خه‌بات ـ حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف
له‌ پێناو دابینكرنی مافه‌ ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان و چه‌سپاندنی چه‌مكه‌كانی (هاوبه‌شی و هاوسه‌نگیی و سازان) له‌ عێڕاقێكی فیدڕاڵدا، نووسه‌ران و رۆشنبیرانی كوردستان، له‌دیدی خۆیانه‌وه‌ بۆ سازان و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی دیموكراسی هه‌ڵبژاردن ده‌ڵێن:
نیازی حەمە عەزیز/ نووسەر و ڕۆژنامەنووس و بڕیاردەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن گوتی:
پارتی و سه‌ركردایه‌تییه‌ هۆشمه‌نده‌كه‌ی بڕیاری مێژوویی لە بوونیادنانی پایەکانی دیموکراسی دەدات. ئەوەتا لەسەر سووربوون لە ئامانجەکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) دەچێتە ناو ململانێی هەڵبژاردنەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بڕوای پتەوی بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی هەبووە. هەڵبژاردنیش وەک پایەیەکی بەهێزی دیموکراسی، لە مەیدانی حزبایەتی و بەڕێوەبردندا چ لە خەباتی شاخ و چ لە مۆدێلی حکوومەتداریدا بنەمای کارکردنی بووە.
پارتی لە بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی دەیان کۆنگرە لە تەمەنی خۆیدا، لە ژێر ساباتی ڕێبازی بارزانیی نەمر و بە پشتەوانی و ئیرادەی جەماوەرە تێکۆشەرەکەی، باشترین بەڵگەی ئەو بڕوابوونەی پارتییە بەو پایانەی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە خواستی زۆرینە.
بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتووش کە لە ١١ی١١ی ٢٠٢٥ بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێ، لە کات و ساتێکی هەستیاردا کە ڕووداوی سیاسی و سەربازیی گرنگ لە جیهاندا ڕوو دەدەن، نیشانەی ڕشدیی پارتی و سەرکردایەتییە هۆشمەندەکەیەتی کە وەک هەمیشە لە کاتی خۆیدا بڕیاری مێژوویی لە بوونیادنانی پایەکانی دیموکراسی دەدات. ئەوەتا لەسەر سووربوون لە ئامانجەکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) دەچێتە ناو ململانێی هەڵبژاردنەوە. ئەو ئامانجانەی بناغەی دامەزراندنەوەی عێراقی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی داگیرکەری بەعس بوون و عێراقی نوێی لەسەر درووستکرایەوە. بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا نە دەستووری هەمیشەیی، نە ئەو ئامانجانەی کوردیشی جێبەجێ کردن.

فەزیلە شۆڕش / نووسەرو چالاکوان/ هۆڵەندا :
بەشدار بوونی کورد لە ‌هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجومەنی عێراق، دەرفەتێکە بۆ سەر خستنی مافەکانی کوردستانیان لە چوارچێوەی دەستووردا
هەڵبژاردن سیمایەکی گرنگی بەڕێوەبردنی وڵاتە دیموکراسییەکانە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی عێراقیش، کە عێراق بە ناو وڵاتێکی دیموکراسیە، لە 11ی 11ی 2025 ئەنجامدەدرێ، ڕەهه‌ندی سیاسی و هاوبەشی مافەکانی کوردستانییان لە لایەک و بوونی کوردستان وه‌ك بەشێک لە عێراق لە لایەکی تر، وەک میکانیزمێکی سەردەمیانە وا دەکا کە کوردستان لە سۆنگەی هاوبەشی، به‌شداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات، بەشداربوونی کورد لە ‌هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجومەنی عێراق، دەرفەتێکە بۆ سەرخستنی مافەکانی کوردستانیان لە چوارچێوەی دەستووردا.
بەغدا لە ٢٠١٤ وە ململانێکی زۆر بەرامبەر کورد دەکا و بە بەردەوامییش کێشەی بۆ دروستکردوە، تا کوردستانیان مافە دەستوورییەکانیان لە بیر بکەن و، لە هەمانکات لە رێگای قووتبڕینی هاووڵاتییان، هاووڵاتییان خەریکی هات و نەهاتی مووچە بن و بێزار بن لە ئەستەم بوون و نالەباری ژیانیان، بەغدا بەم ململانێیەی بە تایبەتی بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان، هەوڵی ڕووخاندنی ورەی تاک و خێزانی کوردستانیان دەدات، بەداخەوە بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی کردۆتە لانەی ئەو لایەنانە کە چاویان بە پێشکەوتن و ئارامی و پێکەوەژیانی کوردستان هەڵنایەت و دژی کوردستان کار دەکەن، بەڵام بە شانازیەوە خۆڕاگری و ئیرادە پۆڵاینەکەی کوردستانیان شکستی بەم خەونەی بەغدای هێناوە.
هەر لەم سۆنگەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بە دیدێکی دووربینی و بەحەکیمانە،هەروەک هەموو بڕیارەکان و کارەکانی کە بەدووربینی و راستگۆیانەیە، وە به‌ باوەڕی پۆڵاینی بنەماکانی (هاوبەشی، هاوسەنگیی، سازان)، بەشدارە لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بنەماکانی ئەم دروشمە، کرۆکی رێگە راستەقینەکەی پاراستنی مافەڕەواکانی گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانیه‌وه‌.
ئەم هەڵبژاردنەی عێراق بێگومان جیاوازترە له هە‌ڵبژاردنەکانی پێشووتری، ئەمجارە بە دەنگدانمان بە لیستی ٢٧٥ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگری لە دووبارەبوونەوەی پشتگوێخستنی مافەڕەواکانی گەلی کوردستان دەکەین و لە هەمانکاتدا جەختکردنە کە گه‌له‌كه‌مان چیتر ئەم ململانێیە و خۆسەپاندن وستەمکاریەی بەغدای بە هیچ شێوەیەک قبوڵ نییە و قبوڵیشی ناکات، بۆ پارتی شکۆی کوردستانیان بە هەموو پێکهاتەکانی، پێش هەموو شتێکە، بۆیە گرنگە ئەمجارە بە دەستە جەمعی شەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشە چارەنووسسازەکان بکرێت. دروشم و پره‌نسیپە بەهاکانی پارتی بۆ هەڵبژاردن(هاوبەشی، هاوسەنگیی، سازان) هەڵقوڵاوی ئەزموونی خەباتیەتی. بەم پره‌نسیپانە رەوڕەوەی پێشکەوتن و ژیانێکی سەردەمیانە مسۆگەرتر دەکرێ لە کوردستان، هەر بەم دروشم و پڕه‌نسیپانە، کورد دەتوانێ لەگەڵ عێراق پێکەوە کاروبارەکان و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕێوە ببەن.
هه‌ڵبه‌ته‌ کوردستانیان متمانەیان بە تواناو کردارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، چونکە باش حاڵی بوونە کە تەنیا پارتییە، قەڵغانی کوردستان، بۆیە دەنگی کوردستانیان بۆ لیستی ٢٧٥ دەبێت، کوردستانیان بە توانا و ژیریی پارتی لە ژێر سێبەری دروشمی هاوبەشی، هاوسەنگیی، سازان، کە کلیلی چاره‌سەری هەموو کێشەکانی هەولێر و بەغدان، چارەنووسیان گەشتر دەبێت. بە دەنگدان بە لیستی ٢٧٥ دەبینە پاڵنەرێک و فراوانکەرەوەی پانتایی متمانە بۆ دابینکردنی ژیانێکی پڕتر لە سەروەری لە کوردستانێکی بەهێزتر و خۆنەچەماو، پێویستە دەنگمان ببێتە دەنگدانێکی گشتگیری لە هەموو کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان، دەنگمان بۆ لیستی حزبە راستەقینەکەی گەل، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە ٢٧٥ بێت، کە خەمخۆری رابردوو ئێستا و دواڕۆژی کوردستان و کوردستانیانە.

حەمید قەڵادزەیی / نووسەر و شاعیر و ئه‌ندامی به‌شی هه‌ڵبژاردنی پارتی:
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك گەورەترین حیزب لەسەر ئاستی عێراق و دێرینترین حیزب، بڕوای تەواوی بە گرنگی هەڵبژاردن هەیە و هەمیشە پێیوایە ماوەی بانگەشە تا كۆتایی هەڵبژاردن وەك كەرنەڤاڵ ببیندرێ . دیاریكردنی دروشمه‌كانی ئەوجارەی پارتی كە بریتییە لە (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) گەڕانەوەیە بۆ ڕوحی دەستوور
هەڵبژاردن، یەكێكە لە ستوونەكانی كۆشكی دیموكراسی، گرنگی هەڵبژاردن لە وڵاتی وەك عێراق و ناوچەكە بە گشتی لەوەدایە، هێشتا نەتوانراوە ئاستی وشیاری تاكی دەنگدەر سنووری سۆز و عاتیفە ببەزێنێ و لە سەر بنەمای خزمەتكردن و پاراستنی شكۆی تاك و وڵاتپارێزی و دەستی پڕ لە بەخشش و ئاوەدانی دەنگبدات.
عێراق بەتایبەتی هەمیشە هەیمەنەی تائیفی و مەزهەبی كاریگەری لەسەر بەشداری خەڵكدا دەكات، ئەوەش تێنەگەیشتنە لە بایەخی هەڵبژاردن
سەبارەت بەو هەڵبژاردنەی بڕیارە ١١ی ١١ی 2025 ئەنجام بدرێ لە عێراقدا، هەر حیزب بیرۆیەكی سیاسی ئازادانە ڕێكلام بۆ خۆی دەكات، بەڵام خۆشبەختانە لە كوردستان ئاستی وشیاری دەنگدەر جیاوازە لەگەڵ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هۆشیاری تاكی كوردستانیی ئێستا گەیشتۆتە ئاستێك زیاتر بڕوا بەوە دەكەن كە لە ماوەی ڕابردووی پێش هەڵبژاردن چییان بینیوە، نەك ئەوەی دەیبیستن لە بانگەشەدا ، ئەوه‌ش مایەی خۆشحاڵییە و ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ كرانەوە و تێگەیشتنێكی باشتر.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك گەورەترین حزب لەسەر ئاستی عێراق و دێرینترین حزب، بڕوای تەواوی بە گرنگی هەڵبژاردن هەیە و هەمیشە پێیوایە ماوەی بانگەشە تا كۆتایی هەڵبژاردن وەك كەرنەڤاڵ ببیندرێ
دیاریكردنی دروشمه‌كانی ئەوجارەی پارتی كە بریتییە لە (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) گەڕانەوەیە بۆ ڕوحی دەستوور، پارتی كە نیگەرانیی هەیە لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی دەستوور وەك خۆیان، پێداگری دەكات لەوەی دەبێ ئەو سێ چەمكە وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن، چونكە عێراق وڵاتێكە فیدڕاڵ و فرە دەنگ و ڕەنگە، كۆتاییهێنان بە مۆنۆپۆلخوازی بە قبوڵكردنی ئەو سێ چەمكە دەبێ هاوبەشی لە بڕیار و ڕاسپاردە و دەسەڵات، هاوسەنگی لە بەشداریكردن و سازان لەسەر ئەو پرسانەی هەستیارن و پێویستی بە دڵنیایی هەموو لایەك هەبێ، چونكە ئاشكرایە بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراق هەمیشە یەكتر سڕینەوە و پاكتاوی نەژادی هەبووە، بۆیە سازان لەمەڕ بڕیارە هەستیارەكان بۆ دڵنیایی پێكهاتەكان بەگشتیی پێویستییەكی حەتمییە.

یوسف بازیانی/ نووسەر و ئەندامی بەشی هەڵبژاردنی پارتی:
پرۆسەی هه‌ڵبژاردن بە شێوەیەکی زانستی پێویستە لەسەر بنەمای چەند پره‌نسیبی سەرەکی بناسێنرێت، بەتایبەتی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) کە ئەوانە بنەمای دروستکردنی باوەڕی گشتیی و پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییانن. لەبەر ئەوە، ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی کارکردن و گرنگیی ئەو پڕه‌نسیپانە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا
پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی گشتیی نیشانەی سەرەکی سیستەمی دیموکراتییە و بەهۆی ئەوەی کە دەنگی خەڵک بێت بە بنەمای بەڕێوەبردنی سیاسی، وەک بناغەی حوکمڕانی سیاسی، پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی تایبەت تایبەتمەندی سەرەکی سیستەمێکی دیموکراسییە و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کارلێکی نێوان خەڵک و حکوومەتەکەیان هەیە.
هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن یەکێکن لە پرۆسە هەرە گرنگەکانی دیموکراسی، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و داهاتوو دەبێت. ئەم پرۆسەیە تەنها بریتی نییە لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکان یان ڕێکلام، بەڵکو پرۆسەیەکی زانیاری، ڕێکلامی، کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی، ئابووری و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ترە. هەڵمەتەکان دەبێت بتوانن بە شێوەیەکی زیرەکانە پەیوەندی لە نێوان بەرنامەی حیزب یان کاندید و پێداویستییەکانی کۆمەڵگه‌ دروست بکەن، و لە هەمانکاتدا خۆیان لە چەندین پرسیار و تەحەددی ڕەها بکەن.
لە مێژووی سیاسی جیهان، هەڵمەتەکان گۆڕاون و پێشکەوتوون. لە سەدەی بیستەم، هەڵمەتەکان بە شێوەی ڕێکلامی ڕاستەوخۆ و قسەکردن لە کۆبوونەوە گشتییەکان دەستیپێکرد. بەڵام لەگەڵ گەشەی تەکنەلۆژیا، تەلەڤیزیۆن، ئینتەرنێت، و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی، هەڵمەتەکان بە شێوەیەکی زیرەکانە و فرەلایەنە دروستبوون. ئەمڕۆکە، هەڵمەتەکان بە شێوەیەکی زانستی دیزاین دەکرێن، بە بەکارهێنانی داتا، تاقیکردنەوەی کۆمەڵایەتی، ڕەنگ و زمان، و تەنانەت (ئەلگۆریتمەکان) بە واتای چارەسەری کۆمەڵایەتی. هەڵبژاردن وەک یەکێک لە بنچینەیەکانی سیستەمی دیموکراسیە، مەبەستی سەرەکییەکەی بەدەستهێنانی پشتیوانی نیشتمانی و بەدەستهێنانی دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕەوا و ئازاد . سەرکەوتنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەندە بە توانای داڕشتنی ستراتیژێکی گشتگیر کە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاستەنگانەدا بکات و پەیامێکی ڕوون و جێی متمانە بە دەنگدەران بگەیەنێت.ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی زانستی پێویستە لەسەر بنەمای چەند پره‌نسیبی سەرەکی بناسێنرێت، بەتایبەتی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان ) کە ئەوانە بنەمای دروستکردنی باوەڕی گشتی و پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییانن. لەبەر ئەوە، ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی کارکردن و گرنگیی ئەو پڕه‌نسیپانە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
پەیوەندی هەڵبژاردن بە پڕەنسیپەکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان لە چوارچێوەی سیستەمی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆچی ئەم پڕەنسیپانە گرنگن؟
هەڵبژاردن تەنها «ژماردنی دەنگ» نییە؛ دەبێتە میکانیزمێک بۆ:
هاوبەشی (Inclusion)، هەموو کۆمەڵە جیاوازەکان بەشدار بن، واتە بەشدارییەکی گشتی و فراوانی هاووڵاتییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
هاوسەنگی (Balance)، هیچ لایەک بە تەنیایی کۆنتڕۆڵ ناکات، واتە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگه‌ یەکسانن لە بەدەستهێنانی مافی هەڵبژاردن.
سازان (Consensus)، بڕیارەکان بە ڕەزامەندی زۆرینە + لایەنە سەرەکییەکان دابین بن، نەک بە زۆرینەی سادە و تەنها. سازان بە واتای هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن، لە سەر بنەمای نیشاندانی ساز و سیستەمێکی فەرمی و بڕیارپێدانی یاسایی بێت.
بە بەرهەمهێنانی پڕه‌نسیپەکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، دەتوانرێت پێکهاتەیەکی دروست و بڕوادار لە سیستەمی هەڵبژاردن دروست بکرێت، بەھۆی ئەوەش کۆمەڵگه‌ بگات بە ئازادیی سیاسی، باوەڕی نیشتمانی و ژیانی دیموکراتی.
لە کۆتاییدا، هەڵبژاردن بە شێوەیەکی زانستی پێویستە لە سەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بناسێنرێت. ئەم سێ پڕه‌نسیپە بنەمای پایداری و باوەڕی گشتییانە بۆ سیستەمی دیموکراسی. بە بەرهەمهێنانیان نەتەوە دەتوانێت بگات بە ئازادیی سیاسی، دادپەروەری نیشتمانی و ژیانی سەربەخۆ.
هەروەها، پەرەسەندن و ڕێکخستنیان بە شێوەی فەرمی دەکات هەڵبژاردن بێ‌ئاڵۆز و شه‌فاف و ڕەوا بێت؛ ئەوەیە پەیوەندییەکی دروست لە نێوان نیشتمانیی و دەسەڵات دروست دەکات، و بنەمای دیموکراسییەکی ڕەسەن دەبێت بۆ ئایندە.
بۆیە هەڵبژاردن تەنها ڕێگەیەک نییە بۆ دەستگەیشتن بە دەسەڵات، بەڵکو ئاکادیمیای دیموکراسییە.
بۆیە ئەزموونی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەزموونێکی دوور و درێژ و پڕە لە سەروەری و ڕاستگۆیی و چاکسازییە، وەک هەمیشە هەمووان بە گەنج و پیر کار بۆ سەرکەوتنی دەکەن. ئەمجارە لە بەرگێکی نوێدا بە دروشم و پلانێکی تۆکمە لە ژێر ناوی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)، پارتی دیموکراتی کوردستان کار بۆ خاڵ بە خاڵی ئەجێنداکەی دەکات بە دیدێکی دووربینانە و بە پلانێکی سەرکەوتوو.