مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دەربارەی ڕووداوی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناحیەی پردێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، لە ساتەوەختی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێ شەوی ناحیەی پردێ، ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، هەر زوو پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، گیانی هاووڵاتیان بپارێزن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، شەوی ڕابردوو لە ساتی ڕووداوەکە ئاگاداری هەڤاڵانمان کردەوە دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبێت و هەرچی هەیە لەڕێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت.
لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر هێڵ بووین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەتایبەت لەگەڵ بەڕێز (محەمەد سەنعان) سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە دۆخەکە هێور بکرێتەوە و کێشەکە بە یاسا چارەسەر بکرێت و یاسا سەروەر بێت.
داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، ڕێکاری یاسایی بۆ ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی ئەم گرژییانە بگرنە بەر.
هاووڵاتیانی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، ئەم کردەوانە کاریگەریی لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەکان نابێت و هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
داوا دەکەین، ڕوحی برایەتی و پێکەوەژیان بپارێزن و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوە بچێت دوور لە زمانی زبر و توندوتیژیی.