خەبات: ئاشتی شەهباز:- دوایین پرۆسەی سەرژمێری لە مانگی 11ی ساڵی 2024 لە عێراق بەڕێوەچوو كە كۆی ژمارەی دانیشتووان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان 6 ملیۆن و 519 هەزار و 129 كەسە، لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم 3 ملیۆن و 949 هەزار و 983 كەسن، بەو پێیە رێژەی كورد 10 ملیۆن 496 هەزارو 112 كەسن.
بەهۆی راگەیاندنی ئەو ژمارە و رێژانەی بڵاوكرانەوە، ئیتر لە كابینەی نوێی عێراق و لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێدا، ئایا ئەم خاڵانە بە بنەما وەردەگیرێ و دەبێتە خاڵی سەرەكی لە دانوستانەكان و چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەورێم مادەی 140 بەكوێ دەگات؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری دیكەمان لە و دیدارە ئاڕاستەی گوهدار محەمەد عەلی بەرپرسی ئامارەكانی هەرێمی كوردستان كرد: گوهدار محەمەد عەلی بەرپرسی ئامارەكانی دانیشتووان و هێزی كارلە دەستەی ئاماری هەرێم لە كوردستان و بەپرسی كەرتی تەكنیكی و مەیدانی لە پرۆسەی سەژمێری عێراق، سەبارەت بە راگەیاندنی دوایین ئامارەكانی سەرژمێری لە عێراق و هۆكاری ئەو نیگەرانییەی دروست بووە لە هەرێم بۆ خەبات گوتی: یەكێك لەو رێكەوتنانەی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەند لە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری عێراق كرا ئەوە بوو لە تیمەكانی مەیدانی لە بەربژێرەكان لە سێ بەربژێر پێكبێت یەك لە كورد_ عەرەب _توركمان و هەروەها بەپێی ناوچەكان، كە چ پێكهاتەیەكی لێبێت، ئەمەش بەمەبەستی تۆماركردنی هاووڵاتیان لەسەرژمێری بەبێ گرفت و جیاكاریی، لە نێوان نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بوو، ئەوەش ئەنجامنەدرا.
لە وەڵامی ئەوەی ئایا پرۆسەكە بەو شێوەیە بەرێوەچووە كە لە رووی سیاسی و یاسایی لەسەری رێككەوتبوون؟ گوهدار محەمەد گوتی: نەخێر، پرۆسەكە بەو شێوەیە بەڕێوە نەچوو كەوا لەسەری رێككەتبووین و بڕیاری لەسەر درابوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكار، یەكێكیان كاتەكە كەم بوو و هەروەها لەلایەن بەغداوە مەبەستیان نەبوو. واتا ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق و هەرێمی كوردستان لەسەری رێككەوتبوون و بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام ئەوان پێشێلی ئەو بڕیارەیان كرد. هەروەها راگەیاندنیشی سەرپێیچی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵی بوو، چونكە پێشوەختە لەسەر ئەوە ڕێككەوتووین كەوا لەگەڵ سەرژمێری ساڵی 1957 بەراورد و هاوتا بكرێت ئینجا ئەنجامەكان رابگەێندرێت و بڵاوبكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە عێراق پابەندی بڕیارو رێككەوتنی نێوانی حكوومەتی هەرێم و بەغدا نەبوون و ئەوەش پێشێلی یاسایە.
بەپێی دانیشتن و ئەو رێككەوتنانەی لەلایەن وەزارەتی پلاندانی هەرێمی كوردستان وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی عێراق و و بەئامادەبوونی نوێنەری یوئێن بۆ رێككەوتن لەسەر بەهاوتاكردن و بەراوردكاری لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم و ناو ماددەی 140 بەتایبەتی ئەنجامدرا، بۆچی نەكرا؟ گوهدار محەمەد گوتی: بابەتی سەرژمێری لەسەر بنەمای پەرەپێدان و بەكارهێنانی ئەنجامەكانی سەرژمێڕی لە پلاندانانی حكوومەت بەكاربهێندرێـت، بەڵام بمانەوێ یا نەمانەوێ چ بەپێی مێژووی رابڕدووی عێڕاق بێت و چ بەپێی ئەنجامەكانی هەموو دونیا بێت هەندێك بابەتی سیاسیی دێنە ناو بابەتەوەكەوە، وەكوو دیارترینی پشكی هەرێم بابەتێكی سیاسیی بێت و ڕۆڵێكی گەورەی دەبێت، یاخود لە دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان كاریگەری دروست دەكات. سەبارەت بە داتای سەرژمێری ساڵی 1957 بڕیار بوو ئەنجامەكانی سەرژمێری لەسەر ئاستی پارێزگاكان ڕانەگەێندرێت هەتا ئەو كاتەی داتاكانی سەرژمێری 2024 هاوتا و بەراورد لەگەڵ داتای 1957 بكرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەوانەی ناوچەكانی مادەكانی 140 و خەڵكی ڕەسەن و تەعریبكراو لە دوو لیستی جیا تۆمار بكرێن و دوو كۆپی لێوەربگیرێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوون بوو لە ئایندەی بۆ مەرامی سیاسی بەكار نەهێندرێت. یاخود ئەگەر حكوومەتی داهاتووی عێراق بیانەوێ بەكاری بهێنن ئێمە بتوانین لەسەر ئەو داتایە پشك و مافی كورد دەستەبەر بكەین.
گوهدار محەمەد عەلی بەرپرسی ئامارەكانی هەرێمی كوردستان
ئایا كورد لە ئێستادا دەتوانێت چی بكات؟ بەرپرسی ئامارەكانی هەرێمی كوردستان گوتی: هێشتا زۆر وردەكاری ماوە ڕانەگەیهندراوە، دەكرێ لەگەڵ ئەوانەی دواتر ڕاگەێندرا و بەپێی بارودۆخ دووبارە گفتوگۆ لەسەر ئەو ئەنجامانە بكرێت، بەڵام ئەوە هەم نییەتی دەوێت و هەم دەستوبردی دەوێـت، چونكە ئەوە كاری زۆر و كاتی دەوێت لە كاتیكدا وا ساڵێك بەسەر سەرژمێری تێدەپەڕێت، حكوومەتی عێراق تازە ئەنجامەكان ڕادەگەیهنێت، ئەوەی ئێمە مەبەستمان بوو رێژەی كورد و پێكهاتەكانی ناوچە كوردستانییەكان بوو بۆ داهاتووی عێراق و كوردستان، جگە لەو خەڵكەی چەندی خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیە و چەندی خەڵكی بیانین و چەندی ئاوارە و سەر بە چ پارێزگایەكن و لەوێ نیشتەجێن، ئەمانە دوای گفتوگۆی نێوان هەردوو حكوومەت جیادەكرێنەوە و بڕی میزانییە دیاری دەكرێت.
گوهدار محەمەد بەرپرسی ئامارەكانی هەرێم ئاماژەی بە خاڵێكی گرنگ كرد و گوتی: كە دەكرا پێش ئەنجامدانی سەرژمێری داتا سەنتەری لە هەرێم دروست بكرابا و نەكرا، كە یەكێكیان ئەوەیە دەبوو ئەو داتا و زانیاری و ئامارانەی كە ئێستا لە وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی عێڕاقییدا هەیە لەلای حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بووایە، هەروەها لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی كە شایستەی فەرمانبەران و ئەو داتا سەنتەرەی كە بڕیار بوو دروست بكرێت.