سهرهتا كوردستانی دکتۆر گەیلان تاڵەبانی كاندیدی ژمارە (18)ـی بازنەی كەركووك، لە لیستی 275ـی پارتی...
خەبات: ئارام شێرکۆ:- دکتۆر گەیلان تاڵەبانی مامۆستای ئایینی و كاندیدی ژمارە 18ـی لیستی 275ـی پارتی د لەسنووری پارێزگای کەرکووک، كاندیدە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە 11/11 ئەنجام بدریت، پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدەكانی لەسەر چەندین بنەما داناوە كە بتوانن لە ڕێگای شارەزایی و كارامەییان كاری باش بۆ سنووری كاندیدبوونی خۆیان و تەواوی كوردستان بكەن. سەرەتا پرسیمان ئێوە وەك كاندیدی لیستی 275ـی پارتی مەبەستتان لە (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) چییە و پارتی دەیەوێت چی بۆ كوردستان مسۆگەر و دەستەبەر بكات كە تاوەكو ئێستا نەكرابێت؟ لەمبارەیەوە ئەو مامۆستا ئاینییە كە كاندیدی ژمارە 18 یە بۆ خەبات گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان واتا بەرگریکردن لەمافی زوڵملێکراوان، جەنابی سەرۆک دەفەرمووێت، (ئێوە تەنیا نوێنەری پارتی نین، ئەگەربوون بە ئەندام پەڕلەمان دەبێت ببنە نوێنەری هەموو کەسێکی زوڵملێکراو، جا لەهەر پێکهاتەیەکی نەتەوەیی وئاینی بێت). لەبەرئەوە ئەو درووشمانەی پارتی، بەشێکن لەبەشەکانی دادپەروەری، بۆ ئەوەی هەموو حزب و نەتەوە و پێکهاتەکان شوێنیان ببێتەوە لە دەسەڵاتی حکوومڕانیی عێراق و داوای پاراستنی مافەکانییان بکەن، بەپێی یاسا و رێساکان.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا پێیانوایە بتوانن لە ڕێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەستبەرە بكەن؟ دکتۆر گەیلان كاندیدی ژمارە 18 لە بازنەی کەرکووک گوتی: پارتی حزبێکی سەرەکی و خەمخۆری گەورەیە، کە بەرگری لە خاک و نەتەوەی کورد دەکات، بە ڕاستی ئەو دەسەڵاتانەی لەرابردوودا حکوومیان کردووە، تەنانەت لە پاش پڕۆسەی ئازادییش زوڵم و ستەمیان لەکورد کردووە و مافەکانی کوردیان پێشێل کردووە، تەنانەت لەحوكمی زاتییش، پارتی نەیویستووە هەر بەوەوە بووەستێت، بەڵکوو بە پاڵپشتی خودای گەورە بەرەوپێشبرد بۆ فیدڕاڵییەت و پاشان بۆ کۆنفیدڕاڵییەت، ئەم هەنگاوانە کورد نزیک دەکاتەوە لەوەی کەوا دەسەڵاتی خۆی لەهەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی ئیتر نەکەوێتە ژێر دەستی عێراق و حکوومەتی عێراقیش بە ئارەزووی خۆی مافەکانی پێشێل بکات. ئەگەر کورد یەکدەست بێت وخیانەتکاران واز لەخیانەت بهێنن بە هەموو مافەكانی دەگات. بەداخەوە ئەوان دەستیان کردە ناو دەستی نەیاران و ناحەزانی کورد ئەگەر ئێمە بتوانین ئەوانە رابگرین وحزبە سیاسییەکانیش یەکڕیز و یەکگرتووبن، دەتوانین کێشەی مووچە و كێشەكانی دیكەش چارەسەر بکەین.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەوان زیاتر گرنگی بە چ سێكتەرێك دەدەن، كە پەیوەیست بێت بە ژیان و گوزەرانی خەڵك؟ دكتۆر گەیلان گوتی: پارتی خۆی بە نوێنەری خەڵک دەزانێت و کار لەسەر بەرگرییەکی سەخت دەکات لە مافەکان وخاکی كوردستان، ئێمە ئەم دووکێشە گەورەیەمان هەیە و پشتیوان بەخوا کار لەسەر ئەوە دەکەین، چۆن یاسامان دەرکرد بۆ گەڕانەوەی زەوییەکانی جوتیاران، کاریش لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە دەکەین تا ماف بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە.