سهرهتا وتار ئاڕاستەی شۆڕشی پاراستنی ئاوو ژینگە لەدیدی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان
د. هێرش شـكاك*
هەبوونی “ئاوو ژینگەیەكی پاك” گرنگترین فاكتەرن بۆ بوونی وڵاتێكی بەهێزو تەندروست، بەتایبەت لەم سەردەمەی ئێستادا و بەتایبەتتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە دۆخی ئاسایشی ئاوو ئاسایشی ژینگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێكی زۆر خراپدایە و كەمی باران و بە بیابان بوون دوو ئەنجامی زەقی بارودۆخی نالەباری گۆڕانكاریە سلبیەكانی كەش و هەوان، كە ئەمڕۆ لە زۆر شوێنانی جیهاندا بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگێكی شاراوەی ئاو هەیە، هەروەها ژینگەیەكی پڕ كێشە و نا تەندروست و وشك هەیە كە بە ئەنجامنەدانی پلانی ستراتیژیی بۆ باشكردنی دۆخی زۆر خراپی ئاوو ژینگە، لە داهاتوودا بەشێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت وڵاتی عێڕاق دووچاری مەترسیی زۆر گەورەی ئاوو ژینگە دەبنەوە، كە لە ساڵانی رابردوودا كۆچبەری ئاوو ژینگە زۆر بووەو لە داهاتووشدا زۆر زیاتر دەبێت، مەترسی ئاوو ژینگە واتا مەترسی باری ئابووری و ئاسایشی نەتەوەیی. لە راستیدا لەنێو ئەو هەموو مەترسیە گەورەیەی كەم بارانی و بەبیابان بوون و ئەنجام وشكداهاتنی زەوی و نزمكبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەشێوەیەكی خێرا و ترسناك، بەڵام لەماوەی چوار ساڵی رابردووەوە تا ئێستاو لە ئاییندەدا ئەو كارو پڕۆژانەی كە لە سێكتەرەكانی ئاوو ژینگەدا لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە پایتەخت و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێكراو ئەوەی لەژێر جێبەجێكرندایەو بە تەواوبوونیان گۆڕانكاریەكی زۆر گەورەی پۆزەتیڤ لە هەردوو ئاستی ئاوو ژینگەدا دێتەدی، كە كارو پرۆژەكانی (بنیاتنانی ژمارەیەك بەنداوو پۆند و پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێرو پرۆژەی ئاوی زێی بچوك بۆ قوشتەپەو ژمارەیەك لە گوندەكان و دارو درەخت چاندن و سەوزكردنی رووبەرێكی زۆری زەوی و (پڕۆژەی رووناكی: كە بریتییە لە گۆڕینی بەرهەمهێنانی تەقلیدیانەی كارەبا كە پیسكەری ژینگەیە بۆ رێگەیەكی پێشكەوتووی كارەبای پیسنەكەری ژینگە) و كۆڕنیشەكانی ئاوو پڕۆژەكانی گەشتوگوزارو (سازكردنی بەردەوامی ڤیستیڤاڵەكانی خستنەڕووی بەروبۆمی كوردستانی لە سەرجەم دەڤەرەكانی كوردستان كە هاندەرێكی زۆر باشی جوتیاران و خاوەن پڕۆژە كشتوكاڵیەكانە) و دروستكردنی پڕۆژەی زەبەللاحی پشتێنەی سەوزی هەولێرو … تاد. بریتین لە بەشەكانی ئەو شۆڕشەی پاراستنی ئاوو ژینگە كە ناونیشانی ئەم بابەتەمە. پێویستە ئاماژە بەوە بكەم كە ئەم پڕۆژە هەمەجۆرانەی ئاوو ژینگە كە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێكراون و ئەوانەیش كە لە ماوەی چەند سالێكی داهاتوودا تەواو دەبن، كاریگەری زۆریان لەسەر پاراستنی ئاسایشی ئاوو ئاسایشی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی خۆڕاك و ئاسایشی كۆمەڵایەتیدا هەیە، واتا ئەم شۆڕشەی پاراستنی ئاوو ژینگە خزمەتێكی زۆری بە ئاسایشی نەتەوەییمان كردووەو دەكات. بۆیە كارو پرۆژەكانی ئاو كە ئاماژەم پێیانكرد هەرێمی كوردستانیان لە مەترسیەكانی كەمی ئاو دوورخستەوە، هەروەها كارو پڕۆژەكانی دارو درەخت چاندن و فراوان كردنی رووبەری سەوزایی كەش و هەوایەكی زۆر لەبارتر بۆ ژینگەی هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنن و هۆكارێكی گرنگی بەشێداركردنی هەوای هەرێمی كوردستانە، بەتایبەت كارو پڕۆژەكانی كە لە پایتەختی كوردستان ئەنجام دراون و ئەوانەی لەژێر جێبەجێكردندان لە ماوەی داهاتوودا هەولێر لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكی زۆر بەرزتر دەگۆڕێت بەشێوەیەك كە دەتوانرێت لە ئاستی گەشەی بەردەوامی شار و پایتەختەكانی جیهاندا تۆمار بكرێت و بخرێتە پێشبڕكێی خەڵاتە جیهانیەكانی ئەو شارانەی كە خاوەنی ئاستێكی بەرزی گەشەی بەردەوامن.
*دكتۆرا لە ئیـــدارەدانی ستراتیژی ئاو