بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئاریان سهلاحهدین، بریکاری وەزارەتی ڕشنبیری، فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ژمارەیەکی دیكه لە ڕۆشنبیران و هەوادارانی کتێب، چوارەم پێشانگەی کتێب و فێستیڤاڵی ئاشتی کە (9) رۆژ بەردەوام دەبێت بە بەشداری (20) دەزگا و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر و سلێمانی لە هۆڵی میدیا کرایەوە. كە لەلایەن ناوەندی رۆشنبیریی ئاشتی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ڕێكخراوە.
لە پێشانگاکەدا، جگە لە نمایشی سەدان کتێب و بڵاوکراوە، زنجیرەیەک کۆڕ و سیمیناریش بۆ نووسەران و توێژەران رێکدەخرێت. دوای کردنەوەی پێشانگاکە و بەسەرکردنەوەی بەشەکانی، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی ئێشانگاکە كرد و، هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووانی خواست. هەروەها كردنەوەی ئەم پیشانگایە بۆ خوێنەران و ئارەزوومەندانی كتێب بە پێویست زانی لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە كتێب و بواری رۆشنبیری و فەرهەنگی و دەوڵەمەندكردنی پاشخانی رۆشنبیری لە هەولێری پایتەخت.