عارف ڕوشدی
هەر كەسێك تەمەنی یاسایی تەواو كردبێت و ڕێنمایی و بڕیارەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن مافی دەنگدانی پێ بدات، واتا ئەركی لە ئەستۆیە و مافیشی هەیە، ئەرك و ماف دووانەیەكی لەیەكتر دانەبڕاون و هیچیان بەبێ ئەوەی دیكەیان نابنە بنەما بۆ ژیانی كۆمەڵگەیەكی ساغلەم و خۆشگوزەران و پێشكەوتوو، بۆیە پێشكەوتووترین وڵاتی جیهان، سیستەمی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتەكانی حوكمڕانی لەسەر بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵك بنیاد دەنێت.
هەرێمی كوردستان بەر لە عێراقی تازە، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەزموون كردووە، بۆیە دەكرێت بڵێین ئێمە زیاتر لە 12 ساڵ لە پێشەوەی پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردنین، بەڵام ئەگەر بەراوردێك لەنێوان ئاوەدانی و ئەمنییەت و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانیی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دانیشتووانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكەین، زێدەڕۆیی نییە كە بڵێم زیاتر لە 50 ساڵیش لە پێشەوەی ئەوانین.
دەنگدان وەك چۆن ئەركە و مافیشە، پیرۆزییەكیشی تیایە، چونكە سەلماندنی وجودی دەنگدرە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا، سەلمێنەری ئەوەیە دەنگدەر هاووڵاتییەكی وشیار و بەئاگا و بەشدارە لە كۆی سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووریش، بەڵام گرنگە دەنگدەر بزانێت دەنگ بە كێ دەدات، دەنگ بە كام لیست و چ لایەنێك و چ حزبێك دەدات، چونكە ئەو ڕێڕەوە حوكمڕانییەی وەك ئاوی سازگار ڕوون و ئاشكرا دیارە، هەر ئەویش خەمخۆری ڕاستەقینە و ئاییندەی وڵات دیاری دەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئێستا بە لیستی ژمارە 275 بەشداری لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، ڕێڕەوە ڕاستەقینەكەیە و ڕاستییەكانیش هەر لای ئەوە.
دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە زاخۆوە تا دەگاتە هەورامان، بەرچاویان ڕوونە، چونكە ڕابردوویان لەبیرە و ئێستایان لەبەرچاوە و دەشزانن ئاییندە لە كوێیە و بە كوێ دەگات، هەمووان حوكمڕانیی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بینیوە، ئەمنیەت و سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشكەوتن لەو شوێنانەی پارتی تیایاندا باڵادەستە، پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە نییە و بەری خۆریش بە بێژینگ نەگیراوە، بۆیە ئەركی دەنگدەرانی سەرجەم بازنەكانی هەرێمی كوردستانە، دەنگ بە لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی بدەن، هەر ئەو دەنگدەرە بەڕێزانە مافیشیان لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستانە كە زیاتر و باشتر و خێراتر خزمەتیان بكات و كاروانی ئاوەدانی و هێزی سەقامگیری و بازووی بنیادنان بگەیەنێتە دوورەدەستترین گوندی سەرسنوورەكان و سەنتەری شار و قەزا و ناحیەكان، لای هەمووانیش مەعلومە پارتی بە خۆنەچەمێن و خۆڕاگر ناسراوە و لەم پێناوەیشدا قوربانیی زۆری داوە و بەردەوامیش دەبێت.