دەنگ و هەڵوێستی مەلای کورد لە ئەمه‌ریکا

120

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی*
یەکێ لە ئامانجە ستراتیژییەکانی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان دروستکردنی پەیوەندی بووە لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بۆ ئەوەی واقعی دینداری و پەیامی زانایان لە ئاست خواستی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بگەیەنێت و ئەزموونی خۆی و وڵاتان لە بواری پێشخستن و گەشەی هزری و فەرهەنگی گەنگەشە بکات، بەتایبەت لە ڕووی تێگەیشتنی بۆ دین و پرسی مافی مرۆڤ و پەیوەندیی هەمەلایەنە و ئازادی و مافە نەتەوەییەکانەوە، زۆر جار گلەیی ئەوە دەکرا کورد توانیویەتی قەزییەی خۆی لە ڕووی سیاسییەوە بگەیەنێتە وڵاتان، بەڵام لە ڕووی دیندارییەوە کێماسی هەبووە و وەک پێویست نەیتوانیوە دۆخی دینداری و پابەندی و کولتووری ئایینی پیشان بدات، ئەمەش وای کردووە بەشێکی وڵاتان حوکمی ناجۆر بەسەر کورد بدەن و، شارەزاییان لەبارەی کۆمەڵگەی کوردی نەبێت و وەک گەلێکی ناموسڵمان لە قەڵەمی بدەن، یان وەک نەتەوەیەک سەیر بکرێت کە هیچ پڕەنسیپ و بنەمای پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردنی نەبێت، یان بگرە وای نیشان بدەن ئەسڵەن کورد موسڵمان نییە!
لەم سۆنگەوە لە هەردوو خولی پێنجەم و شەشەم پەیوەندیی یەکێتیی زانایان لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان لە ئاستێکی باڵا و باش خۆی بینیوەتەوە و تا ئەندازەیەکی باش ڕۆڵی هەبووە لە گەیاندنی تێڕوانینی زانایانی کورد بۆ دینداری و دنیابینیی بەرانبەر پرسە هاوچەرخەکان و بەرچاوخستنی ڕۆڵی کورد لەم نێوەدا، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگ بووە لە گیاندنی پەیامە نەتەوەیییەکە لە چوارچێوەی دۆخی دینداری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان بە دەرەوە، بەو پێیەی کورد خاوەن فەرهەنگێگی تایبەت و دەوڵەمەندە لە بواری مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە فەرهەنگ و کولتوور و تایبەتمەندیی گەلان، وەک خۆیشی کورد گەلێکی ستەمدیدە و بێدەوڵەت و مافی چارەنووس ماوەتەوە، بۆیە زۆر جار کە لەسەر عێراق حیساب دەکرێت دەبێتە قوربانی نەریتگەلێکی عەرەبی و عێراقی، کە وەک وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەندێ جار لە دیدی وڵاتان سەرچاوەی ئاریشە بووە لەبەردەم مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و ئاشتیی ناوچەکە.
ئەم جارە نەک لە جیهانی ئیسلامی، بەڵکوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەنگ و سەنگ و هەڵوێست و تێڕوانینی مەلای کورد دلێرانە بەرز دەبێتەوە و، پەیامی ستراتیژییانەی خۆی دەگەیەنێتە نوێنەر و شاندنی وڵاتانی جیهان، ئەوەتا بەرێز د. عەبدوڵڵا مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە ۳۳یەمین سیمپۆزیۆمی ئایین و یاسا نێودەوڵەتییەکان بە بەرچاوی ۱٠٠ شاند و بەشداریی 54 وڵاتی جیهان و کەسایەتیی ئایینی و توێژەر و نووسەر و ئەکادیمی؛ پەیامی کورد دەگەیەنێت و باس لە ئازادیی ئایینی و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی دەکات لە وڵاتانی جیهاندا، واقعی ئایینی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کوردستان دەخاتە ڕوو، بەوەی دید و ڕامانی زانایانی ئایینی و موسڵمانانی کوردستان بەو پێیەی سەرچاوەی لە تێگەیشتنی دروستی گەورە زانایان وەرگرتووە، بەهایەکی گەورەی لەناو کیان و کۆمەڵگە چەسپاندووە، ئەویش خۆی لە هەڵوێستی میهرەبانانەی ئیسلام دەبینێتەوە، کە پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستییە و خالیە لە توندوتیژی و چەوساندنەوە و ڕەتکردنەوەی بەرانبەر و هەڕەشە لەسەر پەیڕەوانی ئایینەکانی تر.
چونکە ئەو ڕاستیە سەلماوە، کە گەلی کورد کێشەی ئایینی نییە و بگرە پتر لە هەزار ساڵە زانایانی کورد خزمەت و هەوڵەکانیان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و مرۆڤایەتی شۆڕکردووەتەوە و نەک تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ بەڵکوو خزمەتی گەورەیان پێشکەش بە وڵاتانی جیهان کردووە، لەبەر ئەوەش بووە کورد بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە ئاشتییانە ژیاوە و هیچ گرفتێک لە ئارادا نەبووە و هەمووان پێکەوە دەژین، بەڵکوو کێشەی هەرە گەورە ئەوەیە لە ڕووی سیاسییەوە مافی چارەنووسی میللەتێکی نزیک بە 50 ملیۆن کەسی تا ئێستا سەربەخۆ و خاوەن دەوڵەت نییە، بە بەر چاوی هەموو دنیاوە کورد ستەمی لێ کراوە و مافی خوراوە و دەیان نەهامەتی ڕووبەڕووی بووەتەوە و هەزارەها قوربانی داوە تەنیا لەپێناو کوردبوون و گەیشتن بە مافی چارەنووس و ژیانێکی ئاشتییانە، کەچی کەس بە پیر داوا و مەغدورییەتی کوردەوە نەهاتووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەیان گرفتی بۆ دروست دەکرێت و ماف و شایستە دەستووری و یاسایی و داراییەکانی بە ڕەوا نابینن، ئەمەش وای کردووە کورد هەست بە نیگەرانیی زۆر بکات و ئومێدی بە دۆستایەتیی دۆستەکانی لاواز بێت.
گەیاندنی ئەم پەیامە لە لایەن مەلایەکی کورد – سەرۆکی یەکێتیی زانایان- لە ویلایەتی یوتاو لە ناو دڵی وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، پێنگاڤەکی گرنگ و مێژوویی و دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ زانایان و هەڵوێستی نیشتمانییانەی مەلای کورد، چونکە ئەگەر لە سەردەمانێک ئەو پیشاندان و بەرچاوخستن و هەڵوێستە خەون و خەیاڵ بێت، ئەوە بۆ ئەمڕۆ پراکتیک و واقعە.
لە پەراوێزی ئەم سیمپۆزیۆمە بەڕێز سەرۆکی یەکێتیی زانایان وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و توانی لە ماوەی وتارەکەیدا وێنایەکی جوان و واقعیی کوردستان بۆ ئامادەبووان بگوازێتەوە و سەرنجی هەمووان ڕابکێشێت، کە کوردستان ئەگەرچی لە ڕووی هەرێمییەوە لەناو عێراق دایە، بەڵکوو لە ڕووی نەتەوە و فەرهەنگ و کولتوور و بەها ئایینی و مرۆییەکان نەتەوەیەکی تایبەت و جیاوازە و گوزارشت لەخۆی دەکات نەک کولتووری گەلانی عێراق، خاوەن فەرهەنگێکی ناوازەیە لە پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، ناوەندێکی باڵای ئاشتیویست و لێبوردەیییە، بۆیە بەڕێزیان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە: هەرێمی کوردستان بەپێی پڕەنسیپی ئیسلام پشتیوانی لە ئازادی لە ئاییندا دەکات، هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرینە موسڵمانە، بەڵام هەموو ئایینەکانی دیکە لەو ناوچەیە بەیەکەوە دەژین و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ڕێگەی بە ئازادیی فرەئایینی داوە، هاوکات چەندین یاسای پەیوەست بە فرەئایینی دەرکردووە، هەر ئەمەشە هەرێمی کوردستان لە عێراق جیا دەکاتەوە، کە لەسەر میراتی کولتووری و کۆمەڵایەتیی گەلی کورد و لێبوردەیی دامەزراوە، لە مێژووی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کاتێک مزگەوت شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسانە نەبووە، کە موسڵمان نەبوونە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ مزگەوتەکان شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسانە بوون، هەروەها بە هەمان شێوە پێشمەرگە چۆن بەرگری لە موسڵمانان کرد، بەوشێوەیەش بەرگری لە کریستیان و ئێزدییەکان کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد: هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سەلامەتترین ناوچەکان بۆ فرەپێکهاتەیی و فرەئایینی لە تەواوی ناوچەکانی دیکە، هاوکات ئاماژەی بە یاسایەکی هەرێمی کوردستان دا، کە لە هەموو دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان، وشەی “ کەمینە ئایینی” قەدەغە کراوە، ئەمەش لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان %90 موسڵمان و نزیکەی هەشت ئایینیی دیکەی وەک، ئێزدی، کریستیان، کاکەیی، فەیلی، شەبەک و هتد، کە بە فەرمی دانیان پێ نراوە، کە هەموویان کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانیان پێک هێناوە.
لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی ئەوقاف هەیە، نەوەک وەزارەتی کاروباری ئایینی ئیسلام، لە کاتێکدا زۆرینەی موسڵمانن، هەروەها یاسایەکمان هەیە بۆ پاراستنی مافی فرەپێکهاتەکان. هەروەها کاتێک کریستیانەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرایە سەر و ئاوارەبوون، هەرێمی کوردستان دەرگای بەڕووی ئەواندا کردەوە و بووە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئەوان.
دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستان هەرکەسێک وتاری توندوتیژیی دژ بە ئایینەکان بڵاو بکاتەوە، ئەوا بەگوێرەی یاسا سزا دەدرێت، دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت، کە کۆڵەکەی پاراستنی ئازادیی ئایینی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانییە. هاوکات ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەبەرەی مرۆڤایەتین و دەبێت خۆشەویستی و برایەتی لەنێوان گەلان بڵاوبکەینەوە، هەروەها لە چەندین شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان منارەی مزگەوت و کلێسا بەرانبەر یەکترن و هەر کەسێک پەرستشی خۆی دەکات.
لەبارەی ئازادی لە ئایینی ئیسلامدا گوتی: ئازادیی ئایینی لەوەی مرۆڤ ویست و کردەوەکانی خۆی هەڵبژێرێت بەبێ ئەوەی بەزۆر بەسەریدا سەپێنرابێت و مافی کەسانی دیکە بخوات و ڕێز لە مافە گشتییەکان بگرێت، هاوکات نابێت ئازادی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سیستەمی گشتی و تاکی مرۆڤ.
ئەوەشی باس کرد، کە ئەوەی ئایینی ئیسلام لە ئایینەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، باوەڕی موسڵمانانە بە خودا، کە کۆڵەکەی ئایینی ئیسلامە، چ بەشێوەی فەلسەفە بێت یان کردەیی، هاوکات ئایین لە تێڕوانینی ئیسلام بریتییە لە چەند بیر و ڕەوشت و یاسایەک کە خودا دایناوە، بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی و بەدیهێنانی خواستەکانی مرۆڤ، هەروەک لە ئایینی ئیسلام تاک لە دەربڕینی بیروباوەڕی ئایینیی خۆیان ئازادن، هاوکات زۆرکردن لە گۆڕینی ئایین نییە، ئەمەش واتە ئایینی ئیسلام ڕێز لە هەموو ئایینەکانی دیکە دەگرێت و ڕێگە بە پێکەوەژیان و فرەیی دەدات لە یەک وڵاتدا.
ماوەتەوە بڵێم: مەلای کورد وێڕای ئەوەی هەمیشە خزمەت و هەوڵەکانی مایەی شانازی بوونە بۆ کۆمەڵگەی خۆی، بەردەوامیش هەڵوێست و پەیامەکانی لە دەرەوە مایەی شکۆمەندیی گەورە و دەسکەوتی زۆر بووە بۆ پاڵپشتی قەزییەی نەتەوەیی و گەیشتن بە مافی چارەنووس.
* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.