چەتە و تاوانبار و تیرۆرستان لە عێراقدا؛ بەرز و بەڕێز و شکۆمەندن؟!

358

کاروان محەمەد سینو
هەموومان ئاگادارین؛ شەوی چوارشەممەی ڕابردوو بە (درۆن یان موشەک… کە تاکو ئیستا یەکلا نەبۆتەوە) هێڕش کرایە سەر گێڵگە (کۆرمۆر) بۆ بەرهەم هێنانی گازی سرووشتی لە ناحیەی قادرکەرەم سەربە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ئەنجامدا دەمودەست 100٪ دەرهێنانی گاز پەکی کەوت کە بۆ بەرهەمهێنانی بەشەهەرەزۆری کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهات. ئەمەش بووە هۆکاری بڕینی تەزووی کارەبای سەرتاسەری شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی کوردستان بەڕێژەی75-80٪.

بەڕێزان… ئەم هێڕشە لەم سات و ئانەدا (واتا لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم) و سودمەندانی کوژانەوەی ٪80 کارەبای هەرێمی کوردستان و ڕێگری کردن لە پێشڤەچوونەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و برسیکردنی خەڵکی کوردستان و داگیرکردنی زەوی جوتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ڕێگریکردن لە پەرپێدانی ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان (بەتایبەت گاز) وەکو سەرچاوەیەکی ناوخۆی جێگرەوەی سەرچاوە ئەقلیمییەکان و چەند ڕەهەندێکی دیکەی شۆڤینی و داگیرکاریی کە لێرەدا دەرفتی ئەوە نییە یەک یەک باسیان بکەین، هەموو ئەمانە چوارچێوەی چیڕۆکی هێڕشەکەی سەر (کۆرمۆر) وێنا دەکات و ئەکتەرکانی دەناسێنێت؛ تەنانەت دەرهێنەر و پشت کەوالیسی ئەم ڕووداوەش ئاشکرا دەکات.

بەڵام ئەوەی لەم چیڕۆکەدا سەیر و سەرسوڕێنەرە… حکومەتی عێراقی فیدڕال (وەکو هەموو جارێک.. واتا وەکو هێڕشەکانی دیکەی سەر ژێرخانی وزەی کوردستان) دەمودەست ناڕەزایی خۆی ڕاگەیاند و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دا و پەیمانی دا کەلە ماوەی 72کاتژمێر دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرا دەکات و تاوانباران ڕوو بەڕووی یاسا دەکاتەوە. هەڵبەت ئاماژە بە یاسای سزاکانی عێراق و یاسای نێودەوڵەتیش؛ تەقاندنەوەی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز تاوانێکی تیرۆرستانەیە و سزای توند لە بەرامبەردا دیارکراوە و پێویست دەکات دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکات و تاوانباران بۆ ڕای گشتی عێراق و کوردستان ئاشکرا بکات و ڕادەستی دادگایان بکات و سزایان بەسەردا بسەپینیت. بەڵام ئەوەی سەیرە لەم عێراقەدا کە دەوڵەت تەنها بڕیاری لێکۆڵینەوە دەدات و پاش چەند ڕۆژیک بێدەنگی لێدەکات و ئیتر بەردێکی لەسەر دادەنێت.

لەم ڕووەوە هەموومان لەبیرمانانە؛ جاری پێشوو (لەماوەی نێوان 15ی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025 دا) بە چەندین درۆن هێرش کرایە سەر چەندین کێڵگەی نەوتی کوردستان، ئەوکاتێش عێراق بڕیاری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەرکرد و پاشان بێدەنگی لێکرد سەڕەرای ئەوەی لایەنە پەیوەنددارەکان لە هەریمی کوردستان بەنوسراوی تایبەت شوێن و کات و تیرۆرست و لایەنی بەرپرس لە هەڵدانی دڕۆنە کان ئاشکراکرد و دایە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام دیسان بێدەنگی لێکرا و هیچ ئەنجامێکی ئاشکرا نەکر و هیچ لێپێچینەوەشی نەکرد؛ هەڵبەت بێ هەڵوێستی و بێدەنگی حکومەتی عێراق ڕێخۆشکەرە دەبێت لە بەردەوام بوونی ئەم تاوانانە. بۆیە دڵنیاین کە ئەمجارەش وەکو جارانی پێشتر ئەنجام و ئامانجی لێکۆڵینەوە بێدەنگ و بێ هەڵوێست دەبێت. ئەمەش گەواهی دەری ئەوەیە کە پێدەچێت چەتە و تاوانبار و تیرۆرستان لە عێراقدا؛ بەڕێز و شکۆمەند و پیرۆز بن؟!.
گەلۆ.. ئاخۆ ئەوانە دەبێ کێ بن؟!!، ئەمە پرسیارێکە هەموو خەڵکی عێراق و جیهان وەڵامەکەی دەزانێ.