دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بە پڕۆژە و سەرڕاستی

132

چیا هەركی
لە سیستەمی دیموکراسیدا، سەرکەوتنی هەر حیزبێک لە هەڵبژاردنەکاندا پەیوەندیی بە هەراوهۆریای جەماوەر و هاتوهاواری میدیاییەوە نییە، بەڵکوو بە پلەی یەکەم، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کارنامە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی، بە ڕاستگۆیی لە بەڵێندان و سەرڕاستی ئەو حیزبە لەگەڵ کۆمەڵگاکەی هەیە، لەناو کۆمەڵگا پێشکەوتوو و هۆشیارەکاندا، حیزبێک کە خاوەن ئەزموونی سەرکەوتووی حوکمڕانی و کارنامەی خزمەتگوزاریی بێت و لە سەرجەم کایە و کەرتەکاندا نموونەیەکی جوانی پێشکەش کردبێت و بۆ داهاتووش هەگبەی پڕ بێت لە پڕۆژەی دەوڵەمەندتر، هەمیشە خەڵک متمانەی پێ داوەتەوە.

دەنگدەران کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هۆشیارن و بە وردی چاودێریی ئەو حیزبانە دەکەن کە بانگەشەی دەنگیان بۆ دەکەن، بە چاوی خۆیان دەبینن کام حیزبەی کوردستانە، کە تەنیا کار بۆ دەستکەوتنی کورسی نەکردووە و ناکات، بەڵکوو بەردەوام لە پاڵ خەڵکدایە و هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان دەدات و هەرچی لە دەستی هاتبێت و بێت، بۆ خۆشگوزەرانی و دڵنیایی و داهاتوویەکی پڕشنگدارتر بۆ کۆمەڵگاکەی، کردوویەتی و دەیکات.

ئەم هاوکێشەیە لە پەیوەست بە ڕاستگۆیی و پابەندبوون بە بەڵێنەکانیش ڕاستە، کە بنەمای سەرەکیی متمانەی کۆمەڵگایە، بەو واتایەی حیزبێک کە بەڵێن دەدات و پاشان جێبەجێی ناکات، متمانەی دەنگدەرانی لەدەست دەدات. بەپێچەوانەوە، ئەو حیزبەی کە وتە و کردەوەکەی یەک بێت و بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، پشتیوانییەکی بەردەوام و درێژخایەن بەدەست دەهێنێت.

لەم نێوەدا پارتیمان کە خاوەنی هەگبەیەکی تژی لە دەسکەوت و شانازییە لە بواری خزمەتکردنی گەلی کوردستاندا، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا و بە کردەنی، زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتەکانی (پەروەردە، تەندروستی، ڕێگاوبان، کارەبا، ئاو، بەست و بەنداو، ژێرخان و…) جێبەجێ کردووە کە هەر هەموویان بە قازانجی چاکە و بەرژەوەندیی گشتی تەواو بوون و بۆ داهاتووش بەرنامەی زیاتر و پڕۆژەی گرنگتری لە هەگبە دایە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پارتیمان لەگەڵ بەڵێنەکانی ڕاستگۆ و لەگەڵ گەلی کوردستان، سەرڕاست بووە، ڕاستە خزمەتگوزاریی بەردەوام لە نێوان دوو هەڵبژاردندا بۆ حیزب زۆر گرنگە، بەڵام پارتی تەنیا حیزبی بەڵێنی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکوو حیزبی پڕۆژە و کار و کردەوەیە.

حیزبێکە بەردەوام لەگەڵ گەلەکەی دایە، گوێ لە کێشەکانیان دەگرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات. بۆیە ئەم نزیکی و ئامادەبوونە، ئەم پەرۆشی و خەمخۆرییە، ئەم ڕاستگۆیی و سەرڕاستییەی پارتی، هەستی خاوەنداریەتی و بەشداریی کۆمەڵگا بەهێز دەکات و بەمەش گەلی کوردستان و بەتایبەتی دەنگدەران، بۆ ئەوەی لە داهاتووی خۆیان دڵنیا بن، بۆ ئەوەی لە ئارامی و ئاسایشدا بژین، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاوەدانی و بووژانەوەی هەرێمی ژوردستان بەردەوام بێت، دەبێ بە دەنگەکانیان متمانە بە پارتی بدەنەوە، سەرکەوتنی هەر حیزبێک لە هەڵبژاردندا، تابلۆیەکە لە کارکردی ڕابردوو و باوەڕی خەڵک بە داهاتوویان. حیزبێک کە خزمەتگوزاری بکات، ڕاستگۆ بێت و پابەند بە بەڵێنەکانی بێت، بێگومان شایستەی دەنگی دەنگدەران دەبێت و سەرکەوتنی بەدەست دەهێنێت، بۆ ئەمەش پارتی نموونە و سەرمەشقە.

*جێگری به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی رێكخستنی پارێزگای هه‌ولێر