
خەبات: هاوار مورتكەیی
ماوەی چەندین ساڵ بوو، هەموو ماڵێک لەهەرێمی كوردستان، چیرۆکی تاڵ و ناڕەحەتیان لەگەڵ کارەبادا هەبوو، تەنانەت بە موەلیدەشەوە نەتوانرا كارەبایەكی بەردەوام و ڕێك و پێك دەستەبەر بكرێت، ئەمە جگە لەوەی هاووڵاتی كرێی دوو سەرچاوەی كارەبای دەدا، بەڵام پڕۆژەی ڕووناکی، کۆتایی بە هەموو ئەو چیرۆکانە هێنا، پڕۆژەی (ڕووناکی)، پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حكوومەتی هەرێمی کوردستانە، بڕیارە تاوەکوو ساڵی 2026، کارەبای نیشتیمانیی 24 کاتژمێری بگەیەنرێتە هەموو گەڕەک و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان.
هەنگاوێكی مەحال
سەرەتا مامۆستا ئەحمەد عەبدوڵڵا كە دانیشتووی گەڕەكی برایەتییە لە دارەتوو لەبارەی ئەم پرۆژەیەوە گوتی: هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووین ڕۆژێ لە ڕۆژان كارەبامان بەردەوام بێت و لە كۆڵ موەلیدەی ببینەوە، چونكە چەندین ساڵ بوو بەو گرفتەوە دەمانناڵاند، بەڵام كاتێك بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری ڕاگەیاند، ئەوكاتیش پێمان هەنگاوێكی مەحال بوو، چونكە ئەمە كارێكی هیندە ئاسان نییە، بەڵام خۆشبەختانە پرۆژەكە دەستپێكراو و بووە ئەمری واقیع و هەرێمی كوردستان بووە خاوەن كارەبای 24 كاتژمێری، بەڕاستی ئەمە جێگای دەستخۆشی كردنە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەو هاووڵاتییە گوتی: لەگەڵ جێبەجێكردنی پرۆژەكە، هاووڵاتییان هۆشیاركرانەوە لە چۆنێتی بەكارهێنانی كارەبادا، چونكە پێشتر ئەو هۆشیارییە لەبەكارهێنانی كارەبادا نەبوو، ئێستا لە ماڵەكەم و بگرە لەهەر ماڵێكی دیكە، تەنانەت گلۆپێك بەبێ هۆكار دانەگیرساوە، ئەو پرۆژەیە فێری كردین كە لەچ كاتێكدا ئامێری كارەبا بەكاربهێنین، و ئێستاش گرفتێكمان لەو سێكتەرە گرنگەدا نەماوە، كارەبایەكی بەردەوام و بێ كێشە، دووبارە دەستخۆشی لە حكوومەتی هەریمی كوردستان دەكەین بۆ ئەم پرۆژە ستراتیژییە.
دەسکەوتی ستراتیجی و پلانی درێژخایەن
فەرهاد شێروانی ئەندازیاری شارەزا لە بواری كارەبا لەبارەی پڕۆژەی ڕووناكییەوە دەڵێت: یەکێک لە دەستکەوت و پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کابینەی نۆیەم، بریتییە لە پڕۆژەی ڕووناکی کە بیرۆکەی خوودی بەڕێز سەرۆکی حكوومەتە، بە هاوتەریبی لەگەڵ چەندین پڕۆژەی تری ستراتیجی و پلانی درێژخایەنی حكوومەت، پڕۆژەی ڕووناکی (واتە کارەبای 24 کاتژمێری) ڕێژەی تەواوبوونی پڕۆژەکە گەیشتۆتە زیاتر 75٪ ڕۆژانەش ئەم ڕێژەیە لە زیادبووندایە لە گشت پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها ئەو ئەندازیارە باس لە سوود و بەهای ئابووری پڕۆژەی ڕووناکی پۆلین دەكات و دەڵێ: بەهۆی جێبەجێکردنی ڕێژەیەکی بەرچاو لەم پڕۆژەیە زیاتر لە 3400 موەلیدەی گاز، کووژاوەتەوە کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ژینگەی گەڕەک و ناوچەکان زیاتر پاک و تەندرووست تر بێت بەهۆی کەم کردنەوەی گازی (CO2 ) لە هەوادا، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی زیاتر درێژبوونی تەمەنی بەکارهێنانی ئامێرە کارەباییەکانی هاوبەشان و بە تایبەتی جۆری ماڵان و هەروەها تەمەنی تۆڕە کارەباییەکان و وێستگەکانی دابەشکردنی کارەبا کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر جێگیربوونی (ڤۆڵتیەی کارەبا و هێرتز) لەسەر ئامێرەکان، دواجار دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوە و زیاتر کەمبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا و کرێی مانگانەی.
بەردەوام لەهەوڵی باشتركردن
دوای جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەش، ئێستا تیمی ڕووناکی بەردەوام و بێ وچان لە هەوڵی باشترکردن و بەرەوپێشبردنی تۆڕەكانی کارەبان و هەمیشە جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی توانای گەیاندنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان دەکەنەوە، ئامانجیش لێی بەردەوامبوونە لە گەیاندنی کارەباکایەکی باشتر.
پرۆژەی ڕووناکی لەپێناو ئاسانكاری لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی ڕۆتین لە دامودەزگا حكومییەكان، بەشی فرۆشیاری وزەی كارەبا خزمەتگوزارییەكانی دەكاتە سیستمی دیجیتاڵی.