خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- گەڕی دووەمی خولی نایابی کوردستان کۆتاییهات، لە نێو یانەکان هەندرێن سوودمەندی یەکەمی خولەکە بوو، یانەی هەندرێن لە دوو یاریی ڕابردوو دوو بردنەوەی تۆمار کردووە، لە دوایین یارییدا بەرامبەر یانەی دەربەندیخان بە ئەنجامی گۆڵێکی خاوێن یارییەکەی بردەوە، بەم سەرکەوتنە هەندرێن لەکۆی دوو یارییدا بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ، پلەی یەکەمی ڕیزبەندی خولی نایابی کوردستانی گرتووە.
یانەی ڕانیە ئەم وەرزە بە تیپێکی ئاستبەرز و تۆکمە دەردەکەوێت، ڕانیە لە کۆی دوو یاری، تەنها 4 خاڵی کۆکردۆتەوە و لە دوایین یاریی گەڕی دووەمی خولەکەدا بەرامبەر ئاکرێ بەگۆڵێک یەکسان بوون، بەم ئەنجامە ئاکرێ لە ئێستادا پلەی دووەمی ڕیزبەندی خولەکە دێت.
یانەی ڕزگاری لە نێو یاریگەی خۆی، توانی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە یانەی قەڵادزێ بباتەوە، ئەم سەرکەوتنە بۆ یانەی ڕزگاری لەم کاتەدا زۆر سوودی هەبوو، بە تایبەتی دوای یانەی ڕانیە، ڕزگاری بەئەنجامدانی دوو یاری، بردنەوەیەک و یەکسانبوونێکی هەیە، لە ئێستادا ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ له پلەی سێیەمی ڕیزبەندی دێت، یانەی پیشەسازی دوای کشانەوە و گەڕانەوی بۆ خولی نایابی کوردستان، لەئەنجامە خراپەکانی بەردەوامە، پیشەسازی لە کۆی دوو یارییدا هیچ خاڵێکی بەدەست نەهێناوە، یانەکە بەهۆی قەیرانی دارایی لە بارودۆخێکی خراپدایە.
ڕیزبەندی یانەکان لە پلەی یەکەم تا پلەی پێنجەم بەمشێوە دەبێت:
1-هەندرێن 6 خاڵ
2- ڕانیە 4 خاڵ
3-ڕزگاری 4 خاڵ
4- سیروانی نوێ 3 خاڵ
5- قەڵادزێ 3 خاڵ