پرسی لەیەكتر دانەبڕاو و گرێدراوی یەكترن. هیچ ململانێیەک بەبێ ڕێڕەو نییە، هیچ دەستکەوتێکیش لەو ڕێڕەوەدا نییە، کە بەردەوامیی بە ململانێیەكە بدات، ئەگەر لە بەرژەوەندی خاوەن مافەكە یەکلایی نەبێتەوە.

هەتا ململانێ مابێت، ڕێڕەوی ململانێ هەر بەردەوام دەبێت، ئەگەرچی هەندێکجار خوار دەبێتەوەو پێچاوپێچ دەکات، یاخود ڕادەوەستێت بەبێ ئەوەی ون ببێت، ئەگەریش هەیە بەلای ناحەقیدا (باگل) بشکێتەوە و بۆ ماوەیەک سەرکەوتنی بۆ دەستەبەر بكات، بەڵام هەتا ئەو لایەنەی ململانێیەكە، كە خاوەن مافە و ئامادەیە داوای مافەكەی خۆ بكاتەوە، هەرگیز ڕێڕەوەكە كۆتایی نایەت.

ئەو ململانێیەی کە ئێمە تایدا ژیاوین، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە، چڵ و پۆپێكی چڕی هەیە، فاكتەرەکانیشی هێشتا هەر ماون و بەردەوامن، لەم دواییانەدا تووشی گورزی بۆردومان بووینەوە و بەدوایدا هەوڵی ورووژاندنی ئەو شتانە درا، کە هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتییمان دەکەن، بێگومان دەبێ جیاوازییش بكەین لەنێوان نەیارێکی نەزان، کە لەسەر بنەمای قسەی ناحەزان دژایەتیمان دەکات و نەیارێکیش، کە بەئاگاییەوە كار بۆ دروستکردنی دوژمنایەتی لەگەڵ ئێمە دەكات، ئێمە لە هەردووكیان تێدەگەین و دەشزانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.

لەوانەیە ململانێ تیپێك بهێنێتە کایەوە کە فێڵت لێ بكەن، سەرەتا خۆیان بە شێوەیەک نیشان بدەن، بەڵام دواتر بۆت دەردەکەوێت، کە هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەو لایەنەی، کە ململانێی لەگەڵدا دەکەیت. هەندێک بۆسەی کۆمەڵایەتی هەن، کە تێیاندا بەراوردکاری لەنێوان ئەوەی بە ئاشکرا دوژمنایەتیت دەکات و ئەوەی دەیشارێتەوە، بژاردەیەکی سەرکەوتوو نابێت.

تەواوی پرسەکە مەسەلەی مافەکانە، لایەنێک هەیە مافگەلێک بۆ خۆی بە ڕەوا دەبینێت، کە بۆ ئێمەی بە ڕەوا نابینێت و خۆی لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە دەدزێتەوە، کە پێیوایە پێویستە ئێمە ئەنجامیان بدەین. تاقمێکی خۆسەپێنی باڵادەست هەبوون، کە ئێمەیان بە “یاخی و تێکدەر” وەسف دەکرد، دەیانویست لە پرۆژە سیاسی و جێبەجێکارییەکەیاندا پاشکۆی ئەوان بین، ئەو پرۆژەیەی کە دەرەنجامەکانی بۆ گەلانی عێراق و سامانەکانی، کارەساتبار بوون و لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو کارەساتانە هێشتا پایەکانی کۆمەڵگە و دەوڵەت دەهەژێنن.

ئێمە بێهودە ململانێ ناکەین و وەڵامی ئەوانەیش نادەینەوە، كە بانگەشەی درێژەدان بە ململانێ دەكەن و جێبەجێشی دەكەن و حەزیان لێیەتی، ئێمە لەگەڵ گفتوگۆین، لەگەڵ تێگەیاندن و لێکتێگەیشتنین، هەروەهاش لەگەڵ گرتنەبەری هەنگاوی ژیرانەین بەبێ ئەوەی بکەوینە ژێر کاریگەریی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی خۆمان، کە لە چوارچێوەی عێراقدان.

ڕەنگە ڕوونیی ئامانجەکانی ئێمە، هۆکارێک بێت بۆ لاوازیی تێڕوانینی لایەنەکانی تر، لەوانەیە هەنگاوەکانمان بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتەکان، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی بە ئەنقەست بۆمان دروست دەکرێن، شەرمەزارکەربن بۆ ئەوانەی قسەیان لە کردەوەیان زیاترە.

ئێمە بیرمان کردووەتەوە و بەردەوامیش بیری لێ دەکەینەوە، کە چەندین دەستکەوتی گەورەتر بەدی دەهاتن، ئەگەر تیپە نەیارەكە و ئەوانی دیكەش، کەمێک پشوودرێژییان بەخۆیان بدایە، تاوەکو وزەو تواناکان لەسەر کارکردن چڕ بکرێنەوە لەپێناو بەرژەوەندیی گەلانی عێراقدا، لەجیاتی ڕاکێشانیان بۆ ناو هاوکێشەگەلێک کە تەنانەت پێش دەستپێکردنیشیان، دەرەنجامە وێرانکەرەکانیان دیار و مسۆگەرە.

ئێمە لاپەڕەكانی ڕژێمی پێشوومان پێچاوەتەوە، لاساییکردنەوەی ئەو ڕژێمە لەلایەن ئەوانی ترەوە تەنیا ئەوە ناسەلمێنێت، کە زوو یان درەنگ هەر شکەست دێنێت، بەڵکو ئەوەیش دەسەلمێنێت کە توانایان نییە بیر لە پرۆژەی کارێكی بنیاتنەر بكەنەوە و تیایدا شەرمەزار نەبن.

زیاتر لە بیست ساڵ تێپەڕیووە، سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانیی ململانێیەکی بێ مانا، بارودۆخی نائاسایی زاڵ بووە و پەردەپۆشی زۆر ئۆپەراسیۆنی بەهەدەردان و داخورانی جەستەی دەوڵەتی كردووە. شەپۆلی ڕقوكینەیەكی ئاراستەكراو و پاڵپشتیكراو باڵادەست بووە، سەروەرییش ئەوەندە کەمبووەتەوە، کە لێدوان لەبارەی دەستتێوەردانی دەرەکی بووەتە شتێکی بەتاڵ و ناشیرین، كە هەموو ڕەهەندەكانی پاراستنی سەروەریی تێدەپەڕاندووە.

زۆر لایەنی دەرەکی ململانێکەیان بۆ خۆیان یەکلاکردەوە و ئەوانەشیان بێلایەن نیشاندا، یان دەستەمۆیان كردن، کە دەیانتوانی ڕێگربن لە لادانی ڕێڕەوەکە بە قازانجی لایەنی ناعێراقی، بەڵام بەداخەوە ئەوە ڕوویدا، دیسان بەداخەوە ئەوانەی پێوەی پەیوەستبوون، خۆیان لێی بێدەنگ كردووە.

وەها باشە، کە بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر وەک نزیكترین نموونە بهێنینەوە، هەم بۆ خودی ململانێکە و هەم بۆ گۆڕانی ئامراز و ناوەکان، لە کاتێکدا هەمان ئامانجە، کە هەروەک خۆی ماوەتەوە. ئەم کێڵگەیە کە پێداویستییە بنەڕەتییەكانی خزمەتکردنی وڵات دابین دەکات، ئەوانەی نە ئەنجامدانی بۆردومانەکەیان لە ئەستۆ گرت نە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیشدا دانیان پێدانا، كێڵگەكەیان دەستنیشانكرد تاوەكو ببێتە ئامانجێک بۆ زیان پێگەیاندنی، بەو مەبەستەی ململانێکە قووڵتر بکاتەوە و درێژەی پێبدات، ڕێڕەوەکەش بەلای بەرژەوەندیی خۆیاندا پێچ بكەنەوە، ئەمەش لەسەر حیسابی عێراق وەک (دەوڵەت، دەسەڵات، کۆمەڵگە، ناوبانگ، سەروەریی و سەربەخۆیی وزە).

ئێمە هێشتا دەستوور دەکەینە هێز و پشتیوانیی خۆمان، وەک دەستکەوتێک کە لەگەڵ هاوبەشەکانماندا بەدەستمانهێناوە، تاوەکو لە ململانێکەدا پشت بە هیچ شتێکی تر نەبەستین و بیسەلمێنین، کە ئەگەر ڕێڕەوەکە بەلای ئێمەدا شکاوەتەوە، ئەوا بەحەق و بۆ حەقیش بووە. هێشتا گەلەکەمان هێزی ئێمەیە و بۆ خۆڕاگریی و بەهێزبوون، پشتی پێ دەبەستین تاوەکو ڕێڕەوەکە دژی مافەکان پێچ نەكاتەوە.

ئێمە هێشتا زۆرترین هەوڵ و توانای بیرکردنەوەمان بۆ گفتوگۆ تەرخان کردووە، هەروەها هەمان هەوڵیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی کە ململانێ دروست دەکەن و دەیانەوێت ڕێڕەوەکە بە ئاراستەی بەرژەوەندییە ناشەرعییەکانی خۆیان ببەن.

لەکۆتاییدا، ململانێ پێویستی بە هێز و زیرەکییە. ئەوانەی تەنیا بە هێز و بەبێ زیرەكیی ململانێ دەکەن، لە داری سووتاندن بەولاوە هیچیتر نین، هەركات بەکارهاتن هیچیان لێ نامێنێتەوە، یان خاوەنی ئەو سامانانەن کە لەسەر حیسابی قەیرانەکان کەڵەکەیان کردووە، بەڵام ئەو کەمینە تێگەیشتووەی کە لە مانای دامەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەنشكۆ و خۆبژێوییەكی هاوچەرخ تێدەگەن، ئەوانەن کە کار دەکەن بۆ ئاراستەکردنی ململانێ بەرەو بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتە و ڕێنوێنیکردنی ڕێڕەوەکەش بۆ هەمان ئامانج.

*بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن