ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی، یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی لە زاخۆ بەسەر کردەوە.

سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند “سوپاسی خوای گەورە دەکەم بۆ ئەم ڕۆژە خۆشانە، دوێنێ لە جەزیرێ و ئەمڕۆ لە زاخۆم. خوا ئینشائەڵا هەر خێر و خۆشی و کەیفمان پێ بدات.”

سەرۆک بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوە و بەشداریکردنی لە یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ دەربڕی و گوتی” ئینشائەڵا ببینم زاخۆ  هەر جێگەی هونەر و کەلتوور و میهرەبانی و کوردایەتی و پێشمەرگایەتی بێت. زاخۆ، زاخۆیە.”

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش دا “جارێکیان بە زاخۆییەکانم گوت، ئێوە ڕۆحی منن، جارێکی تر پێم گوتن، ئێوە دڵی منیشن، نەک هەر ڕوحم؛ بەڵکو دڵ و ڕوحمن.”

لە کۆتاییدا، سەرۆک بارزانی دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی پێشانگاکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

ئەمە یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبە کە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەدەچێت. لە دوای هەولێر و سلێمانی، زاخۆ دەبێتە سێیەم شار لە هەرێمی کوردستان کە میوانداری پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کتێب دەکات.

لە پێشانگاکەدا زیاتر لە 20 هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێب پیشاندەدرێن و 50 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 10 وڵاتی جیاوازە بەشداریی تێدا دەکەن.

پێشانگاکە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام دەبێت؛ ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانییەوە تا 06:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت و چالاکی جۆراوجۆر تێیدا بەڕێوەدەچن.