ئاسۆ حاجی
شێخانی بارزان زۆر بە شیعرەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدێ خانی گرێ درابوون و گرێدراون. تا ئەو ڕادەیەی هیچ ماڵە بارزانییەکی خوێندەوار نەبووە، دیوانی جزیری لە ماڵدا نەبێت. دیوانی جزیری و کتێبەکانی خانی، چوارچێوەی پیرۆزییان وەرگرتووە و ئەو باوەڕە تا ئێستەش درێژ دەبێتەوە. شێخ عەبدولسەلامی یەکەم شاعیر بووە، ڕەنگە ئەوە یەکێک بێت لەو هۆکارانەی کە هێزی وشە و هۆنینەوەی شیعری بەلایەوە گرنگ بووە. ئەوەی زانیوە کە وشە هێزێکی لەبن نەهاتووە و لە ڕێگەیەوە دەتواندرێت خزمەت بە دەوروبەر بکرێت.
مستەفا بارزانی بەردەوام دوو کتێبی لەلا بووە، قورئانی پیرۆز و دیوانی مەلای جزیری. کوڕەکانیشی لەژێر هەمان كاریگەریدا، هەموویان شیعرەکانی جزیری و خانییان ئەزبەر بووە. ئەو دوو شاعیرە، کاریگەریی زۆریان لە چۆنیەتیی داڕشتنی بیر و باوەڕ و ئایینداری و خواپەرستیی شێخانی بارزان دروست کردووە. فریاد بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی دا دەربارەی ژیانی ئیدریس بارزانی، دەڵێت:»جارێکیان لە تارانەوە دەگەڕاینەوە ناوچەی سیلڤانە، لەوێوە تا گەیشتین ئیدریس بارزانی شیعرەکانی جزیری و خانی و هەندێک شاعیری دیکەی بۆ گوتین». دکتۆر تاریق ئاکرەیش کە هاوڕێی سەردەمی منداڵی ئیدریس بارزانی هەمیشە لە یاد و سەرۆک مەسعود بارزانی بووە، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ نووسەر باس لەوە دەکات، کە دوای ڕێکەوتنی یازدەی ئاداری ١٩٧٠ لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە کوردستان، شەو لەگەڵ ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی و سابیر بارزانی باسەکەیان هاتۆتە سەر شیعر و ئەدەبیات، دکتۆر تاریق دەڵێت، من کە لە ئەوروپا دەمخوێند ئەو باسەم وروژاند، بەڵام کوڕانی مەلا مستەفا باسەکەیان لێ وەرگرتم و بە گوتنەوەی قەسیدە و شیعرەکانی جزیری و خانی یەک بۆ ئەوەی دیکەیان دەستاندەوە و جگە لە گوتنی شیعرەکان ئەوە شڕۆڤەشیان دەکردن و واتاکانیشیان لێک دەدایەوە.
شیعر و غەزەل و قەسیدەکانی ئەو شاعیرانە، بەشێکی زیندوو و بەردەوام و دووبارەی ژیانی ڕۆژانە و ڕێوڕەسمی خواپەرستی خەڵکی بارزان بووە. لە ڕێگای ژمارەیەک موریدی دەنگ خۆش ئەو شاکارە ئەدەبیانە، بەردەوام لە گوێی خەڵکی بارزان زرینگاونەتەوە. یەکێک لەو موریدە دەنگخۆشانە بە مەلا جەعفەری کۆر بەناوبانگ بووە، تا سەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانی لە ژیاندا بووە، ئەو گێڕاویەتەوە کە لە تەکیەی بارزاندا کتێبخانەیەکی گەورە هەبووە، بەڵام عوسمانییەكان سووتاندوویانە.
جگە لە مەلا جەعفەری کۆر چەند دەنگخۆشێکی دیکەی بەناوبانگ هەبوونە کە دەنگیان بە تۆمارکراوی پارێزراوە، بەناوبانگترینیان کە ئێستاش خەڵک گوێیان لێ دەگرێت عەلی نێرگز، مەلا عیسان.
لە خاڵێکدا تێڕوانینە عیڕفانیەکەی جزیری و بیر و فەلسەفەی نەتەوایەتیی ئەحمەدی خانی، لەگەڵ بیروباوەڕ و عەقیدەی بارزان گەیشتوونەتە یەک، ئەویش عیشقە، کە کڕۆکی تەسەووف پێک دەهێنێت. عیشق لەلایەن شاعیرانی سۆفی و عارف، یەکجار زۆر بەکار هاتووە، هەموو جارێش لە یەک دۆخدا دەناسرێتەوە و واتا دەبەخشێت، ئەویش خۆشویستن و پێگیربوونە بە خۆشەویستی خوایی بێ مەرج. تەسەووف عیشق، نوێنەرایەتیی هێزی خێر دەکات و بەردەوام دوژمنێكی هەیە کە هێزی شەڕخوازییە (شەیتان، ئیبلیس)، ئەوەیان دەکرێت لە ئاستی کەسی (تاک) لێی بڕوانین. ئەگەر هەمان لێکدانەوە لەسەر ئاستی گشتی تەماشا بکەین، ئەو عیشقە خواییە دەبێت هاندەر بێت، بۆ ئەوەی خێر بەسەر شەڕدا سەربکەوێت، واتا پێویستییە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ژیانی ئاساییدا، بەشێک بێت لە هێزی خێر و دژی شەڕخوازان بوەستێتەوە؛ کەسێک هەڕەشە بوو لە سەر سەر و ماڵت، دەبێت ڕووبەڕووی ببیەوە، واتا بەرگری لە خۆت بکەیت. لێرەدا بەرگریکردن لە خاک دەبێتە عیشق، تێکۆشان لە پێناو ئەو عیشقەش دەبێتە ئەرک. شێخ ئەحمەد بارزانی گوتەیەکی هەیە دەڵێت: «ئەوەی ئێمە و جزیری مووێکی جیاواز نییە». جزیری خواپەرستی وەک «سەلوا» دەبینێت کە وشەیەکە و لە قورئاندا بەو واتایە هاتووە، هەر شتێک لە ڕک و خەم و خەفەت دوورت بخاتەوە و برینەکانت لە بیر بباتەوە ‹سەلوایە›. لە بارزاندا بەهۆی هەبوونی هەڕەشە و هێرشی بەردەوام لە سەریان، خاکی بارزان دەبێتە «سەلوا» پەناگەی خۆ پاراستن و بەرگریکردن. بە تایبەتیش کە لە دوای کۆچی دوایی شێخ عەبدولسەلامی یەکەم، کوڕەکەی شێخ محەمەد بۆ بتلیس دوور دەخرێتەوە. پاشان شێخ عەبدولسەلامی دووەم و دواتریش شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا، دووچاری هەمان چارەنووس دەبنەوە، پرسی مانەوە لە سەر خاک و ترسی ڕاگواستن و دوورخستنەوە، دەبێتە پرس و ترسێکی جددی و بەرەنگاربوونەوەی دەبێتە ئەرکی یەکەمیان، بۆ ئەوەش پیویستیان بەوە بوو، کە یەکگرتوو بن، ئەم یەكگرتوویییەشیان هەر لە هەوێنی ئایینەوە بەهێز كردووە و بەردەوام ئەو دوو ئایەتەی قورئانی پیرۆزیان لەسەر زار بووە «واعتصموا بحبل الله جمیعا ولا تفرقوا»، بۆیە بڕیاریان داوە، پشتی یەکدی بەر نەدەن، تا دوژمن زەفەریان پێ نەبات. هەروەها ئایەتی «والذین هاجروا في سبیل الله ثم قتلوا أو ماتوا لیرزقنهم الله رزقا حسنا وإن الله لهو خیر الرازقین». ئەمە وای كردووە، بەرگریکردن لە خاک و شەڕکردن لە پێناو مانەوەدا لە سەر ئەو خاکە، خاکویستی (نیشتمانپەروەری) ببێتە لووتکەی هەرە بەرزی خواپەرستی لە عەقیدەی بارزان. لە هەمان کاتدا کۆچباربوون و دوورکەوتنەوەی زۆرەکی و ناچاریش وەک بەشێک لە خواپەرستی هەژمار کراوە، کە پاداشتەکەی لەلایەن خودای پەروەردیگارە لە بەخشینی ڕۆزی و ژیانێکی شایستەیە. بۆیە لە مێژووی بارزاندا لە پێناو درێژەدان بە تێکۆشان بە ئامانجی ڕزگارکردن خاك و ئازاد کردنی خەڵک زۆرجار دووچاری دوورکەوتنەوه لە بارزان بوونە و وەک کۆچەبەر و ئاوارە و پەناهەندە ژیاون.
لە ساڵی ١٦٧٥ واتە زیاد لەسەدەیەک پێش شۆڕشی فەڕەنسی کە بیرۆکەی نەتەوە و دەوڵەت و نەتەوە لە ڕۆژئاوادا بڵاو دەکاتەوە، ئەحمەدی خانیی شاعیر و عاریف و فەیلەسووفی کورد، لە داستانی «مەم و زین» یان «مەمێ ئالان»دا، داوای یەکگرتن و دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە نەتەوەکەی خۆی دەکات. خانی لەلایەن ئەرستۆکراتەکانی کورد و خەڵکە ئاسایییەکەوە، لەبەر چەندان هۆکاری خودی و بابەتی گوێی لێ نەگیراوە، کە دیارترینی ئەو هۆکارانە ئەوە بووە، لە جیهانی ئیسلامیدا، وەک جیهانی مەسیحییەت بیری ئایینی بەگشتی بەسەر بیری نەتەوەییدا زاڵ دەبێت. ھەر میرێک لە بەرژەوەندیی میرنشینەکەی و خێزان و تیرەکەی دەبێت، بۆیە بیر و فەلسەفەکەی ئەحمەدی خانی وەک هەوڵێکی تاکەکەسی و کاریگەر کەم دەمێنێتەوە. پاش تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر پشگوێخستنی ئەو بیرانەی ئەحمەدی خانی لەلایەن هەموو كوردەوە، بۆ یەكەم جار لە سەر دەستی بنەماڵەی بارزانی، ئەو بیرە نەتەوەیی و نیشتمانییە لە چوارچێوەی بزاڤێکی سیاسیی خورتدا ڕێک دەخرێت و لەسەر دەستی مستەفا بارزانی دەگاتە چلەپۆپە و بۆیەکەمین جار، زاکیرەی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی لەلایەن گەلی کوردەوە دروست دەبێت.
هەروەها کورد و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان، لە ئاشووری، ئەرمەن، کلدان و تورکمان لە دروستبوونی ڕووبەرێکی زاکیرەی نیشتمانیی کوردستانیدا بەیەک دەگەن، لەگەڵ ئاشووری و ئەرمەنەکاندا، ئەزموونێکی گەورە و گرنگی پێشووتر هەیە کە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەم، پڕۆژەی دامەزراندنی وڵاتێکی فیدڕاڵی لە نێوان ئەو سێ نەتەوەیە لە ئارادا بووە کە «ماڕ شەمعوون» گەورە و باوکی ڕۆحیی میللەتی ئاشووری و لەلایەن پاشای ئەرمەنی ئەدڕانیک، هاوڕا و هاوکاری شێخ عەبدولسەلام بوون، بەڵام ئەو پڕۆژەیە دەرفەتی جێبەجێکردنی پێ نەدرا، بەهۆی شەهیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و ماڕ شەمعوون و ئاوارەبوونی ماڵباتی ئەدڕانیک پاشا.