خەبات: هاوار مورتكەیی:- فیدراسیۆنی شەتڕەنجی ئاسیا كە بارەگاكەی لە دوبەی پایتەختی ئیماراتە، بارزانیی نەمری وەك كەسایەتیی ساڵی ئاسیا 2025 هەڵبژارد، لە پەراوێزی پاڵەوانێتی دێرینەكانی شەتڕەنجی ئاسیا كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بارزانیی نەمر لەلایەن یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا بۆ ساڵی 2025 هەڵبژێردرا، قەڵغانی كەسایەتیی ساڵ لە لایەن، هیشام ئەلتاهر ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی ئاسیا، بە ئامادەبوونی زافر عەبدولئەمیر، سەرۆكی فیدراسیۆنی شەتڕەنحی عێراقی پێشكەشی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا.

پەیجی فەرمیی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی نێودەوڵەتی FIFA، وەك هەواڵێكی سەرەكی ئەم بابەتەی بەوێنەی بارزانیی نەمرەوە بڵاو كردۆتەوە و تێیدا بە زامنی ئیگلیزی نوسیویەتی: ( A historic 1974 photo shows the late Kurdish leader Mustafa Barzani playing chess with American journalist Dana Adam Schmidt—a moment that inspired the Asian Chess Federation‌s 2025 tribute)، واتە: وێنەیەکی مێژوویی ساڵی 1974، سەرکردەی کۆچکردووی کورد، مستەفا بارزانی لەگەڵ دانا ئادەم شمیت، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی یاریی شەترەنج دەکات- ساتێک کە ئیلهامبەخش بوو بۆ ئەوەی فیدراسیۆنی شەترەنجی ئاسیا ڕێزی لێبگرێت لە ساڵی 2025، هەروەها پێگەی فەرمیی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی ئاسیاش، بەهەمان شێوە بەگرنگییەوە ئەو هەواڵەی بڵاوكردۆتەوە.

ساڵانە فیدراسیۆنی شەتڕەنجی ئاسیا، لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا، كەسایەتییەكی ساڵ هەڵدەبژێرێت، بۆ ئەمساڵیش فیدراسیۆنەكە بارزانیی نەمری وەك كەسایەتیی ساڵی 2025ی ئاسیا هەڵبژارد، ئەویش لە پەراوێزی سەردانی زیاتر لە جارێكی هیشام ئەلتاهیری ئەمینداری فیدراسیۆنی شەتڕەنجی ئاسیا، بۆ هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش بۆ دەڤەری بارزان و لەنزیكەوە بینینی چەند بەڵگەیەك لەوەی بارزانی نەمر، لەو سەردەم شەتڕەنجی كردووە، هیشام ئەلتاهیر كە ئیماراتییە، لەبارەی هەڵبژاردنی كەسایەتیی ساڵەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: دوای چەند سەردانێكم بۆ هەولێر و دەڤەری بارزان، لە بارزان چیم بینی؟ بۆ من جێی سەرسوڕهێنەر و هەڵوەستە بوو، كە لەم دەڤەرە دڵڕفێنە، گەورەو بچووك شەتڕەنج دەزانێت، دوای بەدواداچوونیشم، بۆم دەركەوت كە ئەمە هەمووی بۆ سەركردەی كۆچكردوو بارزانیی نەمر دەگەڕێتەوە، كە ئەوكات لە شاخ سەرباری ئەو بارودۆخەی كە تیایدابووە، بەڵام دەستبەرداری حەزەكەی نەبووە و وەك زۆرێك لە سەركردەكانی جیهان، بەردەوام یاریی شەتڕەنجی كردووە.

هەروەها ئەمینداری گشتی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی ئاسیا زیاتر گوتی: كاتێك گەڕامەوە و ئەوەی بەچاوی خۆمم بینی، بۆ سەرۆكی فیدراسیۆن و تەواوی ئەندامانی فراكسیۆنەكەم باسكرد و هەمووان هاوڕابوون لەسەر هەڵبژاردنی بارزانیی نەمر وەك كەسایەتیی ساڵی ئاسیا بۆ 2025، بۆ ئێمەش جێگەی شانازییە كە لە ئاسیا سەركردەیەكی لەو شێوەمان هەبووە كە زۆر گرنگیی بە یاری شەتڕەنج داوە.