خەبات – بەرهەم شێخ عزەدین
سه‌باره‌ت به‌ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە بازنەی سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دڕاندنی پۆسته‌ره‌كانی لیستی پارتی له‌ بازنه‌ی سلێمانی، جەلال گەیلانی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، له‌م دیداره‌یدا له‌گه‌ڵ خه‌بات تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر بانگه‌شه‌ی پارتی و كاركردن بۆ سه‌رخستنی لیستی 275ی پارتی له‌ بازنه‌ی سلێمانیدا و ده‌ڵێت لایه‌نه‌كان پۆسته‌ره‌كانی پارتی ده‌دڕێنن و هی خۆیان له‌ شوێنه‌كانیان داده‌نێن، ده‌شڵێت ئەوانەی پۆستەری پارتی دەدڕێنن دژی دیموكراسی و ئارامین.
جەلال گەیلانی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی دەربارەی شێوازی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرجەم بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق بە تایبەت بازنەی سلێمانی، بۆ خه‌بات گوتی: پەیامی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی بۆ كادیر و لایەنگران و كاندیدانی لیستی 275، پەیامی برایەتی و نەرمونیانی و ئاشتی و پارێزگارییه‌ لە ژینگە و پاراستنی مافی هاووڵاتییان، بۆیە ئێمە پابەندین بە ڕێنمایییەكانی سەرۆك و سەركردایەتیی پارتی و بەشێوازێكی مەدەنیانە دەستمان كردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن و كاندیدانی لیستی275ی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێنمایی حزب و كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان جێبەجێ‌ دەكەن و پابەندن پێوەی.
جەلال گەیلانی سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی پۆستەر و دروشمه‌كانی پارتی دەستكاری دەكەن و دەدڕێنن، گوتی: لە مێژوودا پارتی دیموكراتی كوردستان دژی ئاژاوە و نائارامی بووە و هەمیشە سەرۆك بارزانی و پارتی داكۆكیكاری سەرەكی بوونه‌ لە ئارامی و ئاسایش و دیموكراسی، بۆیە ئەوانەی پۆستەری پارتی دەدڕێنن، دژی دیموكراسی و ئارامین، وەڵامی ئێمەش بۆ ئەوان پاراستنی پۆستەرەكانیان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پڕۆژەیە، بۆیە هەرگیز جەماوەری پارتی و كادیرانی پارتی خۆی بچووك ناكاتەوە بۆ ئاستی ئەوانەی پۆستەری پارتی دەدڕێنن، خەمی پارتی خەمی نەتەوە و خاكە و ئارامی و ئاسایش و خزمەتگوزاری و دیموكراسی بنەمای كاركردنمانە. گوتیشی: ئەوانەی ئەو كارە دەكەن و هەوڵی نائارامی دەدەن، ئەوانە دژی دیموكراسی و لە خەمی خەڵكدا نین، ئێمە پێمان وایە خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕانیە پارتیان خۆشدەوێت و پشتیوانی پارتین، بەڵام ئەوانەی لە سلێمانی دروشمه‌كانی كاندیدانی لیستی 275ی پارتی دەدڕێنن، بەشێكن لەو ئیرهابە فیكریەی كە نوخبەیەكی كەمن و دەبێت لە خەڵكی تێكۆشەر و قوربانیدەری ئەو ناوچە خۆشەویستە جیا بكرێنەوە، ڕۆژێك دێت پەشیمان دەبنەوە و لە گەورەیی و خەمخۆریی پارتی بۆ دیموكراسی و خزمەتكردنیان تێدەگەن. هه‌روه‌ها باسی ئەو سنوورانەیشی كرد كە دەست بۆ پۆستەركانی لیستی 275ی پارتی دەبەن و گوتی: ئێمە كاری خۆمان بە هێمنی دەكەین و پێمانوایە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسی بە فرەڕەنگی و دەنگی جوانە، بۆیە چاودێرین لە زۆربەی سنووری بازنەی سلێمانی كه‌ دەستكاری دروشمه‌كانی لیستی 275 دەكرێت، زۆر جار شیعاراتی ئێمە لێ دەكەنەوە و دەیبەن و هی خۆیانی لە جێگادا دەنێن، بە دیاریكراوی لە هەموو سنوورەكان هەیە، بەتایبەت لەم یەك دوو ڕۆژە لە قەزای دوكان سەرجەم پۆستەر و كەرەستەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لێكرانەوە و هی خۆیان لە جێگە دانا، بەڕاستی ئەمە جێی داخە و حەق نییە وابێت، چونكە ئەم دیاردەیە كاریگەری نه‌رێنی لەسەر پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن دەبێت، بۆیە حەقە لایەنەكان بێن به‌ پڕۆژە وەڵامی پارتی بدەنەوە نەك بە دڕاندنی پۆستەری كاندیدەكانی پارتی.