ئەندازیار هاوڕێ نایف كاندیدی ژمارە (16)ـی بازنەی كەركووك، لە لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان: دروشمی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، كە پارتی هەڵیبژاردووە، هەمان دروشم و پەیڕەوە، كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە

137

خەبات: ئارام شێرکۆ:- ئەندازیار هاوڕێ نایف كاندیدی ژمارە16ی بازنەی کەرکووک لەسەر لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردن و دیدگای پارتی بۆ کەرکووک و کوردستان بەم جۆرە بۆ رۆژنامەی خەبات دووا: هاوڕێ نایف سەرەتا لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئێوە وەك كاندیدی لیستی 275ـی پارتی مەبەستتان لە (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) چییە و پارتی دەیەوێت چی بۆ كوردستان مسۆگەر و دەستەبەر بكات كە تاوەكوو ئێستا نەیكردووە؟ لەمبارەیەوە ئەو كاندیدەی پارتی بۆ خەبات گوتی: ئەم دروشمەی پارتی دیموكراتی كوردستان ھەڵیبژاردووە ھەمان دروشمە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرا پارتیشمان بەشێكی كاریگەرو بەشداربوو لە نووسینەوەی دەستووری عێراقی لەیادمانە، كە جەنابی سەرۆك بارزانی خودی خۆی لە دانووستانەكاندا بۆ نووسینەوەی بەشداربوو. ئێستا مەبەستمانە كە بەھێزەوە لەبەغدا ئامادەییمان ھەبێت بۆ جێبەجێكردنی تەواوی بڕگەو خاڵەكانی دەستوور، باشترە بڵێم ئەمە فرسەتێكی ترە كە پارتی دەیدات بە عێراق و دەڵێت ئەگەر دەتانەوێت لەگەڵتان بەشداربینەوە فەرموون دەبێت ئەم دروشمەی كە عێراقمان لەسەر دامەزراندووە، جێبەجێی بكەن بە ماف و شایستەكانمان وەك ئەوەی لەدەستووردا ھاتووە، ئێمە ھیچ شتێكمان لە دەرەوەی دەستوور داوا نەكردووە و بە كەمتر لەوەی لەدەستووردا ھاتووە رازی نابین.

دەربارەی ئەوەشی كە ئایا پێیانوایە بتوانن لە ڕێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكەن؟ لەمبارەیەوە ئەو كاندیدەی ژمارە 16 بۆ خەبات گوتی: بەڵێ بێگومان ئێمە وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوای تەواومان بە دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەكانی حكوومەت ھەیە، نەك تەنیا پرسی دارایی بگرە تەواوی كێشەكانی دیكەی عێراق. دەتوانرێت لە رێگەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چارەسەر بكرێن، ئێمە كە دەڵێین دەستوور جێبەجێ بكرێت ئەگەر دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق بەبێ دەستوەردانی دەرەكی كاری خۆیان بكەن ھەڵبەتە دەبنە ھۆی چارەسەری تەواوی كێشەكانی عێراق.

دەربارەی داواكارییان لە جەماوەر و دەنگدەرانی بازنەكەی خۆیان؟ تاوەكو پارتی بتوانێت زیاترو زۆرتر خزمەت بەم دوو شارەی كوردستان بكات؟ ئەو كاندیدەی پارتی گوتی: داواكارم لە خەڵكی خۆڕاگری شارەكەم كەركووك كە متمانەمان پێبكەن و ئەم ئەمانەتە بخەنە ئەستۆی پارتی بۆ ئەوەی بتوانین بەھێزەوە لە بەغدا بین بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانتان گێرانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و چارەسەركردنی كێشەكانی كەركووك و وەرگرتنەوەی پۆستەكان و شایستەكانی كورد بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەوانەوە خزمەتی خەڵكی كەركوك بكەین و منداڵەكانمان بتوانن بەزمانی شیرینی دایك بخوێنن و جوتیارەكانمان بتوانن لەسەر زەوییەكانی خۆیان كاربكەن، هەروەها گەنجانمان ھەلی كاریان ھەبێت و كەركووك بەرەو ئاوەدانی بەرین ھاوشێوەی ھەولێر، لە كۆتاییدا دەڵێم كەسی شیاو ھەڵبژێرن بۆ شوێنی شیاو.