عارف ڕوشدی
پارتی حزبی ئەركە قورسەكان و بەرپرسیارێتییە چارەنووسسازەکانە، ڕابردووی پڕ لە سەروەری و بەرخودان، ئێستای پڕ لە سەقامگیری و ئاوەدانی، ئاییندەی پڕ لە ئومێد و پێشكەوتنە، پارتی حزبی نەتەوەسازی و بەرزڕاگرتنی پیرۆزییەكانی نیشتیمانە، وردبینانە هەنگاو دەنێت و بەردەوام لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکاندا بە بەرنامە و پلانەوە دەچێتە ناو هاوكێشە سیاسییەكان، خەمە گەورەکەی پارتی پاراستنی سەروەریی گەل و بست بە بستی خاکی وڵاتە، لە هەوڵی بێوچانی چەسپاندنی بنەما و ئاکارەکانی دیموکراسیدایە، بۆیە دەنگدان بە لیستی ژمارە (275) دەنگدانە بە حەق و دەنگدانە بە مافە ڕەواکان و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەکانە، دەنگدانە بە بەردەوامیی سەقامگیری، بە ئاوەدانی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجەکانمانە، دەنگدانە بە کوتاییهێنانی پروسەی بەدناوی (تەعریب) لە کەرکووک، شنگال و خانەقین، دەنگدانە بە پڕۆژەکانی گەشانەوەی ژیان و دەنگدانە بە حزبی کار و کردەوە و سازان.
لەبارەی دروشمەكانی ئەمجارەی، پارتی سازانێکی مەبەستە، سازانی ئەرێنی بێت لەپێناوی هەنگاوێک بۆ پێشەوەچوون و پاراستنی سەروەری بێت، سازانێک ئامانجەکانی (یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە) بێت لە ئاستی کوردستان و (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) بێت لە ئاستی عیراقدا كە دەبێت ئەمانە هەمووی وەک ماف و دەستکەوتی نیشتیمانی بەدی بهێنرێن.
بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵگری ئەو دروشمانەیە كە بە كردار توانای جێبەجێكردنی هەیە و بە هەموو توانایەكیشییەوە هەوڵیان بۆ دەدات، پارتی هەرگیز دروشمێك بەرز ناكاتەوە كە توانای ئەنجامدانی نەبێت و بەڵێنێك نادات كە مەحاڵ بێت.