سەرۆک بارزانی و پەیامی کوردستانیی

238

چیا هەرکی*
لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆک مەسعود بارزانی لە چەندین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و لە میانی چەند وتارێکدا، ڕوانگەی پارتیمانی سەبارەت بە چەندین پرس و بابەت، بە ڕوون و ڕاشکاوی، خستە ڕوو.
ئەم وتارانەی جەنابیان نەک هەر بە تەنیا بانگەشەیەکی ئاسایی نەبوون بۆ هەڵبژاردن، بەڵکوو دەربڕینی ڕۆشنی دیدگایەکی ستراتیژی و سیاسی بوون کە چەندین تەوەری گرنگیان لەخۆ گرت و ڕێنیشاندەرن بۆ ئایندەی سیاسیی هەرێم و عێراق.
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی وتارەکانی سەرۆک، جەختکردنەوە بوو لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی کورد و بەڕوونی ئاماژەی بەوە دا کە بەبێ یەکڕیزی و یەکدەنگیی ناوخۆیی کوردستانی، ناتوانرێت بەرژەوەندییەکانی کوردستان لە بەغدا بپارێزرێن.
ئەم پێداگیرییەی لەسەر یەکڕیزیی ناوخۆیی لەکاتێکدا دێت، کە هێشتا هەرێمی کوردستان گیرۆدەی پەرتەوازەیی گوتار و بڕیاری سیاسییە لە بەرامبەر عێراقدا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە مێژووی خەباتی گەلی کورد فێری ئەوەی کردووین تەنیا لە ژێر ئاڵای یەکگرتوویی کوردبووندا دەتوانرێت دەستکەوتەکان بپارێزرێن و ئامانجەکان بەدی بهێنرێن.
لە پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، جەنابیان بە ئاماژەیەکی سیاسیی هۆشیار و ئاگامەندانەوە باسی لە پێویستیی پابەندبوونی حکوومەتی عێراقی بە دووانەی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی کرد.
بەڕێزیان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چارەسەری کێشەکان دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور و لەڕێگای دانوستان و گفتوگۆی کاریگەر و گەڕانەوە بۆ ڕۆحی دەستوور بێت، ئەو دەستوورەی کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگی پێ داوە. دەستوورێک کە جگە لە دیباجەکەی، لە چەندین بڕگە و بەند و ماددەیدا بە ڕوونی و ڕەوانی باس لە سێ کۆڵەگە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی وڵات، سروشتی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، پرسی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ سەروەت و سامان و داهاتی سەر و ژێر زەوی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، کردووە.
وتارەکانی بارزانی پەیامێکی ڕوون بوون بۆ دەنگدەرانی کوردستان بەگشتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی بەتایبەتی، بەوەی دەنگدانیان بە لیست و کارنامەی پارتیمان، پشتیوانیکردنە لە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کە خاوەنی ڕاستەقینە دۆزی گەلی کوردستانە و وەک دوێنێ و ئەمڕۆ، سبەیش لە ئاستی بەرپرسیارێتیی مێژوویی سەر شانی خۆی و متمانەی دەنگدەرانیدا دەبێت. ئەم هەڵمەتی بانگەشەیە دەرفەتێکی دیکە بوو بۆ سەرۆک، تا دیدگا و دەستکەوتەکانی پارتی وەبیر خەڵکی کوردستان بهێنێتەوە و ڕۆڵی ڕێبەرێکی نەتەوەیی بگێڕێت، ڕێبەرێک کە دەتوانێت کاریگەریی بەردەوامی لەسەر ئاراستە و بڕیاری سیاسیی ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت.
سەرۆک بارزانی لە وتارەکانیدا ئومێد و هیوای بۆ ئایندەیەکی باشتر دروست کرد و بانگەشەی خەڵکی کرد بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی ئەو ئایندەیە لەڕێگای بەکارهێنانی مافی دەنگدان و بەشداریکردنی کاریگەرانە لە پرۆسەکە و هەڵبژاردنی نوێنەرانی شایستە و لێهاتوو.
* ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی