بەڵگە سیاسییە سەلمێنەرەكان

324

فازڵ میرانی
ئەوانەی ماف و یاسایان خوێندووە و ڕەنگە کەسانی دیکەش هەبن كە ئاگاداربن و بزانن بەرزەفتی یاسایی بۆ سەلماندنی ڕووداوەكان، بەگوێرەی ئەوەی لە یاسادا دیاریكراوە و لەنێویشیاندا یاسای عێراقی، لە زنجیرەیەك ڕێسای تایبەت پێكدێت كە ئەویش بەپێی هێزی سەلماندنیان، كۆمەڵێك بەڵگە لەخۆدەگرن، بەڵگەی نووسراو، چ فەرمی بێت، چ ئاسایی، هەر هەرچییەکیشی بەپێی یاسا لێ وەرگیرابێت، بەڵگەیەکی ڕەتنەکراوەیە، مەگەر بە بەڵگەیەکی نووسراوی فەرمی یان نافەرمی و هاوشێوەی خۆی، یان تانەلێدان، یان ئەوەی لایەنی بەرانبەر لەبەردەم دادگه‌كەدا دانی پێدا بنێت، ئەم خواستنەوەیە لە یاسای کاریپێکراودا، سوودی هەیە و هاوکات پێوەرێکیشە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان، چ لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا بێت یان لە نێوان ئەوان و جەماوەردا، چونکە هەر کەسێک بەرزەفتە یاساییەکان پێشێل بکات، جا بە ئەنقەست بێت یان لە نەزانی، وا دادەنرێت کە دەبێت لەسەر ئەم كردەوەیەی ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە.

سیاسەت بەشێکە لە ژیانی گشتی، تیایدا داواكار و داوالێكراو، سکاڵاکار و سكاڵالێكراو، تاوانبار و تاوانلێكراو. شایەدیدانیش بەپێی کردەوەکەیە، هەندێکجار ناچارییە و هەندێکجاریش سەرپشككراوە، بەپێی پێگەی شایەدییەكە لە تاوانەکەدا جۆر و پلەكانی دەستنیشان دەكرێت، نموونەیەکی لەوە خراپتر یان بەربڵاوتر لەم كردارەم نەدۆزیوەتەوە کە بە ژاوەژاو تەنرابێت و لە نێوان نەزانی و شاردنەوەیەكی بێسوود بلەرێتەوە، تەنانەت زیانە ئاشكراكانیشی، لە ئەنجامی كەمزانی یان نەزانی بکەرەکانە و بگرە زۆرێک لە قوربانییەکانیش، کە خۆیان قوربانیی سیاسەتە توندەكانن، ئەو سیاسەتەی حوكمی ژمارەیەكی زۆر و زۆرینەی نەوەکانی كردووە، بەم شێوەیەش پێکەوەژیان لەگەڵ «نەخۆشیی ئەداكردن» بووەتە شتێکی ناچاری.

كاروباری دەوڵەت، بەڵگەنامە پشتگیرییان دەكات، ئەوەیش وای لێدەکات پێداچوونەوە بە حیساباتەکانیدا بکات (بێگومان لەلایەن كەسانی شارەزا و عاقڵمەندی بە ئەزموون و متمانەپێکراو) لەگەڵ بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان هاوتا دەکرێن، بۆیە هیچ بڕیارێکی سەرەتایی ڕەها نییە کە داوا بکات بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی دەوڵەت سەبارەت بە دەستکەوتەکانی ڕاست و دروست بن، یان بە پێچەوانەوە، بەڵكوو حوكمی کۆتایی و یەكلاكەرەوە، دوای زنجیرەیەک بڕیار لەسەر بنەمای واقیعی و تایبەت بە کەیسەكە دەردەچێت. پرسەكانی ئابووری و نەختینە و سەرچاوەكانی داهات و خەرجییەکان، پێویست ناكات بە لێدوانی ڕەتكردنەوە و تۆمەتباركراو قبووڵ بکرێن، مەگەر دوو پرس یان زیاتر یەکبخرێن.

هەمان شت لەگەڵ هەموو پرسەكان و ئەرک و دەسەڵاتەکاندا دووبارە دەبێتەوە کە هەندێکیان ناوخۆیین، بەڵام بەدڵنیایییەوە ئەوانیش دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و چاودێری بکرێن، كەواتە بەرپرسیارێتیی گشتی ناتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ مافێکی کەسی کە خاوەن ماف (بەرپرسیارەكە) بە ئارەزووی خۆی مامەڵە بە خەڵک و موڵک و ماڵییان بكات، وەک ئەوەی (موڵكی دەوڵەت) موڵکی تایبەتی خۆی بێت، هەروەک چۆن خاوەن موڵکێک مامەڵە بە موڵكەكانی خۆی دەكات، تەنانەت مامەڵەی یاساییش وەک نموونەكەی دووەم، لە هەندێك حاڵەتدا بەربەست و ڕێكاری لەبەردەمدا هەیە.

ئەگەر هەڵچوون باڵ بەسەر ململانێكاندا بكێشێت، یان چەقبەستووییەكی یاریپێكراو بڵاوببێتەوە و دۆخی خزمەتگوزاریی خراپ بێت، خۆبەهێزکردن لەسەر حسابی شکستە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان سەرهەڵدەدات و جێگیر دەبێت کە وا دەكات دابەشکردنی داهاتەكان بۆ خزمەتی گشتی یان بەدەستهێنانی دەستکەوتی پێشکەوتوو نەبێت، تا قەرەبووی زیانەکان بكاتەوە، ئەوەیان بارودۆخێکی خراپە و سەرچاوەی تۆمەتبارکردنەیە کە تەنانەت بێتاوانەکانیش لێیەوە ڕزگاریان نابێت، ئەمەش یەکێکە لە هۆکار و دەرئەنجامەکانی قبووڵنەکردنی هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوبەشیی واقیعی لە بڕیارداندا، بەپێی لۆژیكی ڕێڕەوەكە، زۆر لۆژیکییە کە ئێمەش ڕووبەڕووی تۆمەتەکە ببینەوە، چونكە هۆشیارییە گشتییەكە ئەوەندە باش ئاگاداری بەڵگەنامەکان نییە، بەڵام بێبەشیش نییە لە بینینی شوێنەوارەكانی خراپەکاری بە ئەنقەست لە ژیانی خۆی و دەوروبەرەكەیدا، ئەگەرچی وەک پێشتر ئاماژەم پێکردووە، ناچاریشە ئەو کارە بکات.

ئێمە كە دەنووسین و دەزانین، هەردووكیان بە پلاندانان بۆ بەرژەوەندیی عێراق دەبەستینەوە، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاریی پێشوەختە و بەردەوامی ئێمە لە دۆخی وڵاتەکە و گەلەکەی، هەروەها زانینمانە بەوەی خەڵک لە کوێدایە و چۆن لە مافەکانیان بێبەش کراون، ئێمە وەک زۆر کەسی دیکەی هاوشێوەی خۆمان، درک بەوە دەکەین کە کەسانێک هەن فێڵیان لە هەموو ئەو یاسایانە کردووە کە ڕێگرییان لێ دەکات لەوەی بگەنە ئەو شتەی مافی خۆیان نییە، ئەوانەی کە دەیانەوێت دەوڵەت لە ڕێگەی کاری سوودبەخشەوە بگەشێتەوە، دۆسیە و بەڵگەنامەی وەها دەخەنەڕوو کە ناتوانرێت ڕاستییەکەی بە بەڵگەکانی دیکەی نەیارەكانی چەواشە بکرێت، تەنانەت ئەگەر ساختەش بێت، چونكە هیچ دانپێدانانێکی درۆ و لێپرسینەوە و بەڵگە و سوێندخواردنێک لە بەرانبەر ڕوونکردنەوە و کارە سەرکەوتووەکاندا سوودی نابێت.

پرسە زیندووەكانی وڵاتەکەمان زۆرن و ئێمەش تەنیا نین لەسەر ئەم هەسارەیە، خاوەنی ئەو هێزەش نین کە توانای ڕاگرتنی ئەو ڕاستییانەمان هەبێت، کە لە نزیکەوە و لەلایەن وڵاتان و دەستە و ڕێکخراوەکانەوە چاودێری دەکرێن، مەترسیدارتریش لە هەموو ئەمانە، کشاندنەوەی بەرپرسیارێتییە لە ماوەی دەسەڵاتی خۆی و دوای جێهێشتنی دەسەڵاتەكەش، كە تەنیا بە وەڵامدانەوەی زارەكی بۆ ئەو کارەساتانەی بە ئەنقەست بەرانبەر گەلەکەمان ئەنجام دراوە، جێدەهێڵدرێت.

دوو دەیەی سەردەمەكە، یان زیاتر لە بیست ساڵ لە دەسەڵاتدا، ماوەیەکی کورت نییە، نە لە ڕووی توانای دابینکردنی شتێکی بەسوود و نە لە ڕووی ئەنجامدان و دووبارەکردنەوە و قووڵکردنەوەی هەڵەكان، بەڵكوو بەڵگەی ناوخۆیی و دەرەکی زۆر هەن كە پاڵ بە دامەزراندنی ئەزموونێکی حوکمڕانییەوە دەنێن، نە لەگەڵ ڕۆحی دەستوور و تایبەتمەندییەکانی دەگونجێت، نە لەگەڵ نیەتی چاکسازی كۆمەڵگە.

ئێمە لە هیچ هەوڵێکدا بانگەشەی کامڵبوون ناکەین، بەڵکوو هەوڵ دەدەین بۆ کامڵبوون، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕێبازەکەمان بەهۆی کاریگەریی بەربەستەكان تێکناچێت و بێئومێد نابێت، بە تایبەت کە ئێمە وەک تیم و نەتەوەیەک بە پیلانی بەرنامەڕێژكراو هەڕەشە لە هەبوونمان كراوە و خوێنمانلەبەر ڕۆیشتووە، خۆ ئەگەر بە هۆكاری جوگرافی و نەتەوەیی شەڕمان لەگەڵ كرابێت، بەئامانجگرتنی ئێمە توندتر بووە، تەنانەت ئەگەر هەندێک جار وەک هێرشێکی نەرمیش دەرکەوتبێت، هەروەک چۆن دەستکاریکردنی ڕێسا و یاساییەکان پەرەی سەندووە، بەداخەوە شێوازی پەلاماردانەكانیش پەرەی سەندووە و بەڵگە و دیكیۆمێنتەكانمان لەناو دەبەن.

لە كۆتاییدا دەرئەنجامەکە زیانێکی مسۆگەر دەبێت، نزیک بێت یان دوور، بۆ هەر تاکێک یان گرووپێک کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکات و پابەند نەبێت بەو یاسایەی کە لەپێناو خۆیدا دامەزراندووە، ڕەتیدەکاتەوە دان بە بەرپرسیارێتی خۆیدا بنێت لە بەرانبەر کردارەکانیدا و پشت لەو بەڵگانە دەکات کە تاوانباربوونی خۆی بۆ شكەستێكی بەرچاو دەسەلمێنێت، زیانەکان لە ڕاستیدا تاوانن و بەڵگەی واشیان لەسەرە کە تانەیان لێ نادرێت.

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن