باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بەرپرسێکی باڵای سەربازیی وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی وڵات کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی باڵوێزخانەیئەمریکا، “کۆلۆنێڵ باگلی”، گەورە بەرپرسی بەرگریی ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانجی کۆبوونەوەکە بریتی بووە لە “بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان دژی ئەو لایەنە زیانبەخشانەی (Malign actors) کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیریی عێراق و بەئامانجگرتنی ژێرخانە هەستیار و گرنگەکانی وڵاتەکەیە.”
باڵوێزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەمێنێتەوە بە پشتیوانیکردنی هەوڵە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی سەروەریی عێراق.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و ژێرخانەکان لە عێراق و ناوچەکە زیادیان کردووە و ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوبەشە ناوخۆییەکانییەوە رێگری لەو مەترسییانە بکات.











