فەرهاد عەبدوڵڵا خەیات كاندیدی ژمارە (24)ـی بازنەی هەولێر، لە لیستی (٢٧٥)ـی پارتی دیموكراتی كوردستان: كار دەكەم بۆ ئەوەی متمانەی دەنگدەران بەدەستبێنم

419

خەبات: فاتیح بەرزنجی:- كاندیدی ژمارە 24ی بازنەی هەولێر لە لیستی 275 ی پارتی، فەرهاد عەبدوڵڵا خەیات بەكالۆریۆس لە پەروەردەی جستەیی و زانستە وەرزشیەكانی زانكۆی سەڵاحەدین، بەكالۆریۆس لە زانستە سیاسیەكانی زانكۆی عەرەبی ئەمەریكی وكاندیدی ژمارە 24 لیستی 275ی پارتی بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات باسی كارو پڕۆژەو بەرنامەی خۆی كرد:

ئەو كاندیدەی ژمارە 24ـی بازنەی هەولێر ئاماژەی بەوەدا كە پارتی حزبێكی سیاسی شۆڕشگێڕو مەدەنی و دیموكراتخوازەو لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی خاوەن زۆرترین لایەنگرو هەوادارە، ئەنجامی هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و كوردستانیش باشترین بەڵگەی ئەو ڕاستییەن بۆ قۆناغە جیاوازەكانی پڕۆسەی سیاسی عێراق وكوردستان خاوەن كارنامەی خۆیبووە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و پڕۆسەی سیاسی و ئایندەو پەرەپێدانی سێكتەرە جیاوازەكان، پارتی بەدروشمی هاوبەشی هاوسەنگی و سازان لەگەڵ كارنامەیەكی فرە لایەن وهەمەچەشن بۆ داكۆكیكردن لەمافی نەتەوەیی و ئاییندەی هەرێمی كوردستان لە عێراق بە نەخشە ڕێگایەكی دیاریكراو كە بریتییە لە چوار بواری سەرەكی و 63 خاڵ وەكو كارو بەرنامەی بۆ خولی شەشەم بەشداری هەڵبژاردن دەكات واتا بەرنامەی لیستەكە بریتییە لە ناوەڕۆكی ئەو چوار بوارە جیاوازو 63 خاڵە وەكو ژێر خان لە ئێستاو ئایندە كاری لەسەر دەكەین.

گوتیشی: بەگشتی ناوەڕۆكی كارو بەرنامەی لیستەكە هەموو ئەو بوارانە دەگرێتەوە كە خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی و سەقامگیری لە عێراق دەكات دروشمەكانیشی باشترین بەڵگەی ئەو ڕاستیەیە، هەرچەندە تاوەكو ئێستا دونیابینی ڕەگەزپەرستی و ناهوشیاری سیاسی وایكردووە مافەكانی كوردو هەرێمی كوردستان پێشێل بكرێن، بۆیە ئەوەش لەپاڵ كارنامەی داهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێتە ئەركێكی دیكە كە چیتر ڕێگە نەدرێ‌ پێشێلكاری دەستووری درێژەی هەبێت هاوسەنگی و هاوبەشی وسازانی ڕاستەقینە دەبێتە سەقامگیری سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی داهاتوو لە عێراق بەرنامەی منیش كاركردنە بە بەرنامەی پارتیمان بەدڵنیایی دەستەبەركردنی هەموو ئەو مافانەیە كە لە ئێستادا پێویست وگرنگن بۆكورد بەگشتی وهەرێمی كوردستان بە تایبەتی ئەو ئەركانەی كاری لەسەر دەكەم یاخود وەك نەخشە ڕێ‌ دەبێتە بەرنامەی كاری خۆم بریتی دەبن لە چەند خاڵێكی سەرەكی: لەوانە پابەند بوون بەكارنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان.

دەشڵێت: ئەو سنوورەی لێی كاندید كراوم دەنگ وپشتگیرییان بۆ لیستی 275ی پارتییە ئەوەش ئەركێكی سەرەكی دەخاتە ئەستۆم كە چۆن خزمەتبكەم و بەهەموو هێزو توانای خۆم كاردەكەم بۆ ئەوەی متمانەی دەنگدەران بەدەستبێنم و داواش لەدەنگدەران دەكەم كە دەنگ بە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن بۆئەوەی ببینە نوێنەری ڕاستەقینەی میللەتەكەمان لەبەغدا.

فەرهاد عەبدوڵڵا خەیات گوتیشی: پاڵپشتی لە پڕۆژەكانی گەنجان و ئافرەتان دەكەم و پاڵپشتیش لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دەكەم و لەپێناو بەرگریكردن لە مافەكانیان دەبمە خەمخۆرێكی ڕاستەقینەی میللەتەكەم لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و داوا لە دەنگدەرانی بازنەی هەولێر دەكەم كە دەنگ بە لیستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە لیستی 275ی پارتی بدەن بۆ ئەوەی بتوانین بە دەنگی ئێوە بچینە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و داكۆكیكارێكی سەرسەخت بین بۆ بەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلەكەمان.