بەهۆی فشار و ناڕەزایەتیی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و چالاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كاروان كەلاری، پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو لەلایەن هێزێكی ئەمنیی یەكێتییەوە دەستگیر كرا، کەمێک لەمەوبەر بە كەفالەت ئازاد كرا.

سەرچاوەیەک لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ڕایگەیاند، کاروان کەلاری، ڕۆژنامەنووسی دیاری دەڤەری گەرمیان و بەڕێوەبەری ڕادیۆی کازیوە، پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتییەوە دەستگیر کرا، کەمێک لەمەوبەر بە کەفالەت ئازاد کرا.

هەر ئەمڕۆ، لیژنەی داكۆكی لە ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسان لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا، داوای ئازادكردنی ڕۆژنامەنووس كاروان كەلاری كرد، دەڵێ: “ئاماژە بە ڕاگەیاندنی نووسینگەی گەرمیانی سەندیكا، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەستگیركردنی لەناكاوی رۆژنامەنووس كاروان كەلاری، ئەندامی سەندیكاكەمان لەلایەن هێزێكی ئەمنی بەدەر لە رێكارە یاسایی و پێشێلی یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە 35ـی ساڵی 2007، دەردەبڕێت.”

داواشی كرد، “شوێن و لایەنی دەسگیركردنەكەی ئاشكرا بكرێت و تەواوی ئاسانكاری بۆ هاوپیشەمان كاروان كەلاری بكرێت تاوەكو دەستی بگاتە هەموو مافە یاساییەكانی و بەزوویش ئازاد بكرێت.”

جێی باسە، کاروان کەلاری، ساڵانێکە کار لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی دەکات، بەتایبەت ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتییانەوە.