لیژنەى ئەمنیی پارێزگاى هەولێر، ڕاگەیاندراوێکی لەسەر گرژییەکانی گوندی لاجان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە:
ئێوارەی رۆژی دووشەممە ١/١٢/٢٠٢٥ کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆلی دۆخەکەیان کرد. لەو چوارچێوەیەشدا سەرکێشی ئاژاوەگێڕییەکان کە کەسێک بوو بە ناوی نێچیروان عیسا میرمسو، لە کاتی راکردنی لە رێگای کەرکووک دەستگیر و راپێچی بەردەم یاسا کرا.
دەشڵێ: ناوهاتوو خەڵکی هان داوە بۆ هەڵگرتنی چەک و تەقاندنەوەی دامەزراوە ئابووری و نیشتمانییەکان. تەواوی ئەوانەی بوونەتە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری و ئاژاوەیان ناوەتەوە، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
ئاماژەى بەوەش داوە: ئاشکراکردنی پیلانەکانی ئەو گرووپە و ئەوانەی پاڵنەری بوون بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەجێ دەهێڵین.