بەناز عوسمان ڕەمەزان كاندیدی ژمارە(5)ـی بازنەی سلێمانی،لە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان: بە هەموو توانامەوە كار بۆ پاراستنی گەنجان لە ماددەی هۆشبەر دەكەم، كە سزای توند بەسەر بازرگان و فرۆشیارەكانی بسەپێنرێت

150

خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- بەناز عوسمان ڕەمەزان كاندیدی ژمارە (5) لە بازنەی سلێمانی، لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەدیدارێكی كورت لەبارەی كاندیدبوونی خۆی و بەرنامەی كاری بۆ خەبات دووا: بەناز عوسمان ڕەمەزان كاندیدی ژمارە (5) لە بازنەی سلێمانی، لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: هەڵبەتە ئەم پرسیارەی ئێوە لە دوو پرسیاردا خۆی دەبینێتەوە، بەنیسبەت هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان ، سێ دروشمن كەپارتیمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كردوویەتی بەدروشمی بانگەشەی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوبەشی سیاسی چەمكێكە دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵگەی یۆنانی، خەڵكی لەو سەردەمەدا لەهۆڵێك یاخود شوێنێك كۆدەبوونەوەو دەربارەی كێشەكانی وڵات سەرنجیان دەگۆڕییەوە، ئەمە بە یەكەمین بەشداری خەڵك دادەنرێت لەمێژوودا، بەڵام لەئێستادا ئەم جۆرە لە وەرگرتنی بۆچوونی هاووڵاتی تاڕادەیەك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئێستا لەڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دەسەڵاتداران فەرمانڕەوا هەڵدەبژێرن، هەرئەوانیش دەتوانن بیانگۆڕن، گرنگی ئەم بەشداریكردنەش ئەوەیە كەخەڵكی بەشدارن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانتاران تا ببنە چاو و دەنگی خەڵك لەپڕۆسەی سیاسیدا، بە نیسبەت هاوسەنگی كەچەمكێكی نێودەوڵەتییە پارتیمان باش لەواقعی دۆخی سیاسیی عێراق گەیشتووە دەیەوێت لەڕێگەی ئەم دروشمەوە و بەڕێگەی گفتوگۆ هەموو هێزە بچووكەكان فرە ئایدیاكان بپارزێت تا كۆتایی بەهەژموونی باڵادەستی تاكلایەنە بهێنێت هەمووان پێكەوە بەشداربین لەبڕیاری سیاسی و پاراستنی مافی كەمە نەتەوایەتییەكان و ئایینزاكان ئەمەش دەستكەوتێكی گرنگە بۆپارتیمان لەعێراقدا كەهەمیشە زۆرینە خۆیان سەپاندووە، سازان هەوڵدانێكی دیكەی پارتیمانە تا لە ڕێگەی گفتوگۆ سەرجەم كێشەكان چارەسەربكات هەمووان لەسەر مێزی دبلۆماسی گفتوگۆ و بەشداری بكەن و مافەكانیان دەستەبەر بكەن، پارتی لە هەموو هەڵبژاردنێك، كۆمەڵێك خەڵكی بەتوانا و شارەزا دەنێرێتە پەرلەمان بۆ دەستەبەركردنی مافی خەڵكی عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی و ئەویش بە ڕێنمایی سەرۆك بارزانی، سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك كەهەوڵ بۆسەرجەم مافەكانی خەڵكی كوردستان دەدات.

كاندیدی ژمارە (5) لە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی بۆ خەبات گوتیشی: ئەوەی تۆزێك هۆشیاریی سیاسی هەبێت وچاودێری بارودۆخی عێراق بكات لەڕووی دەوڵەتداری تێدەگات زۆرینەی سێكتەرەكان كێشەی قوڵ و مێژویییان هەیە، وەكوو پێویست كاریان بۆنەكراوە، چ لەبواری تەندروستی تادەگاتە خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ وكێشەی ئاسایش و ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان تادەگاتە كۆچی گەنجان، لەم ڕوانگەیەوە كە خۆم ئافرەتم، لە هەمانكاتدا گەنجم زیاتر حەز دەكەم لە سێكتەری ئافرەتان و گەنجان كاربكەم و ڕێگری بكەم لە توندوتیژی دژبە ئافرەتان و ستەملێكردنییان. هەربۆیە بەهەموو توانامەوە كاردەكەم بۆ ئەوەی گەنجان بپارێزم لە ڕێگەی چەند پڕۆژە یاسایەكەوە سزای توند بسەپێنین بەسەر بازرگانی ماددەی هۆشبەر و فرۆشیار و بەكارهێنەران.