بارزانی.. سێ جیاوازی، سێ وانە و یادەوەرییەك

197

عەبدولحوسێن شەعبان
كاتێك ئەدەب و یادەوەری بەیەك دەگەن، مێژوو ئامادە دەبێت، بۆ ئەوەی دیمەنێكی كراوە بۆ ڕەنگدانەوەكانی ویژدانی مرۆیی پێكبهێنێت، ڕەنگە ئەمەش لە پەرلەمانی عێراق، لە بەڵگەداركردنی گێڕانەوەیەكی زیندووی ڕۆمانی هاوڕێ جان دۆست، بە ناونیشانی (دوا شەڕەكانی ژەنەڕاڵ)دا ڕووی دابێت، كە باسی قۆناغی كۆتایی ژیانی سەركردەی كورد مەلا مستەفا بارزانی دەكات. من چوارچێوەیەكم بۆ وتارەكەم دیاری نەكردبوو، بەڵام كاتێك چوومە ناو گومەزی پەرلەمانەوە، سێ بەرەواژی* و سێ وانە لەبەردەممدا كێشران، هەروەها چەند ڕووداوێكی دووریش بازیان دا، كە هێشتا لە یادەوەریمدا مابوونەوە، كە لە پردێك لە نێوان ڕابردوو و ئێستا و چاوبڕین لە داهاتوودا نزیكە.

جیاوازی یەكەم:
مەلا مستەفا بارزانی بە هەموو قورسایی واتایی و ئەدەبی خۆیەوە لە پەرلەمانی عێراق ئامادە دەبێت، كێ بەلایەنی كەمەوە، چارەكە سەدەیەك پێش ئێستا، وێنای دەكرد ئەمە ڕووبدات؟ بارزانی، كە ناوی لە كۆڕە فەرمییەكانی حكوومەتدا دەهات، بە چەندین وەسفی ناسیاسی وەكوو (ڕێگر) و (یاخیبوو) و سەرۆكی (گیرفانی بەكرێگیراو) و چەندین ناتۆرەی دیكە وەسف دەكرا، بەڵام ئەمە بەرەواژ بوویەوە و ئەمڕۆكە ناوی جەنەڕاڵ بارزانی دەهێنرێت، ئەو تایبەتمەندییانەی كە گەلی كورد دەیناسێت، وەك سەركردەی بزووتنەوەی كورد و ڕێبەری شۆڕشی ئەیلوولی 1961، كە نوێنەرایەتیی ئاواتەكانی گەلی كورد و گوزارشتی لە بۆچوونەكانی دەكرد، بەدوایدا دێن.

جیاوازی دووەم:
گەڕانەوەی ئەمجارەی(مەلا مستەفا بارزانی) لە ڕێگەی ئەدەب و كلتوورەوە بوو، كە یەكخەرن، كەچی سیاسەت پەرتكەرە. بە گوتەی ڕۆماننووسی گەورەی ڕووسی ماكسیم گۆركی، ئەدیب و هونەرمەندان مێژوو دەنووسنەوە، نەك مێژوونووسان. بارزانیش هەرچەندە مێژووە، بەڵام وەكوو سیمبولێك بۆ گەلی كورد و نەتەوەی كورد، بەردەوام، تێكهەڵكێش و تێپەڕێنەری جوگرافیایە. جەواهیری گەورەش لە قەسیدەكەیدا بە ناوی (كوردستان یان نیشتمانی پاڵەوانان) گوزارشتی لەمە كردووە و زۆر جوان وەسفی كوردستان و بارزانی كردووە و دەڵێت:
صُلبُ الملامحِ تتَّقي نظراتِه..
شهْبُ النُّسورِ ويَدَّريها الضَّيغَمُ

جیاوازی سێیەم:
ئێمە لە هۆڵی شاعیر و پەرلەمانتار و وەزیر محەمەد ڕەزا شەبیبی كۆ بووینەتەوە، ئەمەش سیمبولێكی دیكەیە، چونكە شەبیبی یەكێ لە پشتیوانانی دۆزی كورد بوو و لە ساڵی 1965دا، یاداشتێكی بۆ سەرۆك عەبدولسەلام محەمەد عارف نووسیبوو و داوای لێ كردبوو، كە دۆزی كورد بە ئاشتیانە چارەسەر بكات، كاتێك دوای سەردانەكەشی بۆ كوردستان، گەڕایەوە بەغدا، لە ساڵی 1966دا كۆچی دوایی كرد.

سێ وانەكەش ئەمانەن:
یەكەم: مەلا مستەفا بارزانی كەتواری سیاسی و ئەو دووربینییەی هەیبوو، هەرچەندە خاوەنی بیروباوەڕێكی پتەو بوو، بەڵام نەرمیی سیاسیشی هەبوو، كە وای لێ كردبوو بەدوای چارەسەری كەتواری، لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بگەڕێت، هەر لە هاووڵاتیبوونی یەكسان و هاوشانەوە، تا دەگاتە ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كورد. بارزانی لەمەدا لە باوەڕی ڕاستەقینەی خۆیەوە، بە پەیوەندیی مێژوویی عەرەبی-كوردییەوە سەرچاوەی دەگرت، ئامادەش بوو لە هەموو كات و دۆخێكدا، گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقدا بكات، هەمیشە جیاوازیشی لەنێوان هەڵوێستی حكوومەتەكان و هەڵوێستەكانی عەرەبدا دەكرد، بۆیە شانازی بە دۆستایەتییەكانی لەگەڵ عەرەبەكاندا دەكرد، لێرەدا ناوی ئەو كەسایەتییە بەرچاوانە وەبیردەهێنینەوە كە ڕێزێكی زۆری لێدەگرتن وەكوو: عەزیز شەریف، كامیلی چادرچی، ئیبراهیم كوببە، حوسێن جەمیل، سەید موحسین ئەلحەكیم، جەمال عەبدولناسر، كەمال جومبلات و چەندانی تر.

دووەم: هاوپەیمانیی هێز و حكوومەتەكانی دژ بە كورد، دەبێت بە هاوپەیمانییەك لە لایەن دۆستەكانییانەوە بەرەوڕوو بكرێنەوە. بارزانی لە ناوەڕاستی چلەكانی سەدەی ڕابردوودا، لە عێراق و ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، بێگومان هەڵوێستی توركیاش، لە هەڵوێستی ئەو حكوومەتانەی كە مافەكانی گەلی كوردیان پێشێل دەكرد، باشتر نەبوو. بارزانی، دوای ئەوەی كۆماری کوردستان لە ساڵی 1946دا شكستی هێنا و قازی محەممەد لە سێدارە درا، ناچار بوو پەنا بباتە بەر یەكێتیی سۆڤییەت، كە تێیدا گرنگیی هاوكاریی لەگەڵ گەلی كوردی بۆ دەركەوت، واتە گۆڕینی جوگرافیا لە بەرژەوەندیی ئەوە و لە دژی نییە.

سێیەم: بارزانی تێگەیشت كە ڕێككەوتننامەی 6ی ئازاری 1975 (ڕێككەوتننامەی جەزائیر)، كە تێیدا عێراق دەستبەرداری نیوەی شەتولعەرەبی بەپێی هێڵی تالوك بۆ ئێران بوو، بووە هۆی نسکۆی بزووتنەوەی چەكداریی كورد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانی هێزە دەرەكییەكان و پێشخستنی بەرژەوەندییە خۆپەرستە تەسكەكانیان بەسەریدا، بۆیە دەبێت كورد پشت بە خۆی و دۆستە ڕاستەقینەكانی، لە خەڵكی ناوچەكەدا بەتایبەتی عەرەبەكان ببەستێت، چونكە هێزە دەرەكییەكان، هەرچەندە ئامادەیی خۆیان بۆ پشتگیریكردن لە كورد دەرببڕن، كەچی لە كۆتاییدا تەنیا بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەلاوە گرنگە، ڕەنگە لە نێوان ئامانجەكانیشی، لاوازكردنی هەمووان هەبێت، بۆ ئەوەی هەر بەسەریاندا زاڵ بێت. لێرەدا قسەكانی هێنری كیسنجەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ساڵی 1975دا وەبیردەهێنینەوە، سەبارەت بە پاساوەكانی واشنتۆن بۆ وازهێنانی لە پشتگیریكردنی كورد، لەسەر داواكاریی تاران، وەكوو ڕێگەخۆشكردن بۆ ڕێككەوتننامەی جەزائیری بەدناو بوو، هەروەها لێرەدا ئەو شتانە وەبیردەهێنینەوە، كە لە ڕاپۆرتەكەی (بایك)دا سەبارەت بە پاساو و بیانووەكان، بۆ ئەو هەڵوێستە لایەنگیرییەدا هاتووە، ئەوەی ساڵی 1976، لە دانیشتنێكی نهێنیدا پێشكەشی كۆنگرێس كراوە.

یادەوەرییەكەش ئەوەیە: ئەو دیدارە مێژووییە بوو، كە من و مەلا مستەفا بارزانی، لە سەرەتای مانگی ئایاری 1970 دوای بەیاننامەی 11ی ئادار لە نێوان حكوومەتی عێراق و شۆڕشی كورددا كۆ كردەوە، من بە سەرۆكایەتیی شاندێك بۆ گەڵاڵە، بە هاوڕێیەتیی ملازم خدر (فەریق سوهەیل نوعمان تەمیمی) سەردانم كرد، كە عەلی عەبدوڵڵا، ساڵح یوسفی، عەلی شنگالی و مەحموود عوسمانیش ئامادەی بوون، پاشان عەزیز شەریف گەیشت و فرانسۆ هەریری پێشوازیی لێ كردین. وەكوو ئەوەی دەنگێك لە مێژووەوە بێت، گوێم لە بارزانی گرت، ئەم پیاوەی كە لە تەنیشتی دانیشتووم، نەوەی خێزانێكی دێرینە، خاوەنی تەریقەتی نەقشبەندییە، لەبەر ئەوەی منیش لە بنەماڵەیەكی ئایینیم، دەزانم ئەمە چی دەگەیەنێت، ئەمە خێزانێكی خەباتگێڕ و ئازایە. بۆی گێڕامەوە، چۆن 17 جار ناوچەی كوردستان داگیركراوە، ئەو كە تەمەنی 3 ساڵان بووە لەگەڵ دایکی لە زیندانی مووسڵ زیندانی كراون، عەبدولسەلامی برای لە سێدارە دراوە، لەگەڵ شێخ «ئەحمەد»ی برای لە ڕاپەڕینی شێخ مەحموودی حەفید (1919)دا بەشداری كردووە و نزیكەی 12 ساڵیش لە یەكێتیی سۆڤییەتدا ژیاوە. وەبیرم دێت نامەیەكی (بەدەسخەتی ساڵح یوسفی) نووسی، لە ڕۆژنامەی نهێنی (تەریق ئەلشەعب)دا ژمارەی (حوزەیران/تەممووزی 1970)دا بڵاومان كردەوە، كە سەبارەت بە هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی گیراوەكان و كاركردنی لە پێناوی پێكهێنانی بەرەیەكی نیشتمانی بوو، كە هەمووان بگرێتەوە، بە ئایەتێكی قورئانیش (لا یكلف الله نفسا الا وسعها)[البقرە: ٢٨٦] كۆتایی پێهێنا، لە كۆتایی دیدارەكەشدا تەسبیحێكی (دەستكرد) و دارجگەرەیەكی دروستكراوی خۆی پێشكەش كردم، كە چەندان ساڵ بوو هەردووكیانم هەڵگرتبوو، بەڵام لە كاتی پشكنینی ماڵەكەم لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە، هاوشێوەی كتێبخانە تایبەتییەكەم، دەستیان بەسەردا گیرا.
لە كۆتاییدا دەڵێم، ئەگەر ڕۆمانی ڕووسی لەژێر كەپەنەكەی گۆگۆڵەوە دەرهاتبێت، ئەوا بزووتنەوەی كوردی هاوچەرخیش، لە جەمەدانییەكەی بارزانییەوە دەرهاتووە.
و: ڕەمزی میرەكان