خەبات: عامر فەرحان:- بەمەبەستی خزمەتکردنی هاوڵاتییانی سنوورەکە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە تادێت ژمارەیان زیاتر دەبێت، لەم چوارچێوەیەشدا لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە لە پڕۆژەکانی ڕێگاسازی و قیرو شۆستەی هەردوو گەڕەکی شەهیدان و ئەندازیاران کارکردن تێیاندا بەردەوامەو بەشێکیشیان تەواو کراون.
فەرحان عیزەت گوتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەخەباتی ڕاگەیاند: کارکردن لە پڕۆژەکانی ڕێگاسازی هەردوو گەڕەکی شەهیدان و ئەندازیاران لەناو سەنتەری شاری هەڵەبجەدا بەردەوامە، گەڕەکی ئەندازیاران زۆنی یەکی تەواو کراوە، کارکردن بۆ تەواوکردنی زۆنەکانیتریش بەردەوامە، گەڕەکی شەهیدانیش بەشێکی زۆری کارەکانی تەواو کراوە لەلایەن هەردوو کۆمپانیای جێبەجێکار لەژێر سەرپەرشتی وردی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجەدا.
ڕوونیشیکردەوە: بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژانە خزمەتگوزاری ڕێگاسازی و قیرو شۆستەو ئاو و ئاوەڕۆ بۆ دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە دابین دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی جوانتربوونی سیمای گەڕەکەکان و ڕزگاربوونی دانیشتووانەکانیان لە قوڕی زستان و خۆڵی هاوین و کەمئاوی.
فەرحان عیزەت ئەوەشی بۆ خەبات ڕوونکردەوە: بوجەی پڕۆژەی گەڕەکی شەهیدان بریتییە لە پێنج ملیار دینار و گەڕەکی ئەندازیارانیش بریتییە لە یەك ملیارو 700 ملیۆن دینار، تەواوی کارەکانی هەردوو پڕۆژەکەش زۆر بەجدی و بەوردی لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجەوە لەڕێگەی لیژنەی پسپۆڕەوە چاودێری دەکرێن، تەواوی ئەو کەرەستەو ماددانەی لە پڕۆژەکاندا بەکاردەهێنرێن پێشوەختە لەتاقیگەکاندا پشکنینیان بۆ دەکرێت، دوای دڵنیابوونەوە لە کوالێتی بەرزیان دواتر لەپڕۆژەکاندا بەکاریان دەهێنن. فەرحان عیزەت گوتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە ئەوەشی بەخەبات ڕاگەیاند: ئێمە لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە بۆ زیاتر خزمەتکردنی دانیشتووانی هەڵەبجە و دوورخستەوەی مەترسی دروستبوونی لافاو لەکاتی بارانباریندا تیمە تایبەتەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە زۆربەی مەنهۆڵ و ڕێڕەوی باراناوی و کوچەو کۆڵانەکانیان پاکكردۆتەوە، هەروەها لە کاتی دروستبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا تیمەکانی بەشی ئامێرەکان و بەشی خزمەتگوزاری کە لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکی شارەوانیدا بەشێوەی ئێشكگر کاردەکەن و دەچن بەدەم هاووڵاتیانەوە.
گوتیشی: بەهۆی هەڵکەوتەی سرووشتی هەڵەبجە و بوونی ئاوەڕۆی سندووقی و دانانی چەندین ڕێڕەوی باراناوی، ئەگەری ڕوودانی لافاو لە پارێزگای هەڵەبجە زۆر لاوازە.










