ئاسۆی شێخ حەسەن كاندیدی ژمارە (3)ـی بازنەی سلێمانی، لە لیستی (٢٧٥)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان: كارنامەی لیستی 275ی پارتی هەموو خاڵ و بەندەكانی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە

138

خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- ئاسۆی شێخ حەسەن كاندیدی ژمارە (٣) لەسەر لیستی (٢٧٥) لە بازنەی سلێمانی، یەكێك لەو كادیرانەی كەساڵانێكە لە بواری وەرزش خزمەت بەوەرزشوانان دەكات، لەم دیدارە دەربارەی كارنامەی لیستی 275پارتی دیموكراتی كوردستان قسە بۆ ڕۆژنامەی خەبات دەكات: دەربارەی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)، كە دروشمی لیستی 275 پارتی دیموكارتی كوردستانە ئاسۆی شێخ حەسن كاندیدی ژمارە(3)ـی بازنەی سلێمانی گوتی: مەبەستمان لە هاوبەشی، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە باوەڕمان بە مافی مرۆڤ و دادپەروەری هەیە، هەر بۆیە لە سەرەتای شۆڕشەوە باوەڕمان بەوە هەبووە كە هەموو تاكێك یەكسانە لە ماف و ئەركدا چ بۆ خەباتی سیاسی و سەربازی یان بەشداری لە ئیدارە و سیستەمی سیاسی بە هەموو جیاوازی فیكرییەكانمانەوە، دەربارەی هاوسەنگی، باوەڕی تەواومان بە مافی مرۆڤ و ئازادی تاك هەیە، هەر بۆیە هەمیشە كارمان لەسەر پڕەنسیپی دیموكراتی كردووە و هەموو لایەكمان قبوڵە بە جیاوازی فیكری و بە هەموو چین و توێژەكانەوە، لەبارەی سازانەوە، ئەو وشەیە یان ئەو بنەمایە كە هەمیشە دووربین لە توندوتیژی و باوەڕی ڕەهامان بە دیالۆگ و گفتوگۆ هەیە و ئامادەی چارەسەری مامناوەندین.

كاندیدی ژمارە 3ـی بازنەی سلێمانی لە لیستی 275ـی پارتی دەربارەی دابینكردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەڕێی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت: لای هەموو لایەك و هاووڵاتیانی كوردستان ئاشكرا و ڕوونە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕێی نوێنەرەكانی پێشەنگن لە داكۆكی كردن لەمافە كانی خەڵكی كوردستان، بێگومان ئێمەش خەباتمان بۆ چارەسەری كۆی كێشە دەستووریی و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە ناوچە جێ ناكۆكەكان و دابینكردنی موچە و مافی گەلەكەمان دەبێت، كاردەكەین بۆ ئەوەی گەلی كورد و كوردستان بە تەواوی یەكسان بێت لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی دیكەی ئێراق.

ئاسۆی شێخ حەسەن گوتی: پارتی ئامانجی خزمەتی هاووڵاتیانە، ئەگەر كارنامەی لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردسان بخوێنیتەوە كە هەموو خاڵ و بەندەكانی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانە و كاندیدانی پارتی ئەوانەی دەچنە ئەنجوومەنی نوێنەران ئامانجیان خزمەتی هاووڵاتیانە بێ جیاوازی، من وەك خۆم ئەوەی زۆر گرنگی پێ دەدەم سێكتەرەكانی پەروەردە و یاسایە بۆ بنیاتنانی باشترین كۆمەڵگای شارستانی، یاساش بۆ پیادەكردنی یەكسانی كۆمەڵایەتییە، بۆیە بە هەموو تواناوە كاریان بۆ دەكەم.

ئاسۆی شێخ حەسەن كاندیدی ژمارە 3ی لیستی 275ـی پارتی لە بازنەی سلێمانی یەكێكە لە وەزشوانە دێرینەكانی كوردستان، دەربارەی وەرزش و وەرزشوانان دەڵێت: بواری وەرزش لە هەرە بوارە گەورە و جەماوەرییەكانە لەجیهاندا، زۆر بایەخی پێ دەدرێت، بەداخەوە لای خۆمان زۆر لاوازە، خۆم وەرزشوانم و كۆی گرنگیدانم بە وەرزش و وەرزشوان دەبێت، ناكرێت باسی ڕۆڵی كاریگەر و بەرچاوی پارتی دیموكراتی كوردستان نەكەم لە بایەخدان بە وەرزش، بەڕاستی ئەوەی لە كوردستان بۆ وەرزش و وەرزشوانان كراوە، پارتی دیموكارتی كوردستان كردوویەتی، بۆیە من دەمەوێت لە بەغداوە كار بۆ خزمەتی زیاتری بواری وەرزش بكەم.