لە سایەی پارتیدا بنەماکانی بەیەکەوەژیان بەهێزتر دەبێت

180

وەیسی سەعید وەیسی
بەیەکەوەژیان و نەبوونی دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی لە کوردستاندا یەکێکە لە شانازییە پربەھاکانی گەلی کوردستان، ھەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە “پارتی دیموکراتی کوردستان “بڕوای بە فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی ھەبووە، بۆیە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە قووڵکردنەوەی ئەو فەرھەنگەدا، لەم پێناوەدا کاری کردووە و برەوی بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبییەکانی کوردستان داوە، بۆیەش ھەر زوو ناوی خۆی لە (پارتی دیموکراتی کورد) کردە (پارتی دیموکراتی کوردستان) تا حزبی ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەکی کوردستان بێت، هیچ كات له‌ سنوورێكی جوگرافی و هزریی دیاریكراودا كورت نه‌كرایه‌وه،‌ بەڵکوو توانی به‌ ڕابه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر لە ساتی دامەزراندنییەوە ھەموو سنوورێک تێپەڕێنێت و ببێتە حزبی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان، پارێزەرێکی بەھێزی بەھاکانی ئازادی و دیموکراسی و بەیەکەوەژیان بێت، کۆمەڵێک سەرکردە و کادیری پێشکەوتوو لە نەتەوە و ئایین و مەزھەبی جیا لە (عەرەب -تورکمان- ئاشووری – کلدان – سریان – ئەرمەن – ئێزدی – فەیلی و کاکەیی ) لەنێو پارتیدا ھەبوون و تا ئێستاش ھەن، تەنانەت لەگەڵ ھەڵگیرساندنیدا بارزانیی نەمر، شۆڕشی ئەیلوولی کردە شۆڕشی ھەموو نەتەوە و ئایین و مەزھەبێک، بەردەوام بەرگریی لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان دەکرد و پارێزەری مافەکانیان بوو، جگە لەوەی ھەمووانی لە یەک سەنگەردا دژی داگیرکەرانی کوردستان کۆکردەوە و چەندین پێشمەرگە لە نەتەوە و ئایینی جیا بە قارەمانییەتیی خۆیان ناوبانگیان بە ھەموو لایەکی کوردستاندا بڵاوببووەوە، لە زۆربەی ناوچەکاندا پەرستگەی ئایینەکان بە تەنیشت یەکەوەن، باوەڕدارانی هەموو ئەو ئایینانەش بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە بەیەکەوە دەژین، بۆیەش پارتی بەردەوامی داوە بە کولتووری بەیەکەوە ژیان و دژی ھەر ھەوڵێکی نەزۆک وەستاوەتەوە کە ھەوڵی تێکدانی ڕەوشی بەیەکەوەژیانی دابێت لە ھەرێمی کوردستاندا، کە دواھەمینیان پرسی نەمانی کۆتای پێکھاتەکان بوو لە پەرلەمانی کوردستان، کە لایەنی وا ھەیە شانازی دەکات ڕۆڵی ھەبووە لە نەھێشتنی کورسی کۆتای پێکھاتەکان، کاتێکش دادگای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری دژی کورسی کۆتاکان دەرکرد، تەنیا سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دژی وەستانەوە و ڕێگەیان نەدا بەبێ نوێنەرایەتیی پێکھاتەکان ھەڵبژاردن بەرێوەبچێت، ئەمە تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانە و پەرۆشی و وەفا بوو بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان، کە سەرەنجام پێکھاتەکان ھەستیان بە دڵنیایی کرد و بۆیان دەرکەوت کە تەنیا پارتی و سەرۆک مەسعود بارزانی قەڵغانی پاراستنی بەیەکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکانن، ئەم پشتیوانیيه‌ش بۆ ھیچ بەرژەوەندی و مەبەستێک نەبوو، بەڵکوو بروا و پڕەنسیپە پەیوەستە بە مێژووی درێژی باوه‌ڕ و کولتووری بەیەکەوەژیان لە کوردستاندا، ئێستاش کە بەرەو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەچین، گرنگە لەپێناو زیاتر بەرجەستەکردنی بنەماکانی بەیەکەوەژیان و ڕێگریکردن لە هەر جیاکارییەک پێکھاتەکان کار بکەن بۆ سەرخستنی لیستی 275ی پارتیمان، چونکە لە سایەی ئەم لیستەدا بنەماکانی بەیەکەوەژیان بەھێزتر دەبێت، بە کردار ئەم ڕاستییە سەلمێندراوە، چۆن پارتی بەردەوامی داوە کاری بەم کولتوورەیە، جیاواز لە لیستەکانی دیكه‌ی ھەڵبژاردندا لەناو لیستی پارتیدا کاندیدی نەتەوە و ئایین و مەزھەبی جیا ھەیە، لە یەک ڕۆژدا لە ھەولێری پایتەخت جەنابی کاک “مەسرور بارزانی” سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەنیسەی (ئوم ئەلنوور)ی لە قەزای عەنکاوە كردەوە.
ھەروەھا بەردی بناغەی پەیمانگەی ئایینیی ئەزهەری دانا و بەشداریی لە ئاهەنگی دەرچوونی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتارخوێنانی کرد، کە چەند ڕۆژێکی پێشتریش پڕۆژەی ڕێگەوبانی پەرستگەی لالشی بۆ خوشک و برایانی ئێزدی کردەوە، ئەمە هەمووی بەڵگە و نیشانەی ئەو ڕاستییەیە کە پارتی پارێزەرێکی بەھێزی بەیەکەوەژیانە، بۆیە سەرکەوتن و سەرخستنی لیست و کاندیدانی پارتی دەبێتە ھۆکاری سەرەکی بەردەوامیدان بە قووڵکردنەوەی بەھا بەرز و مرۆیییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیان و ڕێگرتن لە هەر جیاکارییەکی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی.