سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا، جەخت لەسەر پرۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و گرنگی پابەندبوون بە دەستوور و یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان کرایەوە.
سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیای کرد و ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی بۆ پارتی دروستکران، بەڵام بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان، پارتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت. سەرۆک بارزانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن، لێکنزیک ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن
باڵیۆزی بەریتانیا، عیرفان سدیق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد، کە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی بەدەست هێنا. هیوای خواست کە پرۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردن لە عێراق ڕێچکەی خۆی بگرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان.
سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق. ڕاشیگەیاند: “ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خاڵی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدراڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕوایان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو بڕگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تا ئێستا جێبەجێنەکراون، وەکو یاسای ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای نەوت و گاز. هەر کەس و لایەنێک پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستوور نزیکترین کەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی کوردستان.”
پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموو نەرمییەکیان نواندبوو و پێشتریش ڕایانگەیاندبوو کە مەرج نییە ئەو هەلومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت. بەڵام گرنگە کە دەگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانن بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن. لەسەر پرسی یەکڕیزیی کورد لە بەغدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە کە “باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدراڵیەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور.”