سهرهتا وتار حوکمڕانیی باش و بەرجەستەکردنی ئینتیمای نەتەوەیی (لەدیدگای سەرۆك بارزانیدا)
د. سامان سۆرانی
لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراقدا ڕوودەدەن، سەرۆك مەسعود بارزانی جارێکی تر بە دیدێکی پێشکەوتووەوە مۆدێلێکی پێشکەوتووی بۆ چەسپاندنی چەمکی سەرکردایەتیی هۆشیارانە و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی بۆ کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندید و بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ پەرلەمانی عێراق خستەڕوو. بۆ جەختکردنەوە لە ڕێبازی نەگۆڕی بارزانیی نەمر لەسەر بنەمای خزمەتکردنی خەڵك پێش سیاسەت و بەهێزکردنی بەهاکانی بەشداریی نیشتمانی وەکوو دەروازەی ڕاستەقینەی چاکسازی و بنیاتنان.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، کە ڕەنگدانەوەی هەستێکی قووڵی ئەخلاقی و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی بوو، فەرمووی: “ لە هەموو شوێنێک دڵسۆزی گەلی خۆتان بن و کار بکەن بۆ خزمەتکردنی هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازی و لایەنگری.” ئەو پەیامەی سەرۆك بارزانی گوزارشت لە دیدێکی ستراتیژیی گشتگیر دەکات، کە کاری سیاسی وەکوو ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی بەردەوام پێناسە دەکات، نەوەك ئامرازێك بۆ ململانێ، یان کێبڕکێی لایەنەکان.
لە ناوەڕۆکدا پەیامەکەی سەرۆك بارزانی بانگەوازێکە بۆ گرتنەبەری ڕێبازێکی نەتەوەییی گشتگیر، کە سنووری ئینتیمای حیزبی و ناوچەیی تێدەپەڕێنێت و لەسەر بنەماکانی شەفافییەت و هاووڵاتیبوونی یەکسان و تەواوکاری کۆمەڵایەتی دامەزراوە.
ئەوەی گوتاری سیاسیی سەرۆك بارزانی جیا دەکاتەوە و تایبەتمەندی دەکات، هاوسەنگییە لەنێوان ڕەهەندی بەها و ڕەهەندی پراکتیکی، کە تێڕوانینێکی چاکسازیی قووڵ و توانای وەرگێڕانی بۆ سیاسەتی واقیعی ئاوێتە دەکات، کە وەڵامی خواستەکانی هاووڵاتییان دەداتەوە، کاتێ سەرۆك بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە: “بەرپرسیارێتی متمانەیە و ڕاستگۆیی لە کاردا ڕێگای سەرکەوتنی ڕاستەقینەیە”، ئەوا بەم فەلسەفەیە، چوارچێوەیەکی ستاندارد بۆ چەمکی سەرکردایەتیی مۆدێڕن دادەمەزرێنێت، کە لەسەر بنەمای دەستپاکی و پابەندبوون و کاریگەریی دامەزراوەیی بنیاتنراوە.
فەلسەفەی سیاسیی سەرۆك بارزانی مۆدێلێکی پێشکەوتووە لە بنیاتنانی کەلتووری پێکەوەژیان و هاوبەشیی نیشتمانی. ئەم گوتارەی لە بنەمای ئێتنی و خۆجێیی سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکوو لە باوەڕێکی پتەوەوە بە یەکڕیزیی چارەنووسی نەتەوەیی و پێویستیی بەهێزکردنی یەکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق هەڵقووڵاوە. ئەمەش دیدگای سەرۆك بارزانی دەکاتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی سیاسی و پتەوکردنی بنەماکانی حوکمڕانیی باش لەو وڵاتە.
جەختکردنەوەی بەردەوامی سەرۆك لەسەر بەهاکانی لێبوردەیی و هاوکاری ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی قووڵە لەو ئاستەنگانەی، کە ڕووبەڕووی دەوڵەتی عێراق بووەتەوە، چ لە ڕووی بەڕێوەبردنی هەمەچەشنیی کۆمەڵایەتی یان لە چوارچێوەی بنیاتنانی دامەزراوە نیشتمانییەکان، کە توانای بەدیهێنانی گەشەپێدان و دادپەروەرییان هەیە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە دیالۆگ و تێگەیشتن پەیڕەو دەکەن دەتوانن زاڵ بن بەسەر قەیرانەکان و بنیاتنانی سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو و سەقامگیر.
لە چوارچێوەی فەلسەفەی سەرکردایەتیدا سەرۆك بارزانی وەکوو یەکێك لەو سەرکردانە دەردەکەوێت، کە تێڕوانینی سیاسی لەگەڵ دیدێکی مرۆڤدۆستانە تێکەڵ دەکات و بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سەرکردایەتی ئیمتیازات نییە، بەڵکوو ئەرك و بەرپرسیارێتییە، ئەم دیدگایە لەگەڵ چەمکە مۆدێڕنەکانی حوکمڕانی و سەرکردایەتیی گۆڕانویست دەگونجێت (Transformational Leadership) ، کە جەخت لەسەر ئیلهامبەخشین و هاندان و دروستکردنی متمانە لەنێوان سەرکردە و کۆمەڵگا دەکاتەوە.
ئەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی لە وتارەکەی ئەم دواییەدا پێشکەشی کرد تەنیا ڕێنماییی ڕێکخراوەیی نییە، بەڵکوو پلانێکی کاری نیشتمانیی گشتگیرە، کە تایبەتمەندییەکانی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسیدا دیاری دەکات، لەسەر بنەمای کرانەوە و بەهێزکردنی متمانە لەنێوان هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی حوکمڕانی و بنیاتنانی مۆدێلێکی دیموکراسیی هاوسەنگ، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادی جەماوەری کوردستان و عێراق بێت.
لە جیهانێکدا کە ئالنگارییەکان بەردەوام لە زیادبووندایە و دیمەنی سیاسی تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، سەرکردایەتیی هۆشیار و دڵسۆز وەکوو بەردی بناغەی پاراستنی سەقامگیری و بەرەوپێشبردنی ڕەوتی گەشەسەندن دەمێنێتەوە. لێرەدا گرنگیی گوتارەکەی سەرۆك بارزانی دەردەکەوێت، چونکە وەکوو نەخشەڕێگایەک خزمەتی داهاتوویەکی یەکگرتووتر و دادپەروەرانەتر دەکات، لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە قووڵەی ڕێبازی بارزانیی نەمر، کە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دایڕشتووە، کە دەڵێت، نەتەوە تەنیا بە دڵسۆزی بنیات دەنرێت و تەنیا لە ڕێگەی یەکڕیزیی گەل و ئیرادەی پۆڵایینی کوردستانییان دەتوانرێت گۆڕانکاریی ئەرێنی دەستەبەر بکرێت.
*دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدڵبێرگ، ئەڵمانیا.