نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆڕێکی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی بە تۆمەتی دابینکردنی دارایی بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی خاوەوە سزا دا.
سکۆت بێسنێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاند ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ بڕێنی سەرچاوە داراییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و گرووپە تیرۆریستییەکانی. ئەو گوتیشی پەکخستنی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران بۆ جڵەوکردنی ئاواتە ئەتۆمییەکانی ئێران پێویستە.

 سزادانەکە شەش کەشتی لە خۆ دەگرێت کە بەشێوەی نافەرمی نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە و گەیاندوویانەتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. سزاکە هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێکاری نوێ بەرامبەر بە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ‘ماهان ئێر’ بگیرێتە بەر کە تۆمەتبارە بە هاوکاری لەگەڵ سوپای قودس و گوێزانەوەی چەک و پێداویستی بۆ هێزە میلیشیاییەکانی ناوچەکە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات.