بانگەشەی هەڵبژاردن و شانازییەکانی پارتی و ئەوانی دیکە

160

سیامەند سێلکی
لەپێناو کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ و مسۆگەرکردنی متمانەی خەڵک ئەو حزب و قەوارە سیاسییانەی کە بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، وەکوو مافێکی شەرعی و یاسایی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا جگە لەخستنەڕووی کارنامەی سیاسییان بۆ قوناغی دوای هەڵبژاردن، شانازیش بەو دەسکەوت و سەروەرییانەوە دەکەن کە پێشتر تۆماری کردوون یان بەدەستی هێناون.

لەم سۆنگەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە و لە ڕێگای گوتارێکی میانڕەوانە و تەواو سەردەمیانەدا کە دوورە لە زمانی زبر و توندوتیژی، ڕۆژانە وەکوو شانازییەک ئەو پڕۆژانە دەخاتەڕوو کە پێشتر وەکوو بەڵێن بە خەڵکی کوردستان درابوون و لەسەر دەستی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوونەتە کردار و لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ کراون. هەڵبەت چوار پێنج ساڵ پێش کە پارتی بەڵێنی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی دا، وەکوو کارەبای (٢٤) کاتژمێری و چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە و دووسایدکردنی ڕێگای نێوان شارەکان و هتد، بەرانبەرەکانی پارتی پێیان وابوو ئەوە بەڵێنی هەڵبژاردنە و هەرگیز نابێتە کردار!

بەڵام ئەوەی خەڵکێک پێی وابوو خەون و خەیاڵ و بەڵێنی هەڵبژاردنە لەسەر دەستی مەسرور بارزانی بووە واقیع و جێبەجێکرا. بۆیە ئێستا پارتی بە شانازییەوە باس لە پراکتیزەکردنی بەڵێنەکانی دەکات و دووپاتی دەکاتەوە کە لە داهاتووشدا وەکوو هەمیشە بەرانبەر خەڵکی کوردستان ڕاستگۆ دەبێت و بەڵێنەکانی دەکاتە کردار، لە بەرانبەر ئەمەدا بەرانبەرەکانی پارتیش بە حساب باس لە شانازییەکانیان دەکەن، یەکێک دەڵێ توانیم ڕێگری بکەم لەوەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم پێک بێت و ئەوانی دیکەش شەڕیانە لەسەر ئەوەی بیسەلمێنن کامیان ئەندازیاری تەوتین و تێکشکاندنی کەرامەتی مرۆڤی کوردە و، کامیشیان لەسەر ڕاسپاردەی نەیار و ناحەزی کورد زۆرترین سکاڵای بۆ هەڵوەشانەوەی قەوارەی فیدڕاڵیی کوردستان لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کردووە و ڕۆڵی زیاتری گێڕاوە بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردنەکانی کوردستان هەڵبوەشێننەوە و بدرێنە دەست بەغدا!!

لەم واقیعەدا و بەتایبەت کە لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقداین هەموومان لە ئاست ئاییندەی کوردستاندا لە بەردەم بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی و ئەخلاقیداین، پێویستە بە ئەمانەتەوە و لەسەر سندووقەکانی دەنگدان ئەدای ئەو بەرپرسیارەتییە بکەین و هەموو ئەو هێز و گرووپانە سزا بدەین کە هاوکار و پاڵپشتی نەیار و ناحەزانی کورد بوون لە برسیکردنی کوردستانییان و هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوەی قەوارەی فیدڕاڵی، لە بەرانبەریشدا دەنگ بدەینە لیستی (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەمیشە لەگەڵ خەڵکی کوردستان ڕاستگۆ بووە و بەڵێنەکانی کردووەتە کردار.