مەلا خالید پشدەری كاندیدی ژمارە (15)ـی بازنەی سلێمانی لە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان: هەموو ئەو سێكتەرانەی لەبەرژەوەندی خەڵك و بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستانن، بەلای ئێمەوە گرنگن و كاریان لەسەر دەكەین

177

خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- دەربارەی كارنامەی لیستی 275ـی پارتی، چەند پرسیارێكمان لە (مەلا خالید پشدەری) كاندیدی ژمارە (15)ـی بازنەی سلێمانی لە لیستی 275ی پارتی كرد: لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئێوە وەك كاندیدی لیستی 275ـی پارتی مەبەستتان لە (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) چییە و پارتی دەیەوێت چی بۆ كوردستان مسۆگەر و دەستەبەر بكات كە تاوەكو ئێستا نەكرابێت؟ مەلا خالید پشدەری كاندیدی ژمارە 15ی بازنەی سلێمانی گوتی: هاوبەشی، وەكو پارتی لە هاوبەشیدا كەسمان بێبەش نەكردووە و ڕابردوو شایەدمانە، كە سەرجەم لایەن و پێكهاتەكان بە هاوبەشی ڕاستەقینەی خۆمان دەزانین، هاوسەنگی، لە هاوسەنگیشدا هەمیشە باری قورسی كوردایەتی بە سەرشانی پارتییەوە بووە و لە خۆشیشدا شەریكمان زۆر بووە، سازان، لە سازاندا خۆمان بە خاوەنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان زانیووە و ئەوەی بۆ بەرژەوەندی گەلەكەمان بێت سازانمان بۆی كردووە.

لە وەڵامی پرسیاری پێتانوایە بتوانن لە ڕێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەستبەر بكەن؟ مەلا خالید پشدەری دەڵێت: بە دڵنیاییەوە بەرنامەی هەرە لە پێشینەی پارتیمان ئەوەیە كە مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكات، ئەو ئەركەش ئەمانەتە لەسەر شانی نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەدڵنیایی بەدەستی دەهێنین، وەكو چۆن لە ڕابردوودا بە كردار ئەوەمان سەلماندووە و نوێنەرەكانی پارتی لە بەغدا وەك پێویست بە ئەركی پەرلەمانتاریی خۆیان هەلستاون و درێغییان نەكردووە، لای هەمووانیش روون و ئاشكرایە، كە پارتی تاكە داكۆكیكاری راستەقینە بووە بۆ مافەكانی گەلەكەمان و، ئێمەش لە ژێر ڕابەرایەتی و بەڕێنمایی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵێك دەدەین و داكۆكیكاری سەرسەختی بەدەستهێنانی مافی گەل و وڵات و خاكی خۆمان دەبین و بەڵێن دەدەین كە درێغی لە هەوڵەكانمان نەكەین.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێوە زیاتر گرنگی بە چ سێكتەرێك دەدەن، كە پەیوەیست بێت بە ژیان و گوزەرانی خەڵك؟ گوتی: خەمی پارتی دیموكراتی كوردستان و خەمی ئێمەی كاندیدانی ئەو لیستە خەمی خاك و خەڵكی كوردستانە، بۆیە هەموو ئەو سێكتەرانەی لەبەرژەوەندی و بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستانن بەلای ئێمەوە گرنگن و ئێمە كاریان لەسەر دەكەین.

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا، ئایا داواكاریتان لە جەماوەر و دەنگدەرانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین چییە؟ تاوەكو پارتی بتوانێت زیاتر و زۆرتر خزمەت بەم ناوچانەی كوردستان بكات؟ مەلا خالید پشدەری گوتی: ئێمەی كاندیدانی پارتی شانازی بەخۆمان دەكەین كە كاندیدی حزبێكین مێژووەكەی پڕە له‌دەستكەوت و خزمەتگوزاری، بۆیە بەبێ‌ دوو دڵی داوا لەجەماوەری خۆشەویستی ئەو سنوورانە دەكەین لە پێناوی خزمەتگوزاری زیاتر و ئاوەدانی و قەرەبووكردنەویان دەنگ بدەن بەلیستی 275ـی پارتی ، هەتا ئەو حزبە و لیستەكەی بەهێزبێت دەستی خزمەتگوزاری زیاتر دەگاتە ناوچەكانیان، ڕانیە و هەڵەبجە دوو شاری پڕ قوربانی و بریندارن، وەك پێویست خزمەت نەكراون، بۆیە بەڵێن دەدەین كە بەهەموو توانا هەوڵی قەرەبووكردنەوەیان بدەین لەڕێی حكوومەتی بەغدا و هەموو ئەو ماف و ئیمتیازانەی لە عیراق دەدرێت بە كەسوكاری شەهیدان، لە هەرێمی كوردستانیش وەربگیرێت و حكوومەتی بەغدا بیگرێتە ئەستۆی خۆی.