دیمانە- لاپه‌ره‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگ
گەزەنگ محەمەد عەبدولواحید، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی کۆیە و دەرچوویی كۆلێژیی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەڵاحەددینە. هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە هونەری شێوەكاری/سیرامیك. ماستەرەكەی لە ژێر ناونیشانی ( فێنۆمینۆلۆجیایی درككردنی جوانی لە هونەری سیرامیكی هاوچەرخە لە هەرێمی كوردستاندا) لە دیمانەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات وەڵامی چەند پرسیارێکی لە بارەی هونەر داینەوە.
بۆچی ئەم ناونیشانەت بۆ نامەی ماستەرەکەت هەڵبژارد؟
ناونیشانی نامەی ماستەر یان تێزی دکتۆرا تەنیا دەستکەوتێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو دەبێتە ئۆنتۆلۆجیای بیرمەندانە و هەستی بوونی زانستی توێژەر. ئەم ناونیشانە وەک نیشانەیەکی سیمیائی دەبێتە ناسێنەری فیکری و شوناسی ئەپیستمۆلۆجی کەسایەتی.
بە هەستێکی سەرفرازییەوە، من وەک یەکەم هونەرمەندی کورد هەنگاوم نا بۆ ناو ئەم بۆشاییە مێتافیزیکییە، بە تایبەتی لەسەر چەمکی (فێنۆمێنۆلۆجیا) و (درککردن) کە پێکەوە دیالێکتێکی فەلسەفی — هونەری پێکدەهێنن.
بێگومان لەسەر ئەم دوو چەمکە بە زمانی عەرەبی توێژینەوەی زۆر ئەنجام دراوە، بەڵام بە زمانی کوردی هێشتا لە چوارچێوەی ئەپیستمۆلۆژیای هونەریدا بە بۆشاییەکی ئاشکرا ماونەتەوە. لە بوارەکانی دیکەی زانستدا هەندێک توێژینەوە هەیە بێگومان، بەڵام لە مەیدانی هونەردا بۆشاییەکی ئاشکرا دیار بوو.
سوپاسی سەرپەرشتیارەکەم دەکەم، بەڕێز (پ.د. سەنگەر قادر حاجی)، كە بینینی فەلسەفییەکەی ڕێگەی ئەم دۆزینەوە مێتۆدۆلۆژییەی بۆ خۆش کردم. کاتێک بەڕێزیان پێشنیازی كرد لەسەر چەمکی (فێنۆمێنۆلۆجیا)کاربكەم. ئەم پێشنیازە لای من وەک گەنجینەیەک بوو، چونکە من لە بنەڕەتدا دڵبەستەی بابەتە فەلسەفییەکانم و کتێبی زۆریان لەسەر دەخوێنمەوە. لەبەرئەوە بڕیارم دا لە تەنیشت چەمکی (فێنۆمێنۆلۆجیا)، چەمکی (درککردنی جوانی)یش وەک تەوەرێکی دووەم بخەمە ناو توێژینەوەکەمەوە.
سوپاس بۆ خوا، توێژینەوەکە دەرئەنجامێکی نایاب و سەرکەوتووی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بە خۆشحاڵییەوە لە دوای تاوتوێکردنی نامەکەم، چەندین سمینار و گفتوگۆی زانستی لەسەر هەردوو چەمکەکە ئەنجامدراوە. ئەمە بۆ من جێگەی شانازی و سەرفرازییە، چونکە دەسەڵمێنێت کە توانیومە شتێکی بەنرخ و سەرنجڕاکێش پێشکەش بە مەیدانی توێژینەوەی کوردی بکەم.
چۆن حه‌ز و خولیات بۆ به‌شی سیرامیك چوو؟
ئەم پرسیارە یادگاری جوانی بیرهێنامەوە، وەک گوزەرێک بۆ ناو یادگارییەکانی منداڵیم. حەزی سیرامیکم وا پێدەچێت باشترە تا ئەم حەزە بە چێژێکی هونەری ناو ببەم. ئەم پرسیارە منی بردەوە بۆ یادگارییەکانی کاتی منداڵیم، کاتێک دایکی ڕەحمەتیم باخچه‌ی ئاو دەدا. من هەتا دایکم لە کارەکەی تەواو دەبوو، دەستم لەناو قوڕ دەبوو و جۆرەها شتم دروست دەکرد‌وئێ لەم قوڕەی کە بێگومان قوڕێکی پیس بوو و نەدەگونجا بۆ کاری سیرامیک. دواتریش لەبەر هەتاو دامدەنا تا وشک دەبووەوە.
لەو کاتەدا ئەو حەزە هونەرییە، بەتایبەتی هونەری سیرامیک، لە نێو دڵمدا چەکەرەی کرد و خۆی بنیادنا وەک حەز و چێژێکی هونەری. کاتێکیش چوومە قۆناغی ناوەندیی، هەموو ساڵێک بەشداری پێشانگەی هونەری ساڵانەم دەکرد بە زۆرترین تابلۆ. بە تەواوی حەزی هونەری لەو کاتەوە گەشەی کرد لە هزری من، زۆر جیاوازتر بوو لە حەزە هونەرییەکەی کاتی منداڵیم. کاتێکیش چوومە پەیمانگە، ئەم بەشەم هەڵبژارد.
بۆچی به‌شی سیرامیكت هه‌ڵبژارد؟
پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، پێویستە ڕوونی بکەمەوە چۆن ئەم بەشەم هەڵبژارد. لە سەرەتادا من لە بەشی گرافیک ناوم هاتەوە لە پەیمانگە، بەڵام دواتر سەیرم کرد کە گشت هاوڕێکانم لە بەشی سیرامیک ناویان هاتەوە. لەبەر ئەوە بڕیارم دا بەشەکەم بگۆڕم لە گرافیکەوە بۆ سیرامیک.
ئیتر کێشەیەکی گەورەم بۆ دروست بوو، چونکە بەش ڕازی نەبوون. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە من لە هێڵکاری زۆر باش بووم، بۆیە سەرۆکی بەش پێشنیازی کرد بڕۆمە بەشی پەیکەرسازی. بەڵام من بەویش ڕازی نەبووم. دوای کێشمەکێشمێکی زۆر، لە کۆتاییدا بەش ڕازینەبوون بچمە لقی سیرامیک.
هەڵبژاردنی ئەم لقە هونەرییە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنمەوە:
یەکەم: حەزە هونەرییەکەم لەم بەشەدا دەبینیەوە، کە ئەمەش بێگومان فاکتەر و پاڵنەرێکی زۆر گرنگ بوو بۆ من. چونکە دواڕۆژێکی ڕوونی تێدا بەدی دەکەم. دووەم: زۆربەی هاوڕێکانم لەو بەشەن، کە ئەمەش دڵنیاییەکی زیاتری پێبەخشیم سوپاس بۆ خوا، ئەم بەشە بووە هۆی کرانەوەی ڕێچکەیەکی ڕوون و ڕۆشنایی بۆ ژیانم.
له‌ ئێستادا هاتنی ئافره‌تانی قوتابی بۆ به‌شی سیرامیك له‌ په‌یمانگە و كۆلیژی هونه‌ره‌ جوانه‌كان رێژه‌یان چۆنه‌؟
ئەم پرسیارە زۆر بە دڵمە، چونکە خۆم ئافرەتم و دەتوانم بە ڕوونی و جوانی وەڵامت بدەمەوە. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە من بە هیچ جۆرێک حەز بە جیاوازی جێندەری یاخود ڕەگەزی ناکەم لە نێوان ئافرەت و پیاودا، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی لقەكان لە نێو كایەیی هونەردا. لەوانەیە هەندێک لە هونەرمەندان لەگەڵ ئەو وەڵامەی من نەگونجێن یاخود پێیان هەرس نەكرێت، بەڵام من هونەری سیرامیک بە ناسکترین هونەر دەزانم لە چاو هونەرەکانی دیکەی شێوەکاری و هیچ کەموکوڕییەک یاخود ڕەقێك و زبرێك لەم هونەرەدا نابینم. لە ئێستاشدا هونەری سیرامیک هەڵگری کۆمەڵێک پەیامی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە و لە ڕووی بایەخەوە هیچی لە هونەرەکانی دیکە کەمتر نییە.
ئەگەر ئێستا سەیری ڕێژە بکەین، دەبینین کە ڕێژەی ئافرەتان زۆر زیاد بووە لەم هونەرەدا. من وەک مامۆستایەک لە کۆلێژ، ئەوەندە سەیر دەکەم کە ڕێژەی ئافرەتان لە لقی سیرامیک زۆر بەرچاوە، سوپاس بۆ خوا من وەک خۆم حەز دەکەم ئافرەتان بخزێنە زۆربەی بوارەکان، نەک تەنیا لە هونەر، چونکە ئافرەتان هیچیان لە ڕەگەزی بەرامبەر کەمترنین، با لە هەموو پێگەکاندا شوێن پەنجەی خۆیان بەجێ بهێڵن.