سهرهتا كوردستانی شاهۆ نەجم کەرکووکی كاندیدی ژمارە (2)ی بازنەی كەركووك، لە لیستی 275ـی پارتی...
خەبات: هاوار مورتكەیی:- شاهۆ نەجم عەبدوڵڵا کەرکوکی كاندیدی ژمارە 2ـی بازنەی كەركوك، لە لیستی 275ی پارتی، لە ساڵی 1983 لەدایکبووە، کوڕی فەرماندە نەجم کەرکووکییە، کە پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بووە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە و شارەزایی لە کاری سیاسی و كارگێری هەیە، ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی و حزبی هەیە و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر گەورە بووە کە خاوەنی قوربانی زۆرن.
سەرەتا شاهۆ نەجم لەبارەی ئەو كێشانەی تا ئێستا لە كەركووك چارەسەر نەكراوە گوتی: ئێمە وەکو کورد لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و هەروەها وەکو خەڵکی ڕەسەنی کەرکووکیش، چەندین کێشەمان هەیە کە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراون، لەسەرووی هەمووشیانەوە، دۆزی نەتەوەیی لە کەرکوک، کە تا ئێستا شارەکە لەژێر هەڕەشەی سیاسەتی تەعریبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیدایە و تەنیا لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، شەش گەڕەکی عەرەبی دروستبووە و لەلایەن ئیدارەی سەپێندراوی پێشتری شارەکە کارتی زانیاری و مافی نیشتەجێبوونیان پێ دراوە، دوو گرفتی دیکەی ئێمەی کەرکووکی کە پێویستە کاری لەسەر بکەین، بەشداریکردنی کورد لە مەلەفی ئەمنی و ئیدارەدانی پارێزگای کەرکووک بەشێوەیەکی هاوسەنگ، بەتایبەتی کە کورد، زۆرینەی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت، بەڵام کەمترین ڕێژەی هەیە لە پۆستە ئیداری و ئەمنییەکانی کەرکووک، بە هەمان شێوە، لە دامەزراندنیش، هەروەها کار دەکەین بۆ گواستنەوەی ئەزموونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کەرکوک و شارەکانی دیكەی عێراق بۆ ئەوەی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان لە هەموو سێکتەرە گرنگەکان، ببەینە ئاستێکی باڵا.
دواتر ئەو كاندیدە لەبارەی دروشمەكانی پارتی گوتی: پارتی بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، گەورەترین و بەهێزترین حزبی سیاسی بووە لە عێراق و ناوچەکە، وەکو چۆن یەکەمی هەرێمی کوردستانە و هیچ ڕکابەرێکی نییە، ئاواش پێویستە بە بەهێزییەوە لە بەغدا، نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بێت، ئەمەش تەنیا بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و پاراستنی هاوسەنگی هێز دەبێت، لەگەڵ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن بە سازان لە پرسە گشتی و نیشتمانییەکان.
لە كۆتاییدا شاهۆ نەجم كاندیدی ژمارە 2ی لیستی پارتی، لە بازنەی كەركووك گوتی: نەک هەر بەپێی دەستووری عێراق، بەڵکوو بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤیش، یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی هەر تاکێکی کۆمەڵگە مافی هەیە بە زمامی دایکی خۆی قسە بکات و بخوێنێت و مامەڵە بکات، بەتایبەتیش کاتێک لە کەرکووک خوێندنی کوردی هەیە و ساڵانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، قۆناغی ئامادەیی تەواو دەکەن و دەچنە زانکۆ، ڕووبەڕووی زەحمەتی زۆر دەبنەوە بەهۆی نەتوانینیان بۆ وەڵامدانە لە تاقیکردنەوەکان ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنیان لە خوێندن و بەشێکیانیش زانکۆیان جێهێشتووە، کێشەی زمان و زەوی وزار و هەموو ئەو کێشانەی دیکە بە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە و بەهێز لە بەغدا چارەسەر دەکرێت و دەبێت پەرلەمان بکرێتە مەیدانی ڕووبەڕوونەوەی هەموو ئەو هزرە شۆڤینی و دیکتاتۆرییانەی دەیانەوێت عێراق بگەڕێننەوە بۆ ڕۆژە ڕەشەکانی ڕابردووی بە دژایەتیکردنی کورد و کە ئەمەش بۆ هیچ هێز و کەسێک ناچێتە سەر، بۆیەش ئێمە هەمیشە جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی تاوەکوو پارتی بەهێز بێت، کورد بەهێز دەبێت.