دەتوانین و بەرەو ملیۆنێک زێدەتر

139

چیا هەرکی*
ئەوەی پارتی لە حزبەکانی تر جیا دەکاتەوە، بوونی ڕوانگە و دیدگای ئێستا و ئاییندەیی، پلان و پڕۆژەیە. ئەم ڕوانگەیەی پارتیش بەرهەمی ئەزموونێکی دوور و درێژی خەباتە، وەک چۆن پلانەکانیشی بەری بەرچاوڕوونی و دووربینییە.
پارتی وەک ئەوەی نەک هەر نوێنەرایەتی، بەڵکوو خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی دۆزی نەتەوە و نیشتمانێک دەکات، خاوەنی گوتاریشە. بۆیە بە ئاگایی و هۆشیارییەوە و لە هەموو قۆناغ و وێستگەیەکی (٧٩) ساڵی ڕابردووی تا ئەمڕۆ، زانیویەتی چی دەوێ و چۆن دەیکات، ئێستاش بە هەمان دووربینی و ئاگاییەوە دەزانێت چی دەڵێت و بۆ دەیڵێت و چۆن دەیکات.
ڕاستییەکەی، کێشە ئەوە نییە کە هێزەکانی دیکە خاوەنی ڕوانگەن یان نا و ئەگەر هەشیانە، بەڵکوو لە ئەگەری بوونیدا، پرسەکە پەیوەندیی بە چییەتیی ڕوانگەکەیان و ئەو بناغە و ئەتمۆسفیرەیە کە ڕوانگەکەی خۆیانیان لەسەر هەڵچنیوە.
پارتی لە ڕابردوودا ناژیێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە بۆ ئێستا و ئاییندە، سوود لەو ڕابردووە پڕ ئەزموونە (بە سەرکەوتن و ساتمەبردنەکانی) وەرناگرێت. بەپێچەوانەوە، ئەو ڕابردووە ئەزمووندارەی کردۆتە بناغەیەکی تۆکمە بۆ هەنووکەیەکی گەشتر و دواجار ئەو ڕابردووە و ئێستا پڕ دەسکەوتەشی دەکاتە پردێکی تۆکمە بۆ پەڕینەوە بۆ داهاتوویەکی پڕشنگدارتر.
پارتی کە ڕایەڵەی نێوان (دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەی) ناپچڕێنێت، نهێنییەکەی ئەوەیە کە لەوپەڕی ئاگایی مێژوویی و هۆشیاریی سیاسییەوە، دەیکاتە بنەمایەک بۆ بەردەوامییەکی بەرهەمدارتر.
کاتێک کاک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت “ لە ملیۆنێک زێدەتر” و کاک مەسروور بارزانی پەیامەکەی لێ وەردەگرێتەوە و دەڵێت “دەتوانین”، ئەم باوەڕ و متمانەبەخۆبوونە لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکوو ڕەگەکەی لە قووڵایی مێژووی خەباتی تژی بەرەنگاری و قوربانیدان، لە ئەمانەتداریی خاوەندارێتیکردنی دۆزی گەل و خاکی کوردستان، لە ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵک و خاک، لە ئەزموونی سی ساڵ زیاتری حوکمڕانیی پڕ لە دەسکەوت و شانازی و سەروەری دایە.
پارتی لە ڕابردوودا و لەسەر بنەمای (پلان و پڕۆژە و بەرنامە) بە هۆشیارییەوە (ئەزموون، بەڵێن و کردار)ی بەیەکەوە گرێ داوە و کردوویەتییە هەوێنی سەرکەوتن و پێشکەوتن و بەردەوامیی. بۆیە بەدڵنیاییەوە ئێستاش ئەم ڕوانگە کۆنکرێتییە گەل و خاکویستە، ئەم دیدگا خەمخۆرەی مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی ڕۆشنتر بۆ نەوەکان و دواڕۆژێکی پڕشنگدارتر بۆ کوردستان “دەتوانێت بە ملیۆنێک دەنگ زێدەتر” و بە حیکمەت و ڕێبەرایەتیی (سەرۆک بارزانی)، کوردستان و گەلەکەی بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە بباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو و ڕووناکتر.
* ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان