
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان هەڵوێستی توندی حزبەکەی سەبارەت بە داهاتووی چەکەکانیان و ئەرکەکانی حکومەتی لوبنان ڕاگەیاند.
قاسم لە نوێترین لێدوانیدا جەختی کردەوە کە “حزبوڵا بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابێت بە چەک داماڵین”. ئاماژەی بەوەش دا کە پرسی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێکی ناوخۆییە و لایەنە دەرەکییەکان بۆیان نییە دەستوەردان لە چۆنیەتی ڕێککەوتنە ناوخۆییەکانیان بکەن.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، سەرۆکی حزبوڵا پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیاری دەوڵەتی لوبنان بۆ گرتنەبەری ڕێگای دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیامێکی ئاراستەی حکومەت کرد و ڕایگەیاند: “پێویستە حکومەتی لوبنان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، کە سەرەتاکەی پاراستنی سەروەریی وڵاتە.”
نەعیم قاسم بە دەستەواژەیەکی توند ڕووی دەمی کردە حکوومەت و وتی: “دەبێت حکوومەت پاڵەوانێتییەکانی خۆی نیشان بدات، ئەویش لە ڕێگەی ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانەوە دەبێت.”
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەخنەی لە پێکهاتەی لیژنەی چاودێریی ئاگربەست گرت و ڕایگەیاند، دیاریکردنی نوێنەرێکی “مەدەنی” لەلایەن لوبنانەوە بۆ ئەو لیژنەیە، پێچەوانەی یاسایە