خەبات: عامر فەرحان:- بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای هەڵەبجە پێشانگه‌یەکی لەژێر ناونیشانی گڵۆپەکان دەدوێن، بۆ کارە هونەری و دەستییەکانی خاتوونێكی پارێزگای هەڵەبجە «حوسنا هەورامی» کردەوە، کە تێیدا چەندین تابلۆ و کاری دەستی ناوبراو نمایشکران و بووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی ئامادەبووان.

لەبارەی کردنەوەی ئەم پێشانگه‌یە حوسنا هەورامی لە لێدوانێکی تایبەتدا بەخەباتی ڕاگەیاند: بەهاوکاری بەشی شێوەکاری لەبەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە کارە نوێیەکانم لەم پێشانگایدا نمایشکرد، کە بریتیبوون لە بەکارهێنانی 300 گڵۆپی سووتاو و 50 پەنجا شووشەی ساردی و شەربەت، ڵەگەڵ بەکارهێنانی پەڕۆ و فومی بەکارهاتوو، من ئەو کەرەستانەم کۆکردوەتەوەو کاری هونەریان پێ ئەنجام دەدەم، چونکە من لەهەموو پێشانگه‌و کارە هونەریەکانمدا بەشێک لەو کەرەستانەی ڕۆژانە هاوڵاتییان بەکاری دەهێنن و پاشان فڕێی دەدەن بەکاردەهێنم وەک هاندانێک بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: لەسەرەتای کاری دەسڕەنگین ووێنەکێشانمەوە تائێستا پێنج پێشانگه‌ی تایبەت بەخۆمم کردوەتەوە، هەروەها بەتابلۆ و کارە دەستییەکانم بەشداری زیاتر لە سی پێشانگاو فیستیڤاڵم کردووە، حوسنا هەورامی ئەوەشی بۆ خەبات ئاشکراکرد: لەکاتێکدا کە هاووڵاتیان پاشماوەکانیان فڕێدەدەن و ژینگە پیس دەکەن، من زۆر دڵخۆشم کە دەتوانم بەشێک لەو پاشماوانە کۆبکەمەوەو کاری هونەریان لێ دروست بکەم و بتوانم هۆکارێکبم بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکەم.

ئەوەشی بۆ خەبات ئاشکرا کرد: ئەو تابلۆ و کارە دەستییانەی لەم پێشانگه‌یەدا نمایشکرد گوزارشتەکانیان بەشێوەیەکی گشتی پەیامی هۆشیارییە بۆ هاوڵاتیان، چونکە من بۆ ئامادەبووانم ڕوونکردەوە وەک چۆن من لە گڵۆپێکی سووتاو و لەکار کەوتوو توانیمە کارێکی هونەری دروست بکەم بەهەمان شێوە هاوڵاتیان دەتوانن ئەو کەرەستانەی لەکار دەکەون فڕێیان نەدەن و بۆ بابەتیتر بەکاری بهێننەوە، وتیشی: لەڕێگەی خەباتەوە داوا لەتەواوی هاوڵاتیانی کوردستان و هاوشاریانی خۆم دەکەم هەموو جێگایەکی ئەم نیشتمانەمان بەماڵی خۆیان بزانن و پارێزگاری لەژینگەکەی بکەن، چونکە ئه ئەمانەتێکە لەسەرشانمان و پێویستە ئەم ژینگەیە بەخاوێنی ڕادەستی نەوەی داهاتووبکەین، بۆیە من لەڕێگەی تابلۆو کارە دەستیەکانمەوە ئەم پەیامە دەگەیەنم.

حوسنا هەورامی ئەوەشی بەخەبات ڕاگەیاند: لەپلانمدایە بۆ ساڵانی ئایندە پەرە بەکارەکەم بدەم، من ئێستا خاوەنی گەلەری تایبەت بەخۆمم ئەگەر لایەنی پەیوەندیدا هاوکاری ماددی و مەعنەویم بکات، دەتوانم کەسانیتریش فێری کارەکەم بکەم و پێکەوە کار بۆ دونیایەکی هونەری جوان و ژینگەیەکی خاوێن بکەین هیوادارم بتوانم بەو ئاواتەشم بکەم.